خەدیجە عەلوش: هەندێکجار جورئەت لە سینەمادا پێویستە
* زۆر جار رەخنە لە کچە ئەکتەرە مەغریبییەکان دەگیرێت کە پشت بە ورووژاندن دەبەستن بۆ سەرکەوتن نەک بە توانا ھونەرییەکانی خۆیان، ئایا ئەمە تا چەند راستە و چۆن وەڵامیان دەدەیەوە؟
- پێش ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم کە زۆر جار جورئەت لە کاری سینەماییدا پێویستە بۆ ئەوەی پەیامەکەت بە تەواوی وەکو خۆی بگەیەنی بە جەماوەر، بەڵام ناکرێ مەبەست لە جورئەت خۆڕووتکردنەوە و ورووژاندن بێت، سەبارەت بە تۆمەتبار کردنی مەغریبییەکان بە ورووژاندن حەز دەکەم ئەوە روون بکەمەوە کە تەنیا لە سینەمای مەغریبیدا ئەمە نییە، ئەگەر سەیری وڵاتانی عەرەبی بکەین زۆر لە مەغریبی جورئەتی زیاترە، ھەروەھا لە ھەموو جیهاندا کچە ئەکتەرەکان ئیستغلال دەکرێن لە لایەن دەرھێنەر و بەرهەمهێنەرەکان بە ھەموو شێوەیەک.
* ئەی بۆچی ئێوەی مەغریبی بەوە تۆمەتبار دەکرێن؟
- دەتوانم بڵێم سەرکەوتن و کۆڵنەدانی ھونەرمەندانی مەغریبی یەکێکە لەو ھۆکارانەی کە وایانکردووە لە زۆر لاوە و بە زۆر شێوە ئەو جۆرە ھێرشانە بکرێنە سەر مەغریبیەکان، ئەمەش تەنیا لە بواری ھونەریدا نییە، بەڵکو راگەیاندکارانی مەغریبیش دەگرێتەوە، بەڵام سوپاس بۆ خوا ھونەرمەندە مەغریبییەکان سەرەتا لە وڵاتی خۆیان دەردەکەون و سەرکەوتن بە دەست دەھێنن و لە کۆتاییدا ئەم سەرکەوتنەیان سنووری مەغریب دەبەزێنێت، نەک تەنیا بۆ وڵاتانی عەرەبی، بەڵکو لە سەرتاسەری جیهان و شوێنی خۆیان کردۆتەوە و خاوەن جەماوەرێکی زۆرن، ئەمەش مایەی شانازییە بۆ ئێمە و ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ھونەرمەندەکانمان لە ھەر شوێنێک بن، دەتوانن خۆیان بگونجێنن و نموونەیەکی باشی سەرکەوتن پێشکەش بکەن و ھەمووشیان پشت بە خۆیان دەبەستن، چونکە بە سەدان ھونەرمەندی زۆر سەرکەوتوومان ھەیە لە مەغریب کە لە ئاستێکی بەرزدان و پشتیان بە دەرەوە نەبەستۆتەوە و زۆربەی ھەرە زۆری کارەکانیان لە چوارچێوەی مەغریب ئەنجام دەدەن کەچی ناوبانگیانی سنووری وڵاتەکەیان بەزاندووە.
* ئەگەر رۆڵێکت پێشکەش کرا کە جورئەتێکی ھونەری تێدا بێت، سنوور نەبەزێنێت و پێویست بێت، ئایا پێی رازی دەبی؟
- ھەندێک ھێڵی سوور ھەیە ناتوانم بیانبەزێنم، تەنانەت ئەگەر رۆڵەکە سەرەکی بێت و جورئەتەکەش مەبەست و ئامانجێکی ھونەری دیاریکراوی ھەبێت بۆ پاراستنی ناوبانگی خانەوادەکەم، دەمەوێ ھەمیشە ناوبانگێکی باش و وێنەیەکی جوانم ھەبێت لە کۆمەڵگەدا، من نامەوێ بۆ سەرکەوتنی کاری دەرھێنەرێک، یان بیرۆکەکەی پشت بە جورئەتی ھونەرمەند ببەستێت، بەڵام من درک بەوەش دەکەم کە زۆر جار جورئەت پێویستە و مەرجیش نییە تەنیا بە جەستە بێت. ھەڵبەتە من ئەکتەری و نواندنم خۆشدەوێت، بەڵام زیاتر ھونەرێکی پاک و بێ ورووژاندنم خۆشتر دەوێ، شەیدای ھونەری سینەمام، بەڵام ھەوڵ دەدەم دوور بکەومەوە لە رۆڵی ورووژێنەر، لەبەر ئەوەی نامەوێت ھێڵی سوور ببەزێنم، ئەو ھێڵەی بۆ من دیاریکراوە، ناتوانم لێی دەربچم، چەندین داواکاری رۆڵی ورووژێنەرم لە چەند وڵاتێکی عەرەبی پێگەیشتووە، بەڵام من دەمەوێت سەرەتایەکی جوان و پاکم لە نێو سینەما ھەبێت.
* خەونەکانت لە بواری نواندندا چین؟
- خەونی من ئەوەیە لە کاری نواندندا سەرکەوتنێکی مەزن تۆمار بکەم، ھەروەھا دەمەوێت لە رێگەی کارە جوانەکانمەوە ناوبانگێکی جیهانی بۆ خۆم مسۆگەر بکەم، لەگەڵ ئەوەشدا بەھرە و تواناکانم ببێتە ھۆی سەرکەوتنم لە ژیان و کاری ھونەریمدا.
* خەونەکانت ھەر لە چوارچێوەی مەغریبدا دەبن؟
-نەخێر، چونکە من چاوم لە ناوبانگ و سەرکەوتنە لە بواری ھونەری، دەمەوێت لە رۆشنبیری و ھونەری نەتەوەکانی دیکەش تێبگەم و کار بکەم، بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپی، بۆیە ئەگەر ھەلی ئەوەم بۆ ھەڵبکەوێت، بە ھەر زمانێک بێت، حەزدەکەم کار بکەم، زۆر خۆشحاڵ و تامەزرۆی کارکردنم لە بواری ھونەری.
* ئەو بابەتانە چین کە دەتەوێ لە کارەکانتدا بیانخەیتەڕوو؟
- حەز دەکەم ھەر بابەتێک من لە فیلمەکانمدا بیخەمەڕوو پەیوەندی بە تەواوی کۆمەڵگهوە ھەبێت، بەتایبەتی ئافرەت و منداڵان، حەز دەکەم فیلمەکانم جورئەتیان تێدا بێت، جورئەتێک لە سیناریۆ و بابەتەکەدا ھەبێت، بەڵام لە ھەمان کاتدا بابەتی بن و نەک تەنیا جورئەتێک بێت لە پێناو ورووژاندن و خۆنمایشکردن، حەز دەکەم ئەو بابەتانە بورووژێنم کە لە کۆمەڵگهدا زۆرن، بەڵام لە ھەمان کاتدا شاراوەن و کەس نەیخستوونەتە سەر شاشە بەوە شێوەیەی کە پێویستە بە مەبەستی وشیار کردنەوەی کۆمەڵگه .