سلڤستەر ستالۆن بە دەستدرێژی تۆمەتبار دەكرێت

سلڤستەر ستالۆن بە دەستدرێژی تۆمەتبار دەكرێت
داواكاری گشتی لۆس ئەنجلوس رایگەیاند كەوا تیمی تایبەت بە تاوانە سێكسییەكان لە دادگای لۆس ئەنجلوس چاوەڕێی بەرز كردنەوەی داوایەكە دژی ئەستێرەی ناسراوی هۆڵیۆد سیلڤستەر ستالۆن دەكەن دوای ئەوەی داوایەكی دژی بەرز كرایەوە.
گریگ ریسلینج وتەبێژ بەناوی نووسینگەی داواكاری گشتی لۆس ئەنجلوس وردەكاری زیاتری دەربارەی كەیسەكە رانەگەیاند، بەڵام ئاماژەی بەوە كرد كە پۆلیسی شاری سانتا مۆنیكا لە ویلایەتی كالیفۆرنیا داوایەكی لەو بارەوە دژی ستالۆن پێشكەش بە داواكاری گشتی كردوو.
لەلایەن خۆیەوە ستالۆن كە بە پاڵەوانی زنجیرە فیلمەكانی(رامبۆ و رۆكی) ناسراوە وەڵامی تەلەفۆنی رۆژنامەنووسانی نەدایەوە دەربارەی ئەم كەیسە، بەڵام لە مانگی دیسێمبەری رابردوو پارێزەرەكەی رایگەیاند كە ئافرەتێك سكاڵایەكی پێشكەش بە پۆلیس كردووە و بەوە تۆمەتباری دەكات كە بەر 27 ساڵ ستالۆن دەستدرێژیی سێكسی كردۆتە سەری و لەو كاتەوە پۆلیسی سانتا مۆنیكا دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە لەو سكاڵایەی كە ستالۆن رەفتاری سێكسی نەشیاو تۆمەتبار دەكات لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، بەڵام زەحمەتە رووبەڕووی سزا ببێتەوە، چونكە یاساكانی ویلایەتی كالیفۆرنیا سەبارەت بە تاوانەكانی دەستدرێژیی سێكسی زۆر ئاڵۆزن و تەنیا سزای ئەو كەسانە دەدات كە لە ماوەی دە ساڵ لە ئەنجامدانی تاوانەكە لەلایەن دادگاوە تۆمەتەكەی بەسەردا ساغ بێتەوە و ئەم كەیسەش بەر لە 27 ساڵ روویداوە وەك ئافرەتەكە باسی دەكات.
ساڵی رابردوو دەیان كەیسی دەستدرێژیی سێكسی دژی دەرهێنەر و بەرهەمهینەر و ئەستێرەكانی هۆڵیۆد بەرز كرانەوە ئەمەش وایكرد كە ژمارەیەكی زۆریان ئەو كارانەی جێبهێڵن كە كاریان تێدا دەكرد.
Top