ئارتشل ملكەچی داواكان دەبێت

ئارتشل ملكەچی داواكان دەبێت
دوای ئەوەی كچە ئەكتەری توركی هاندە ئەرتشل رووبەڕووی رەخنەیەكی زۆری رەخنەگران و بەرهەمهێنەرانی بواری نواندن بووەوە، لە ئێستا هاندە خۆی ئامادە دەكات بۆ ئەوەی سەردانی لەندەن بكات بەمەبەستی خوێندنی زیاتر لە بواری نواندن.
دوای ئەوەی زنجیرە درامای (مرواریی رەش) سەركەوتوو نەبوو و نەیتوانی رێژەی پێویستی بینەران بۆ خۆی پەیدا بكات و دوای نمایش كردنی تەنیا (20) ئەڵقەی كۆمپانیای بەرهەمهێنەری دراماكە بڕیاری راگرتنیان دا، بەشێكی زۆری رەخنەگران هۆكاری ئەم سەرنەكەوتنەیان بۆ ئەدای لاوازی ئارتشل گەڕاندەوە. بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ئەم رەخنانە بڕیاریدا سەردانی لەندەن بكات بۆ بەشداری كردن لە چەند كۆڕسێكی تایبەتی نواندن، بەپێی چەند سەرچاوەیەكی هونەری ئەم سەردانەیان بە درێژخایەن وەسف كرد، چونكە بڕیار وایە چەند وانەیەكی چڕو پڕ وەربگرێت و سەردانی كەسایەتییە هونەری و ئەستێرەكانی نواندن بكات. سەرچاوەكان ئەوەشیان دووپات كردەوە كە مەبەستی ئارتشل لەو سەردانە ئەوەیە كاتێك دەگەڕێتەوە توركیا وەك ئەكتەرێكی كامڵ بەشداری لە كارەكانی داهاتوویدا بكات.
شایەنی باسە ئارتشل تا ئێستا بەشداریی لە چەندین درامای توركیدا كردووە و ئەم زنجیرانە سەركەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە، بەڵام دوای سەرنەكەوتنی رۆڵەكەی لە زنجیرە (مرواریی رەش) بیری لەوە كردووە كە پێویستە زیاتر خۆی ماندوو بكات بۆ سەركەوتنی لە كارە هونەرییەكان و دووركەوتنەوەی لە رەخنەی جەماوەر و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی هونەری.
Top