ھونەرمەند عەلی کەریم: ئاوێتەی رەهەندی سایكۆلۆژی و كۆمەڵایەتی كارەكتەرەكانم دەبم

ھونەرمەند عەلی کەریم: ئاوێتەی رەهەندی سایكۆلۆژی و كۆمەڵایەتی كارەكتەرەكانم دەبم
عەلی كەریم ناوێكی دیاری نێو بواری هونەری نواندنی كوردستانە، نزیكەی چل ساڵ دەبێت لەو بوارەدایەو تا ئێستاش بەبێ ماندووبوون بەردەوامە، بێ گوێدانە بارودۆخە سەختە و دژوارەكانی كوردستان بەتایبەتی لە بواری نواندندا.
لە لێدوانێكیدا بۆ گوڵان دەربارەی نهێنیی گوزارشتكردنی لە كاراكتەرەكانی بە شێوەیەكی سەركەوتوو دەڵێ: من لە گشت كارەكانمدا چ شانۆ، یان دراما، یان سینەما لەگەڵ سیناریۆی كارەكە دەكەومە ململانێیەكی دژوارەوە تا پەی بە هەموو نهێنییەكانی نێو سیناریۆكە بەرم و كارەكتەرەكەی تایبەت بە خۆیشم بە قووڵی دیراسەت بكەم تا راددەی ئاوێتە بوون بە هەموو رەهەندە سایكۆلۆژی و كۆمەڵایەتی و لایەنەكانی تری، چونكە گرنگە ئەكتەر لەگەڵ كاراكتەرەكەی راستگۆ بێت و بە قووڵی مامەڵە لەگەڵ وردەكارییەكانی ناو رووداوەكان بكات، هەوڵ دەدەم تا بتوانم هیچم بەسەردا تێپەڕ نەبێت، بینەرەكانیشم شایەدی كە وردم و بە قووڵی دەچمە نێو كاراكتەرەكانی سیناریۆكە، تێگەیشتن و كاردانەوەكان لەكاتی خوێندنەوەی سیناریۆكە بە وردی دیراسەت دەكەم.
لە بارەی دوایین كارەكانی و ئەو رەخنانەی ئاراستەی دەكرێن گوایە شێوازی نواندنی لە دراماكانیشدا زیاتر لە شانۆوە نزیكە هونەرمەند عەلی كەریم دەڵێ: لە ساڵی ٢٠١٤ هونەرمەند لوقمان غەریب باسی لەوە كرد كە پرۆژەیەكی بەدەستەوەیە بۆ بەرهەمهێنانی (٥) فیلمی سینەمایی لەسەر ئەركی ناوەند گاڤ، ئەوە بوو لە ١٥/٣/٢٠١٥ دەستكرا بە كار كردن لە فیلمی یەكەم بەناو (دانیشتووانی عەلیاوا) كە لە سیناریۆ و دەرهێنانی هونەرمەند لوقمان غەریب بوو، لە ماوەی چەند مانگێك بەرهەمهێنرا، دوای ئەوە هەر لەو ساڵەدا كار كرا لە فیلمی دووەم هەر لە سیناریۆی لوقمان غەریب بە ناوی (بازاڕی كۆنەفرۆشان) دواتریش فیلمی (گوڵچین و خەیاڵەكانی رۆستەم)، دیارە لەو (٣) فیلمە چەندین ئەكتەری بە توانا بەشدار بوون وەك (عەبدولی حەمە جوان، حەمە رەشید هەرەس، دلێر مستەفا، غەفوور عەبدوڵا، مرەوە محەمەد، شاناز محەمەد، عەلی توانا، حەمە سەعید ئیبراهیم، هیوا رەئوف و چەندانی تر)، كارەكانیش بە سیستمی (HD) و كامیریا (٤K) كراون، سەبارەت بە نواندنی خۆمەوە، گوایە نواندنم شانۆیی پێوە دیارە، ئەو حاڵەتەم رەت كردووەتەوە و لەم فیمانەدا تێمپەڕاندووە، شانازیش بەم بەرهەمانەوە دەكەم، هێشتا لە پڕۆژەكە دوو فیلم ماوە و ئەوەندەی بزانم فیلمی چوارەمیان بە ناوی ( یوسف ناگەڕێتەوە) دەبێت.
Top