ئەحلام حەجی: نامەوێ كارێك ئەنجام بدەم قەناعەتم پێی نەبێت

ئەحلام حەجی: نامەوێ كارێك ئەنجام بدەم قەناعەتم پێی نەبێت
لە سەردانێكی ئەم دواییەی خانمە راگەیاندكار و شاجوانی پێشووتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ شاری هەولێر، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد دەربارەی كاری مۆدێل و راگەیاندن و چەند پرسێكی تایبەت بە خۆی، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.

* بۆچی دەركەوتنت لە سنووری فاشیون تێپەڕ ناكات؟
- رەنگە لەبەر ئەوە بێت كە من زیاتر خۆم لەو جۆرە بەرنامانەدا دەبینمەوە كە گرنگی بە جلوبەرگ و جوانی دەدەن، هەروەها من خۆیشم عاشقی جلوبەرگی جوانم.
* هیچ پێوەرێكی جێگیرت هەیە لەو برنامانەی كە پێشكەشیان دەكەی؟
- بەر لە هەر شتێك هەوڵ نادەم بەرنامەیەك پێشكەش بكەم كە تێیدا سەركەوتوو نەبم، ئەمەش وام لێدەكات كە لە هەموو لایەكەوە لەو بەرنامەیە وردببمەوە، چونكە دەمەوێ بەرنامەیەك پێشكەش بكەم كە نوێ بێت بۆ بینەر و كاتێك بۆ یەكەم جار دەیبنێت هەست نەكات كە پێشتر ئەو بەرنامەیەی بینیوە واتە دوور بێت لە لاسایی كردنەوە و بینەر بێزار نەكات. من ئەو كارانەم دەوێ كە تایبەت بن بەخۆم و ناوی من و بەرنامەكەم گونجاو بن، چونكە ئامانجی من رازی كردنی بینەرە.
* چۆن توانیوتە سەرنجی ئەو جەماوەرە زۆر رابكێشن؟
- لەوانەیە هۆكارەكەی ئەوە بێت كە من خۆم زۆر ماندوو دەكەم لە پێناو سەركەوتنی كارەكەم و پێشكەش كردنی بە باشترین شێوە، چونكە ئامانجی من دۆزینەوەی ئەو شتانەیە كە بینەر ئارەزوویان دەكات.
* هەڵبژاردنت بە شاجوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چ سوودێكی پێگەیاندی لە ژیانتدا؟
- سەركەوتنم لە بواری پێشكەشكردنی بەرنامەی فاشیون و دواتریش لە بواری شاجوانیدا وایكرد كە متمانی میدیاكان و خۆشەویستی جەماوەر بە دەست بهێنم ئەمەش سەروەتێكی گرانبەهایە، لەوانەیە رووبەڕووی گرفت ببمەوە، بەڵام شانازیی پێوە، چونكە توانیومە ناوی خۆم و خانەوادەكەم و ئاڵای وڵاتەكەم بەرز بكەمەوە لە كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكاندا.
* بۆچی رووت لە راگەیاندن كرد؟ ئایا گەڕان بووە بەدوای دەرفەت یان گەڕانە بە دوای ئامانجێكی دیاریكراوە كە تا ئێستا نەتدۆزیوەتەوە؟
- خۆشەویستیم بۆ جلوبەرگ و فاشیون دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵیم، بە پێچەوانەی خوشكەكانم هەمیشە دایكم بە دەستی منەوە دەیناڵاند بەهۆی جلوبەرگەوە، ئەم خۆشەویستییە لە ناخی مندا چەكەرەی كرد تا گەیشتمە ئەو ئاستەی ببم بە یەكێك لە مۆدێلە ناسراوەكانی زۆر لە ماركەی جیهانی، ئەمەش وایكرد شارەزاییەكی زۆر پەیدا بكەم و دەرگاكانی لەبەردەممدا واڵا كرد. یەكێك لەو دەرگایانەش راگەیاندن بووە، بەڵام ئەمەش بەشێوەیەكی گشتی لەبەر ئەوە بووە كە دەربڕی خودی خۆم بم و بەهرەكانم دەربخەم.
* پێتوایە لەم بوارەدا سەركەوتووی؟
- دەكرێ ئەو پرسیارە ئاراستەی بینەران بكرێ، چونكە پێویستە ئەوان هەڵسەنگاندنی سەركەوتنی من بكەن، بەڵام پێموایە سەركەوتووم لە ئەنجامی ئەو ئەركە زۆرەی كە كێشاومە لەپێناو سەركەوتنی كارەكانم.
* هێڵە سوورەكانت چین لەسەر ئاستی كەسی و لە بواری كاردا؟
- من كەسێكی بە جورئەتم لە هەنگاوەكانم بەرەو دواڕۆژ، نامەوێ كارێك ئەنجام بدەم كە قەناعەتم پێی نەبێت. ژیانێكی ئاسایی دەژیم بێ ئەوەی هیچ گۆڕانكارییەك لە سیستەمی ژیانی تایبەتیم ئەنجام بدەم بۆ ئەوەی لە رەخنەی كەسانی تر دووركەومەوە، من چۆنم دەمەوێ هەر ئاوا بم.
* روخساری جوان چ سوودێكی هەیە بۆ كچە بێژەرێك؟
- راستییەك هەیە پێویستە دانی پێ بنرێت ئەویش ئەوەیە كە بێژەری كچ پێویستە جوان بێت بۆ ئەوەی بە جوانی دەربكەوێت و قبوڵ كراو بێت لای بینەر، بەڵام پێویستە لەگەڵ ئەو جوانییە خاوەن رۆشنبیرییەكی باش و ئاگاداریی بابەتەكان بێت واتە تەنیا خوێنەر نەبێت بۆ ئەوە بابەتانەی دەخرێنە پێشی و بۆی ئامادە دەكرێن.
* پێتوایە جوانی نیعمەتە، یان نەهامەتییە بۆ بێژەری كچ؟
- هەر شتێك خوای گەورە پێی بەخشیوین، نیعەمەتە، جوانییش یەكێكە لەو نیعمەتانە، پێویستە مرۆڤ بە قەناعەتەوە جوانییەكەی خۆی قبووڵ بێت، بەڵام پێویستە بابەتەكە بۆ كچە ئەكتەرێك یان بێژەرێك جیاواز بێت، نابێ ئەوەشمان بیر بچێت كە بیركردنەوە و بۆچوونی مرۆڤەكان جیاوازە، رەنگە لە چاوی كەسێك جوانی بێت، بەڵام كەسێكی تر بە جیاواز بیبینێت. بەشێوەیەكی گشتی من وای نابینم كە جوانی نەهامەتی بێت بۆ ئافرەت.
* خاڵە لاوازەكانت چین؟
- لەوانەیە زۆر هەستیاریم لە لایەنی مرۆڤایەتییەوە گەورەترین خاڵی لاوازی من بێت.
* چۆن گوزارشت لە خۆشییەكانت دەكەی؟
- من بە سروشتی خۆم كەسێكی هێمنم، تەنانەت كاتێك خۆشیش دەردەبڕم، بینینی خەڵك بە دڵخۆشی وادەكات هەست بە كامەرانی و ئاسوودەیی بكەم، بەتایبەتی كاتێك من هۆكاری خۆشییەكانیان بم، جا ئەگەر ئەمە لە رێگای راگەیاندنەوە بێت، یان لە رێگای كارە خێرخوازییەكانم كە لە چوارچێوەی رێكخراوی (احلام الطفولة)ـەوە پێشكەشیان دەكەم.
* ئەی چی دەتگریێنێ؟
- زۆر لە دیمەنە ترسناكەكان كە ئێستا لە ژیانی رۆژانەمان دەیانبینین وام لێدەكات بگریم، بەتایبەتی دیمەنی منداڵە ئاوارەكان كە بەهۆی جەنگەوە دەناڵێنن، جەنگێك كە ئەوان هیچ پەیوەندییان بە دروستبوونی ئەو شەڕانەوە نییە، بەڵكو بوونەتە قوربانیی جەنگ، من سەردانی كەمپەكانی ئاوارەكانم كرد و هەست بە ئازارەكانیان دەكەم.
Top