ئیڤا لۆنگۆریا: كوڕەكەم فێر دەكەم چۆن رێز لە ئافرەت بگرێت
ماڵپەڕی (كونتاكت میوزیك)ی تایبەت بە هەواڵ كەسایەتییە ناسراوەكان لە زاری لۆنگۆریاوە رایگەیاند: مایەی خۆشحاڵییە كە شەپۆلێكی زۆر لە چالاكوانەكان بەڕێوەن كە لە داهاتوودا بەرگری لە بزووتنەوەكانی ئافرەتان دەكەن، ئەوان كە دێنە دنیاوە بەشێوەیەكی جیاوازتر لە ئێمە دەیبینن، بێگومان لە كۆمەڵگایەكدا دەژین كە جیاوازە لە كۆمەڵگاكانی ئێمە لە هەموو روویەكەوە.
لە بارەی كوڕەكەی خۆیشی وتی: من دڵنیام كە كۆرپەكەم كوڕ دەبێت ئەمەش خۆشحاڵی و هێزێكی زۆرم پێدەبەخشێت، چونكە هەست دەكەم جیهان پێویستی بە ژمارەیەكی زیاتر لە پیاوی باش هەیە بۆ ئەوەی رێز لە بەرامبەریان بگرن بەتایبەتی رێز لە ئافرەتان بگرن و هەوڵ بدەن یەكسانی بڵاوبكەنەوە، یەكەم كاری من ئەوەیە كوڕەكەم لەسەر ئەو پرەنسیپانە پەروەردە بكەم. لۆنگۆریا هەر لە بارەی كوڕەكەیەوە وتی: ئەم كوڕەم بە چەند ئافرەتێكی بەهێز و خوێندەوار و خاوەن دەسەڵات دەور دەدرێت، چونكە پێموایە پێویستە ئەو جۆرە ئافرەتانە ببینێت كە پێشەنگ و نموونەی سەركەوتن دەبن لە ژیانیدا بۆ ئەوەی بتوانێت بزانێت چۆن رێز لەو ئافرەتانە بگرێت.