نوقڵی جێژنانەت خاڵیم دەکاتەوە لە ووشە !.

نوقڵی جێژنانەت خاڵیم دەکاتەوە لە ووشە !.
ئا: هادی باڵەیی

ئەو جێژنە بە یادی هەمیشەیی لە تەک تۆ خۆم نوقمی ڕازو میهرت لە گەڵ ئاشق بوونت، یاد کردنەوەی جێژن وەک سەردەمی مناڵیمان پێنووسم کرایەوە.. دڵم لە تەک تو ژیانی بەدی کرد.. تۆیەک کائینێك لە بەختەوەری، خەون، باران، جوانترین و پڕ واتاترین وشەکانی ژیان!. بۆ ئەم جێژنە هیچێکم نیە ڕازی دڵمی پێ بسپێرم، جگە لەوەی وشەگەلێکی نەگوتراو و میزاجی مەعشوقێکی فەنا بوو لە عەشقت و حەزی پیاسەیەکی ئێوارانی پڕ لە گزنگ، لە کانیاوی ئەوینێک، لە نێو دڵمدا هەڵقوڵاوە و پێشکەشتی دەکەم.. دە تۆش بەردەوامبە ئەی ئەو ئافرەتەی کە هەڵبژاردنی ژیانمان لەگەڵ هەست و ڕاستی ئاوێتە کردووە، نیگاو نوقڵی جێژنانەت سەراو بنی کردووم و لە ڕەگەوە هەژاندومی! تۆ ئەی سێبەری هەتاوی خەونەکانم، وەرە و دەستم بگرە ساتێ لە میهرەبانیتدا فەنام بکە... با ئاوێتەت بم و ئاوێتەم بی، ئەی هەناسەم فریشتەییانە بۆنم بە، هەر وەک خەندە و لێو با لە بەختەوەریدا بتویینەوە.. بەردەوامبە بێ بیر کردنەوە، بزانە چ عەشقێک، چ میهرێک و چ ئاسودەییەکمان درووست کردووە.. تەنها "هەبە" ئەی ئەستێرەی پرشنگداری من، بیر مەکەرەوە لە داهاتووی باوەشی مندا چیت بە سەر دێ، دوو دڵی، گومان، تورەیی، بێزاری، ڕەش بینی هتد.. پێشبینی مەکە، لەگەڵ مندا بفڕە بەرەو جیهانی ئەوین ئازیزم لە گەڵ نوقڵی هەر جێژنانەیەکت لە هەگبەم دا چی شیعر و وشەم پێ بووە، لەگەڵ ڕۆح و هەناسەکانمدا پێتم بەخشیوە، دیاری جێژنانەی منیش "بەڵێن"ێکەو پێشکەشتی دەکەم: کە وەک دارێکی بێ پەل و پۆ، ڕووتەڵە، تا لە نێو باوەشی عەشقی ئەبەدی تۆدا گەڵا بگرمەوە و ڕۆژی هەر جێژن و بۆنەیەکی کوردەواریت لێ پیرۆز بکەم. هەتا چرپەی چاوە خەواڵوو، تامەزرۆ ڕێژەکانت ناسکتر ببیستم لە ناو ئەو چراخانەدا نیگا دڵگیرەکانم هێوەر بکەیتەوە -- بۆمن جێژنەو جێژنت پیرۆز، هیوای دڵە پڕ تاسەکەم، چیرۆکی من و تۆ لە ئەوسای دەسپێکی گەشتی پێکەوە بوونمان، گوڵی سوور و سپیان پۆشیووە، دڵم ئۆقیانووسێکی هەڵچوو و تۆش ڕووباری ئاواتمی و شەپۆلی ئەوینێکی خەستم بۆ دەنێری و منیش هەوێنی ژیلەمۆی بزە ئەفسوناویەکانت.
Top