تارا خەلیل: شێوەكاری پانتایی فۆرمەكانی بەزاندووە و تێكەڵ بە جووڵەی خەڵك بووە

تارا خەلیل: شێوەكاری پانتایی فۆرمەكانی بەزاندووە و تێكەڵ بە جووڵەی خەڵك بووە
خاتوو تارا خەلیل یەكێكە لە شێوەكارەكانی شاری كەركووك كە خاوەن دید و رۆئیایەكی تایبەت بە خۆیەتی، دەرچووی كۆلێژی پەروەردەی هونەری بەغدایە و ئێستا مامۆستای پەیمانگای هونەرە جوانەكانی كەركووك و ئەندامی سەندیكای هونەرمەندانە لقی كەركووك، تا ئێستا چەندین پیشانگای تایبەت و هاوبەشی كردۆتەوە، لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.


* ئاشكرا گوتن، یا شاردنەوە لەگەڵ خەسڵەتی هونەرمەندی شیوەكار دەگونجێ؟
- كۆمەڵێ خەسڵەت هەیە لە هونەرمەند كە دیارو روونن و پێوەی رفتار دەكەن، وەك ئاشكرا گوتن یا ئاشكرا دەربڕین، گەر بە گوێش نەبێ، ئەوا هونەرەكەی زمانی رۆحی بو ئەو پێی دركاندووە، ئەم بە ئاشكرا دەربڕینەش پەیوەستە بەو خەسڵەتە یاخییەی كە زورێك لە هونەرمەندان پێی ناسراون، ئەوان كەسانی یاخین لەو هەڵانەی كە كەسانی تر پێی قایلن، ناتوانن درۆ لەگەڵ هەست و سۆزی خویان بكەن، تابلۆكانیان ئامرازی راستگۆیی ئەوانە و بە زمانی رەنگ و هێڵ بە ئاشكرا هەستی ناخیان دەدركێنن و دەریدەبڕن، ناتوانن پیاهەڵدان و موجامەلەی بەرژەوندی بكەن و لەگەڵ درۆ و هەڵەكان بگوزەرێن، بەمەش زور جار كێشەیان بۆ دروست بووە لە رووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئایینی و--- هتد لەلایەن بەرژەوەندیخوازانەوە.
شێوەكار كەسێكی شەفاف و پڕ سۆزە، هەستە بەرزەكەی وا دەكا، ئاشكراتر بێ لە دەربڕینی رەخنەكانی، هەمیشە رووداو و كێشەكان زیاتر هەستی دەبزوێنن و دەبنە بیرۆكە و بابەتی پڕۆژە لای ئەو، دواتریش بەپێی شێوازی خۆی دادەڕژێتە سەر تابلۆكەی و گوزارشتی لێدەكا. ئەگەر لە تابلۆ جیهانییەكان بڕوانین ئەم جۆرە شێوازەو دەربڕینی زیاتر لە رێبازە رۆمانتیكی و واقیعییەكان بەدی دەكرێ كە زیاتر دەربڕینی هەستی ئەو هونەرمەندییە و رۆئیا و بینینی بۆ ئەو بابەتە، یان ئەو دیمەنەی كە بۆتە بابەت لەلای ئەو، بۆ نموونە ئەگەر ئاوڕێك لە شاكارەكانی هونەرمەندی فەرەنسی (ژان فرانسوا میلیە) بدەینەوە كە راستەوخو هاتنە نێو گوندنشینان و كێڵگەكان كە وێنەی خەڵكی جووتیار و شوان و ژنانی ماندووی زەحمەتكێشی دەكێشا، بەو هەستەی كە هونەرمەند خۆی جووتیارێك بوو لە كێڵگە كاری دەكرد، بۆیە زۆر لێهاتوو بوو لە دەربڕینی شێوە و روخساری ماندووی كەسەكان و قورسیی ئەو ژیانەی كە دەیگوزەرێنن. لە دیمەنەكاندا هونەرمەند زۆر بە روونی لە هەستی خۆی دواوە و بە ئاشكرا ئەو هەستەی دەربڕیوە. ئەگەر شێوەكاریش هەندێك جار بە شێوەیەكی رەمزی یان هێمایی گوزارشتی لە كارێك كردبێ، ئەوا دیسان توانیویەتی ئەو پەیامە بگەیەنێ كە مەبەستیەتی.
• ئایا دەكرێ شیوەكار بانگەوازێك بێ دژ بە رواڵەتەكانی چەوتی و لادان لە نێو ژیانی كۆمەڵایەتیدا؟
- هۆكارەكانی درووستبوونی هونەری نوێ، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەموو گەندەڵییەی كە لە پاشكۆی جەنگی یەكەمی جیهاندا دروست ببوو لە زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا، وەك گەندەڵیی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و --- هتد- ئەمە وایكرد، كۆمەڵێك هونەرمەند و ئەدیب و نووسەر و رۆژنامەوان لە قاوەخانەیەكی وڵاتی نەمسا كۆببنەوە و شۆڕشێكی هونەری، ئەدەبی، فیكری بەرپا بكەن، دژی ئەو هەموو كێشە كەڵەكەبووەی دوای جەنگ. لێرەوە هونەر رۆڵێكی باڵای گێڕا لەو بوارەوە، ئیتر شێوەكار سنوورەكانی هونەری شێوەكاریی شكاند و زیاتر ئازاد بوو لە كاركردن و لە تەكنیك و لە شێواز-- تابلۆكان ئیتر تایبەت نەبوون بە باڵەخانە و كڵێسا و كۆشكە بەرزەكانن كە سەرمایەداران بە پارەیەكی زور بیانكڕن. هونەرهاتە نێو كۆمەڵگەو تێكەڵ بە ئازار و كێشە و نەهامەتییەكان بوو، لە هەمانكاتدا هەنگاوەكانی خێراتر كرد لەگەڵ رەوتە خێرایەكەی پێشكەوتن و شۆڕشی پیشەسازی و تێكەڵبوونی تەكنەلۆژیا لە هەموو گۆشەیەكی ژیانی رۆژانەدا. لێرە هونەر بووە بەشێكی دانەبڕاو لە بزاوتی رەخنە و ناڕەزایی و نیشاندانی كێشەكان و زمانێك بوو بۆ دەربڕین و گۆڕانكاری بەرەو ژیانێكی جیاواز.
لەگەڵ ئەو تازەگەرییەی ئەمڕۆی دنیای هونەری هاوچەرخ كە بوارەكەی گرتۆتەوە، شێوەكاری پانتایی فۆرمەكانی بەزاندووە و تێكەڵ بە جووڵەی خەڵكەكە بووە. واتە شێوەكار هەندێ جار بیرۆكەكەی بە كێشانی تابلۆیەك ئەنجام نادا، بەڵكو بە دەربڕینی جووڵەیەك، یان نمایشێك، یاخود دروستكردنی دیاردەیەك لە درەوەی فۆرمی تابلۆكە وەك شێوازی كاركردنی بە ناو (پیرفورمانس) كە شێوازێكی ئاداییە گوزارشت لە بابەتێك دەكا، كە شێوەكار دەیەوێ بە نمایشێك، یان دیاردەیەك ئەو پەیامە بگەیەنێ، ئەمەش دەبەستیتەوە بە باكگراوەندە فەلسەفییەكەی خودی هونەرمەند، ئیتر جۆر و شێوازی كارەكە چۆن دروست دەكا، و چۆن دەیگەیەنێ.
• ئایا هونەری شێوەكاری دەتوانێت كاریگەری ئەو ژینگەیەی سرووشت و ژینگە مرۆییە تێپەڕێنێت كە تێیدا دروست دەبێت؟
- جیهانگیریی ئەمڕۆ و نزیكبوونەوەی كەلتوورەكان و تێكەڵبوونیان بە تەكنەلۆژیا و ئامرازەكانی پەیوەندی و كاریگەری راستەوخۆی هەبووە لەسەر هونەری شێوەكاری و هونەرمەندانی شێوەكار، بەڵام ئەمە واناكات كە هونەرمەند بە تەواوی جودا بكاتەوە لەو ژینگە سرووشتی و مرۆییەكەی كە تێیدا دروست بووە، چونكە ئەو ژینگەیە لە سەرەتاوە تەكوینی هەست و فیكر و رۆحی ئەو بووە و سەرچاوەی ئلیهامی بووە و بیرۆكەكانی لەوێوە هەڵقوڵاون، بوونی ژینگە بە پێكهاتە سرووشتی و مرۆیی و جوگرافییەكەی بنەمایەك بووە بۆ جیاوازی.
Top