هونەر و هەڵبژاردن!

هونەر و هەڵبژاردن!
شاخەوان مستەفا

دوابەدوای كۆتایی هاتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دووبارە ڕووبەڕووبوونەوەی حزبە كوردستانییەكان و بردنەوەی گرەوی سەركەوتن لەم هەڵبژاردنە، كە لایەنەكانی دیكە پێیان وا بوو، ئیتر پارتی پیر بووە و دەبێ چۆك بۆ لایەنەكانی دیكە دابنێ، یان تانەیان لە ئەدای حكومەت دەدا، بەهۆی قەیرانی دارایی و سەختیی ژیان و ئەم بارودۆخەی تێی كەوتبووین.
من هەمیشە وەك هونەرمەندێك ئومێدم بە حزبەكەم هەبووە كە دەتوانێ پەنجە لە شوێنی بریندار دابنێ و گرفتەكان بە ئاسانی چارەسەر بكات، چونكە قودرەتی پارتی ڕادەبەدەرە لە متمانە بەخۆ بوون بۆ دەربازبوون لەو گرفتانەی دێنە پێشەوە، هەروەك چۆن بینیمان لە میانەی خۆنیشاندانی مووچەخۆرانی كوردستان، كە بە ڕوونی دیار بوو چەند لایەنێك هەوڵیان دەدا بۆ هەڵقۆستنەوەی بارودۆخەكە و كاریان لەسەر ئەوە دەكرد، ئەمە دوا هەناسەی پارتی بێت لە حوكمڕانی، ئێمەش وەك چینی هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و ئەدیبان لامان ئاشكرا بوو، كە تاكە كەس بتوانێ بەرپەرچی ئەو هەموو پیلانە داخ لە دڵانە بداتەوە، تەنیا بەڕێز (نێچیرڤان بارزانی) یە كە دەتوانێ بە سیاسەتی حەكیمانەی خۆی، بە پاكێجێكی نوێوە بێتەوە نێو جەماوەر و موژدەی گەورە ڕابگەیەنێ، بەڵام موژدە بە مانای وشە نەك، تەنیا قسەی ڕووتی بێ كردار، ئەوە بوو بەر لە هەموو شتێك بە ڕێژەیەكی زۆر پاشەكەوتی مووچەی نەهێشت، جگە لە بڕیاری 30 ڕۆژ جارێكی مووچە، خەڵكی كوردستانیش لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا ئەوەیان دووپات كردەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت پێشەنگ بێت و هەر پێشەنگیش بمێنێتەوە، چونكە ئەو حزبە ڕەگێكی پتەوی لە دڵی خەڵكی كوردستاندا چەسپاندووە، مێژوو، خەبات و قوربانیدانی بێوچانی و نەخشەی سەربەخۆیی و تێكشكانی ئەبرامز تەنیا لە گەورەیی ئەودا دێت.
ئەوەی لێرەدا ئەركی پارتی قورستر دەكات ئەوەیە، كە دوای سەركەوتن لەو پڕۆسەیەدا و مانەوەی وەك حزبی یەكەم لە كوردستان، دەبێت ئیدی كاتی ئەوە هات هونەرمەندان ئاوڕێكی جددییان لێ بدرێتەوە، كە ساڵانێكە لە قەیراندا نەوەستان لە بەرهەم و كاری پڕ لە داهێنانی خۆیان، وێڕای ئەو هەموو ئاستەنگانەی كە ڕووبەرووی هونەرمەندان دەبوونە كەچی ئەوان سوور بوون لەسەر پشتیوانی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ساڵانێك بەهۆی قەیرانەوە كاری هونەری تەواو سستی پێوە دیار بوو، نەك تەنیا هونەر و فیلمیش، بەڵكو تەواوی جومگەكانی ژیانی گرتبۆوە.
لەگەڵ ئەو سەركەوتنە و گۆڕانی بارودۆخەكە لە قەیرانەوە بۆ ئاساییبوونەوەی بارودۆخەكە و، گەڕانەوەی هیوا بۆ خەڵكی كوردستان و تێگەیشتن لە بەغدا و گفتوگۆی چڕی نێوان حكوومەتی هەرێم و ناوەند بۆ پرسی بودجە و مووچەی كوردستان، حكومەتی كوردی لێرە بە دواوە دەبێت دەست بكاتەوە بە ئاوڕدانەوەیەكی جددی لە هونەر و هونەرمەندان، هەروەك چۆن لە ساڵانی بەر لە 2014 دا، حكومەت گرنگی بە هونەر و پڕۆژە هونەرییەكان دەدا، ئێستایش دەبێت پاكێجێكی نوێی بەدەستەوە بێ، بۆ گەڕانەوەی هونەر لە كوردستاندا كە ماوەیەی چەند ساڵێكە پڕۆژە هونەرییەكان بە سستی دەبینرێن. ڕاستە چەندین پڕۆژەی خۆبەخشانە پێشكەش كراون، تەنانەت چەند بەرهەمێكی سینەمایی و شانۆییش لەسەر گیرفانی بەتاڵی هونەرمەندان لەدایك بوون، بەڵام ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێ كە بارودۆخ بەرەو باشتر بڕوات، ئێمەیش هەمان ئاوازی پێشوو بهۆنینەوە، بەڵكو دەبێت ئەمجارەیان حكومەت بە ڕۆحیەتێكی نوێوە كار بۆ زیندووكردنەوەی بەرهەمە هونەرییەكان بكاتەوە، بەتایبەت لە سینەمادا كە موڵكی نەتەوەییە، تاكە ڕێگەشە بۆ گەیاندنی پەیامی میللەت.
ئێمەیش وەك فیلمساز، نازمان بەسەر ئەو نیشتمانەوە هەیە، كە دەبێت لێرە بەدواوە ئاوڕێكی جددی و خەمخۆرانە لە سینەمای كوردی بدرێتەوە و، جارێكیتر نەخشە بۆ سازكردنی فیستیڤاڵ و بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی و شانۆ دابڕێژینەوە، دڵنیاشم لەوەی كە پیاوی ڕۆژە سەختەكان دەتوانێت ئەم گەورەییە بۆ هونەر بگەڕێنێتەوە، چونكە باشتر لە هەمووان (نێچیرڤان بارزانی) دەزانێت سینەما ئاوێنەی وڵات و كەلتوورێكە و ڕێگەش نادات دڵی هونەر لە پایتەختی كوردستان لە لێدان بكەوێت.
هەر بۆیە ئێستا كە پێمان ناوەتە نێو قۆناغێكی نوێ و زاڵ بووین بەسەر قەیراندا، كە دروشمی بەڕێز (نێچیرڤان بارزانی) ئەوە بوو، كە دەبێ مەحاڵ لە ژیانی خۆماندا ڕەش بكەینەوە، ئەوە بوو بە كردار بینیمان كە چۆن توانی بە سەر وشەی مەحاڵ سەركەوێ و دووبارە هیوا بۆ هونەر و تەواوی بوارەكانی دیكە بگەڕێنێتەوە.
Top