جوان ئەحمەد بەدرخان:نەبەردی پێشمەرگە وایكردووە لە ئەوروپا خواست لەسەر جلوبەرگی كوردی زۆر بێت

جوان ئەحمەد بەدرخان:نەبەردی پێشمەرگە وایكردووە لە ئەوروپا خواست لەسەر جلوبەرگی كوردی زۆر بێت
لە ساڵی 1984، وەك بەشێكی زۆری كوردان روو لە هەندەران دەكەن و بە یەكجاری كوردستان جێدەهێڵن، وێستگەكەشیان وڵاتی نەرویج بوو. جوان ئەحمەد بەدرخان لەو كاتەوە بەهۆی دایكیەوە فێری كاری دایزینی جلوبەرگی كوردی دەبێت، بەمەش هاتە نێو دنیای پڕڕەنگی كاری دیزاین و مۆدێل، هەر ئەمەش وایكردووە هەردوو خوشكە بچووكەكانی چاو لە جوان بكەن و كاری دیزاین و نمایشی جلوبەرگ بكەن، لە دەرفەتێكدا بەم شێوە بۆمان هاتە ئاخافتن.

جوان ئەحمەد بەدرخان لە بارەی كاری دیزاینەری جلوبەرگی ئافرەتان دەڵێ:
لە ئەوروپا گرنگی زیاتر بە جلوبەرگ و كاری دیزاینكردن دەدەن، منیش هەوڵمدا ئەو بیرۆكەیەی لە خەیاڵمدایە، بەتایبەتی هێما و سیمبوڵی كوردی لە كارەكانم رەنگبداتەوە و هەوڵ دەدەم رەسەنایەتی جلی كوردی وەكو خۆی دەهێڵمەوە بەڵام گۆڕانكاری لە رەنگ و شێوازی دوورینەكەی دەكەم، دایك و داپیرمان چییان لەبەر كردووەو ئەو جلوبەرگە دروست بكەمەوە تاوەكو نەوەی نوێ ئاگاداری كولتوور و فەرهەنگی باوك و باپیرانیان بێت،لەبەر ئەوە ئێستا خەڵك زۆر روویان لە بەركردنی جل و بەرگی كوردی كردووە، بۆ كچێكی وەكو منیش هەرچەندە سەختی هەبێت، بەڵام ئەگەر بوێری و ئازایەتی هەبێت بەسەر هەموو كێشەكان زاڵ دەبیت.
جوان ئاماژە بەوە دەكات كە كوردانی تاراوگە جیاوازتر لە پێشوو روویان لە جلوبەرگی كوردی كردووە و دەڵێ: لە ساڵانی پێشوودا كوردان هێندە روویان لەجل وبەرگی كوردی نەدەكرد، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا گۆڕاوە بەتایبەتی دوای شەڕی داعش، چونكە دەركەوتنی كورد لە هەموو جیهان، كاریگەری گەورەی كردووەتەسەر كوردەكانی ئەوروپا، چونكە بەهۆی ئازایەتی و نەبەردی پێشمەرگەی كوردستان ناوی كورد لە هەموو جیهان ناسرا، ئەمەش خواستی لەسەر پۆشینی جلوبەرگی كوردی زیادكرد، ئێستا لە هەموو تەمەنەكان جلوبەرگی كوردی لەبەر دەكەن و گرنگی پێدەدەن.
سەبارەت بە ناسینی جلوبەرگی كوردی لەسەر ئاستی جیهان و ناساندنی وەك بڕاندێك، جوان دەڵێ:
هەرچەندە لێرەو لەوێ هەوڵی بچووك هەبوون بۆ ئەوەی جلوبەرگی كوردی لەسەر ئاستی جیهان بناسێنرێت، بەڵام ئێستا بەشێوەیەكی فەرمی كار لەسەر دروستكردنی بڕاندی كوردی نەكراوە و ئەو هەوڵانەی هەشبووە ئەنجامێكی باشیان بەدەست نەهێناوە. بۆیە دەبێت سەرەتا بڕاندە جیهانییەكان بە جلوبەرگی كوردی ئاشنا بكەین، هەموو جۆرە جلوبەرگەكانی كوردیان پێ بناسێنی، دواتر هەوڵی كۆكردنەوەی هاوكاری و یارمەتی لەو بڕاندانە بدەی بۆ ئەوەی ئەوانیش پاڵپشتت بن.
نەبوونی كچە مۆدێلی كورد وەك پێویست یەكێكە لەو گرفتانەی كە هەمیشە دیزاینەرەكان بەدەستییەوە دەناڵێنن جوان ئاماژە بەوە دەكات كە زۆربەی مۆدێلەكانی كچی ئەوروپیین، بەڵام شكل و شێوەیان زۆر بەكورد و رۆژهەڵاتی دەچێت و دەڵێ: چەند جارێك نمایشم پێكردوون كەس نەیزانیوە كورد نین، لەگەڵ ئەوەشدا چەند دانە مۆدێلی كوردیم هەیە، بۆیە من بە كچی ئەوروپی جلی كوردیم نمایش كردووەو خەڵك زۆر بەدڵیان بووە.
جوان یەكێكە لەو دیزاینەرانەی كە كاری لەسەر جلوبەرگی بیانیش كردووە و گرنگییان پێدەدات و لەم بارەوە دەڵێ:
جگە لە جلی كوردی من جلی مەغریبی و توونسی و جەزائیری وەكو گەلابییەو عەبای كەنداوی و چەندین شێوازی دیكەی عەرەبی و ئەوروپی دیزاین دەكەین، كە خواستێكی یەكجار زۆری لەسەرە، لەگەڵ ئەوەشدا كوردیش ئێستا ئەم جۆرە جلوبەرگانە لەبەردەكەن.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی كاری دیزاینەری جلوبەرگەوە وتی:
بە راستی هەڵبژاردنی كاری هونەری و دایزین، هەروا لە خۆڕا نەهاتووە، دایكم لە بنەماڵەی رەشۆڵە لە شاری سلێمانی، كە هونەرمەندێكی ناسراوی ئەو ناوچەیە بووە، بۆیە ئێمە لە بنەماڵەیەكی هونەری گەورە بووین و كاریگەری گەورەی لەسەر ئێمە هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا باوكم لە بنەماڵەی بەدرخانیەكانە و ئەوانیش پێشەنگ بوونە لە بواری هونەری و ئەدەب و زانستدا، ئەمەش كەم یان زۆر كاری كردووەتەسەر ئێمە، لەبەر ئەوە ئێمە لەماڵەوە بەكاری هونەری سەرقاڵین، هەردوو خوشكەكانم كاری دیزاین و فاشین دەكەن، دایكم زۆر دەستڕنگینە و هەمیشە هاوكار و یارمەتیدەری ئێمە بووە.
لە كۆتاییشدا ئاماژە بە دوایین پڕۆژەی خۆی دەكات و دەڵێ:
یەكێك لەو پڕۆژانەی كە ئێستا كاریان لەسەر دەكەم و پەنا بەخوا لەسەرەتای ساڵی نوێوە دەست پێدەكەین، بریتییە لەئامادەكردنی گۆڤارێكی تایبەت بە جلوبەرگی كوردی كە پڕۆژەیەكی نێودەوڵەتییە، كە بە شێوازێكی ئەكادیمی و پڕۆفیشناڵی باس لە شێوازەكانی جلوبەرگی كوردی دەكەین، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو جۆرە جلوبەرگی هەرچوارپارچەی كوردستان لەم گۆڤارە بڵاودەكەینەوە، هەروەها پڕۆژەیەكی دیكەشم كتێبەكە لەسەر كولتوورو فەرهەنگی كوردییە، كە بە زمانی ئینگلیزی بڵاوی دەكەمەوە، هاوكات پڕۆژەیەكی گرنگی دیكەم ئەوەیە كە لە كەمپی ئاوارەكانی كوردستان هاوكاری و یارمەتی ئەو ژنانە بدەم كە حەزیان لە دروومان و دیزاین و كاری كولتوورییە، لەوانەیە دەیان كچ لەم كەمپانە حەز و خولیای كاری دیزاین و دروومانی جلوبەرگ بێت، بەڵام كەس نییە هاوكارییان بكات.
Top