ئۆپیرا وینفری خانوویەكی گرانبەها دەكڕێت

ئۆپیرا وینفری خانوویەكی گرانبەها دەكڕێت
میدیاكاری ناسراوی جیهانی ئۆپیرا وینفری خانوویەكی گرانبەهای لە دوورگەی ئۆركاس لە واشنتونی پایتەختی ئەمریكا كڕی، ئەو دوورگەیەی كە یاریی پایسكلسواری تایبەت و رۆیشتن بۆ ماوەی زۆر و گۆڵف و چەند یارییەكی دیكە ناسراوە.
نرخی ئەم خانووە زیاتر لە 8 ملیۆن دۆلاری ئەمریكییە و پێكدێت لە سێ نهۆم، چوار ژوری خەوتن، سێ گەرماو، ساونایەكی تایبەت، ورەشەیەكی تایبەت، ژوورێكی چایخواردنەوە لەگەڵ ژوورێكی كاری پیشەیی و كوخێك لەژێر زەوی و چەندین هۆكاری دیكەی پێشكەوتوو لەو خانووەدا دەستەبەر كراوە، ژووری میوانداری خانووەكەش بە شێوەیەكی تایبەت دروستكراوە و دەڕوانێتە سەر كەنارێكی تایبەت و لە رووی ئاسایش و پاراستنیشەوە زۆر بە رێكوپێكی دروستكراوە. ئۆپیرای تەمەن 64 ساڵ لە سەرەتای ئەم مانگە گرێبەستی كڕینی خانووەكەی واژوو كردووە.
شایەنی باسە ئۆپیرا لە رۆژی 29/1/1954 لە دایكبووە و تەمەنی منداڵیی بە هەژاری و نەبوونی بەسەر بردووە، باوكی كاری سەرتاشینی دەكرد، جگە لەچەند كارێكی بازرگانی بچووك، بەڵام نەیدەتوانی بژێوی ژیانی پەیدا بكات، بۆیە دایكیشی لە پاڵ باوكی كاری دەكرد، بارودۆخی سەختی ژیان وای لە ئۆپێرا كرد لە دایك و باوكی جیا ببێتەوە و تا تەمەنی گەیشتە شەش ساڵی لە گەڕەكێكی هەژار نشین لەگەڵ داپیری دەژیا.
Top