دلبەر جزیری: كەسانێك هەن رێگری دەكەن لە كوردستان كۆنسێرت ساز بكەم

دلبەر جزیری: كەسانێك هەن رێگری دەكەن لە كوردستان كۆنسێرت ساز بكەم
لە تەمەنێكی زوودا دلبەر جزیری رووی لە هەندەران كرد و لە ئەڵمانیا گیرسایەوە، هەرچەندە وەك خۆی دەڵێ بە هیچ شێوەیەك جگە لە كۆنسێرتەكانی دەرەوەی وڵات نەبێت، هیچ هاوكارییەكی لە كەس وەرنەگرتووە و گشت كارەكانی لەسەر ئەركی خۆی ئەنجامداوە، بەڵام دووپاتی دەكاتەوە كە بەردەوام دەبێت و كۆڵ نادات لەو رووەوە، لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی خاتوو دلبەر جزیری كرد، كە بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.


* پێش چەند ساڵێك باسی ئەوەت كردبوو كە كاری هونەری لە ئەوروپا سەختە، ئێستاش بە هەمان شێوەیە؟
- بێگومان هەروایە، بەتایبەتی بۆ هونەرمەندانی كورد، چونكە ئێمە بە ناچاری لە ئەوروپا گیرساینەتەوە و لەوێ نیشتەجێین، هەروەها میدیای كوردی و شوێنی بڵاوبوونەوەی بەرهەم و جەماوەری هونەریش هەر لە كوردستانن نەك لە ئەوروپا، چەند جاری دیكە باسم كردووە ئێستاش دووبارەی دەكەمەوە خۆزگە هاریكاری زیاتری هونەرمەندان دەكرا، من ماوەیەكی زۆرە لە بواری هونەریدام تا ئێستا جگە لە مافی خۆم كە لە سازكردنی كۆنسێرتەكان وەریدگرم، بە هیچ شێوەیەك هاریكاری نەكراوم و ئەوەی كە لە كۆنسێرتەكانیش دەستم دەكەوێت، دووبارە لە كاری هونەریدا خەرجی دەكەمەوە، ئەمەش زۆر زەحمەتە.
* ئەگەر كاری هونەری بەو شێوەیە زەحمەت بێت تۆ وەك دلبەر جزیری تا چەند دەتوانی بەردەوام بی؟
- ئەوەی راستی بێت بەهۆی ئەو گرفتانەوە زۆر جار گەیشتمە ئەو باوەڕەی كە دەست لە كاری هونەری هەڵگرم، بەڵام دواتر بیرم لەوە كردۆتەوە كە خوا بەهرەیەكی پێ بەخشیوم ئەویش دەنگخۆشییە و و كەسانێكی زۆر هەن بەتایبەتی لە وڵاتی ئەڵمانیا لە دڵەوەحەزیان لە دەنگی من كردووە و باسی ئەوەیان كردووە كە من خاوەن بەهرە و توانایەكی زۆرم و پێویستە كە بەردەوام بم، ئەمەش جۆرێك بووە لە هاندان بۆ من، بۆیە سەرەڕای ئاستەنگەكان گوتوومە دەبێ بەردەوام بم.
* لەوەوە بۆمان روون دەبێتەوە كە تائێستا كەس هاوكاری نەكردووی و گشت كارەكانت لەسەر ئەركی خۆیت ئەنجامداوە؟
- تا ئێستا وەك باسم كرد جگە لە كۆنسێرتەكان نەبێت گشت كارەكانم لەسەر ئەركی خۆم ئەنجاممداوە و هیچ لایەن و كۆمپانیا و سپۆنسەرێك نەبووە هاوكاریم بكات ئەمەش زۆر زۆر زەحمەتە، بەڵام تا بتوانم بەردەوام دەبم. ئەوەی زۆریش ئازاری داوم ئەوەیە كە هاوكاری خەڵكانێكی زۆر كراوە، بەڵام نازانم بۆچی تا ئێستا من بە هیچ شێوەیەك نەكردووم و هیوادارم هەوادارانی دەنگی من ئەو راستییە بزانن.
* باشە دەتوانین بزانین تا ئێستا چەند پارەت لە كارەكانت خەرج كردووە بە شێوەیەكی گشتی؟
- ناتوانم 100% ئەو بڕە پارەیە دیاری بكەم كە لە كارەكانمدا خەرجم كردووە، بەڵام زۆرم خەرج كردووە، دەتوانم بڵێم بەو پارانەی كە لە هونەردا خەرجم كردووە دەمتوانی خانووەكی گەورەی پێ بكڕم، بەڵام كەسێك كە كاری هونەری هەڵبژێرێت نابێ چاوی لەوە بێت چەند قازانجی دەست دەكەوێت.
* لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زۆر باس لەوە دەكرێت كە دلبەر جزیری گرنگییەكی زۆر بە جلوبەرگەكانی خۆی دەدات و هەوڵ دەدات وەك مۆدێلێك دەركەوێت، ئەم قسانە لە چییەوە سەرچاوەیان گرتووە؟
- زۆر سوپاسی ئەو كەسانە دەكەم كە باسیان لە جلوبەرگی من كردووە، دیارە ستایلەكانی منیان پێ جوان بووە بۆیە قسەیان لەسەر كردووە، ئەوەی راستی بێت من هەر لە منداڵییەوە زۆر حەز لە فاشیون دەكەم و تەنانەت زۆر لە ئاژانسەكانی فاشیۆن لە ئەڵمانیا هەر لە تەمەنێكی بچووكەوە داوایان لە من دەكرد بچمە ئەو بوارەوە، بەڵام من ئەو كات ئارەزووم نەبوو بچمە ئەو بوارەوە، بەڵام ئێستا جیاوازە مەبەستیشم ئەوەیە كە ئافرەتانی كورد و بیانییەكانیش ببینن كە ئێمەی كوردیش لە بواری فاشیون دەتوانین كار بكەین و سەركەوین لەو بوارەدا و ئەو جوانییە لای ئێمەش هەیە، تەنانەت من هەست دەكەم ئەو جوانییەی كە ئافرەتی كورد هەیەتی لە زۆر شوێنی دیكە بەو شێوەیە نییە، بەڵام پێویستە لەو بوارەدا دەركەون و بیخەینە بەرچاوی میللەتی خۆشمان بەر لە میللەتانی دیكە.
* بەڵام رەخنەی ئەوەشت لێدەگیرێت كە تەنیا مەبەستی تۆ خۆنمایشكردنە بۆ ئەمانە چی دەڵێی؟
- نەخێر، بڵاو كردنەوەی ئەم وێنانەم تەنیا بۆ خۆنمایش كردن نییە، وەك باسم كرد ئارەزووم لە فاشیونە وەك هەر كەسێكی دیكە، بۆ زانیاریتان كەسانی زۆر حەز لەو ستایلانەی من دەكەن و پرسیاریشم لێدەكەن لەو بوارەوە. ئەگەر مەبەستم تەنیا شۆ بێ، ئەوا دەچم لە كەناڵێكی تایبەت بە شۆ دەردەكەوم و پێویست ناكات پشت بە سۆشیال میدیا ببەستم.
* سازكردنی كۆنسێرت بۆ هونەرمەند چەند گرنگە، ئایا هەستت بە نادادپەروەری كردووە لە نێو هونەرمەنداندا؟
- بەداخەوە من تا ئێستا هیچ كۆنسێرتێكم لە كوردستان ساز نەكردووە تا درك بەو نادادپەروەرییە بكەم، بەڵام بۆ كوردانی هەندەران بوونی كۆنسێرت و ئاهەنگ زۆر گرنگە كە لە غەریبی بۆ ساتێكیش بێت لە نێو كەشوهەوای هونەری كوردیدا بژیت، جگە لەوە كەسانی ئەوروپیش هەن حەز لە دەنگی هونەرمەندانی كورد دەكەن و دەیانەوێ بیانبینن، بۆ زانیاریتان من تا ئەم دواییە نەمدەزانی كە كەسانێك هەن لە چین و رووسیا حەز لە دەنگی من دەكەن، ئەمەش مایەی خۆشحاڵی منە.
من وەك هونەرمەندێك حەز دەكەم هەمیشە لە جەماوەر و هەوادارانی خۆمەوە نزیك بم، خۆزگە خۆزگە لە كوردستان كۆنسێرتێكم ساز كردبا، بۆ ئەوەی منیش لە نزیكەوە جەماوەری خۆم ببینم و بەرهەمەكانم لە وڵاتی خۆم پێشكەش بكەم، زۆر جار كۆنسێرت هەبووە لە كوردستان كە دەكرا من یەكێك بم لە بەشداربووان، بەڵام كەسانی سەرپەرشتیار رێگایان نەداوە من بەشداریی بكەم، ئەمەش بۆ من مایەی شۆك بوو، چونكە هیچ هۆكارێك نەبوو كە رێگام پێ نەدەن، یان ئاستەنگ لەبەردەم بەشداربوونم دروست بكەن، ئەمەش یەكێكە لەو جیاوازییانەی كە لە بواری هونەردا هەیە لە نێوان ئەوروپا و كوردستان، بەداخەوە بۆ ئەو جۆرە نادادپەروەرییەی كە هەیە، هۆكارێكە بۆ سەرنەخستنی هونەری كوردی.
Top