ستایشی ئایینی وەك بەشێك لە هونەری گۆرانی
سروودی ئایینی ئەو هونەرەی گۆرانییە كە لە سەردەمێكی زۆر زوودا، هەر لە كاتی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە ژیاندا بووە، سروودی ئایینی لە مەدح و پەسنی خودای گەورە و بەدیهێنەرەكانی، لە مەدح و پەسنی پێغەمبەران و ئایین و بەخشندەیی و كردەوە چاكەكان، بە دەنگ و ئاوازێكی ئارام و زەڵاڵ گوتراونەتەوە و چوونەتە دڵ و گوێچكە و هەستی مرۆڤەكان. ئەم سروودانەی ئایینی لە هەموو رۆژگارێكدا گوتراون و لایەنگر و گوێگر و هەواداری زۆریشیان هەبووە و هەیە. لە رۆژگاری ئەمڕۆشدا، وێڕای ئەو هەموو شەڕ و ئاژاوەی لە بەشێكی گۆی زەویدا هەیە و لە بەشەكەی دیكەدا سەرەڕای ژیانی ئارام، كەچی لە هەردوو بەشەكەی جیهاندا مرۆڤەكان پێویستیان بە گەشەی رۆحی و ئارامیی رۆحییەوە هەیە، كە ئەویش نزیكبوونەوەیە لە خودای پەروەردگار، سروودی ئایینیش رێبازێك و شێوازێكە بۆ نزیكبوونەوەی زیاتر لەم جیهانە رۆحییە.
ئەگەرچی ئێستا وا هەست دەكەین ئەم سروودانە لە بۆنە و یاد و مانگە ئایینییەكان و جەژنە ئایینییەكان تۆمار و پەخش دەكرێن، بەڵام راست ئەوەیە كە وەك هەر گۆرانی و موزیكێكی دیكە، لە هەموو كات و ساتێكدا تۆمار و پەخش بكرێن، چونكە ئەمە تێكەڵاوی كولتووری ئێمەی كۆمەڵگەی كوردی و موسڵمانە و بووەتە بەشێك لەو كولتوورەی رۆژانە بەرجەستەی دەكەین، بۆیە هیچ جێی سەرسامی نییە كە سروودی ئایینی وەك بەشێك لە هونەری گۆرانی، رۆژانە هاوكات لەگەڵ ئاواز و گۆرانی دیكەی چ شۆشگێڕی و بەرگری، یان ئەوینی پەخش بكرێ و بگەیەنرێتە گوێی هەوادارانی.
كەم نین ئەو هونەرمەندە دەنگخۆشانەی لەسەر ئاستی كوردستان و جیهانی ئیسلامیدا ناو و ناوبانگیان لە گوتنەوەی سروودی ئایینیدا هەیە، هونەرمەندی گەورەی وەك ئەنوەر قەرەداغی رچەشكێن و پێشەنگی گوتنەوەی ئەو سروودە ئایینییانەیە لەناو كورددا، هەروەها بەندە چەند ساڵ پێش ئێستا سروودی ئایینیم تۆمار و بڵاو كردۆتەوە، هونەرمەندانی دیكەی وەك هاوتا ئەسعەد و زانا جەبەلی و محەمەد سەڵاحەدین و گۆران ساڵح و كەژێ هاوتا و .. تد، زۆر هونەرمەند و دەنگخۆشی كورد لەم بوارەدا خزمەتیان كردووە و بەرهەمێك یان چەند بەرهەمێكیان بۆ ستایش و پەسنی خودا و پێغەمبەر و ئایینی ئیسلام بڵاو كردووەتەوە. لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامیشدا، هونەرمەندانی وەك ماهیر زەین و سامی یوسف و مستەفا جیجلی و مەسعود كەرتس و هاریس جەی و . دەیان هونەرمەندی دیكەی ناودار بە سروودێك یان چەند سروودێك ستایشی پیرۆزییەكان و سرووتە ئایینییەكان كردووە و دەنگیان گەیشتووەتە سەرانسەری جیهانی ئیسلامی بە كوردستانی خۆشمانەوە.
ئەم هونەرە كە كە بریتییە لە ستایشی خوا و تەهلیل و تەسبیح و مەدح و سەنای پێغەمبەران و ئەولیا و چاكەكاران، زۆر لە رۆح و هەستی مرۆڤی ئیماندارەوە نزیكە و دڵ و دەروونی بەو هەست و دەنگ و پەیڤە پاراوانە ئارام و ئاسوودە دەكات، چونكە رۆح و دڵی مرۆڤی ماندوو و خەفەتباری ئەمڕۆ لەناو ئەو هەموو كێشمەكێش و گرفت و شەڕ و یەكترسڕینەوەیەدا، لە هەموو شتێك زیاتر پێویستی نزیكبوونەوە لە خودا و بە زیكر و ستایشی خودای گەورە و پەیڕەوكارانی ئاسوودە و ئارام دەبێ.
ئەوەی زۆر گرنگە سەبارەت بە ئێمەی هزنەرمەندی كورد ئەوەیە كە لە دەستنیشانكردنی ئەو سروودانە زۆر ئاگادار بین كە ئەو دەقانە هەڵبژێرین كە مرۆڤ لە خودا نزیك دەكەنە و برایەتی و یەكترقبوڵكردن و پێكەوەژیان لەناو مرۆڤەكان قووڵتر دەكەنەوە، بۆ ئەوەی ئەم هونەرە ببێتە رێچكەیەك كە مرۆڤ بەهۆیەوە بگات بە ئاسوودەیی رۆحی و دەروونی و دوور بكەوێتەوە لە هەموو شەڕانگێزی و كوشتار و یەكتر رەشكردنەوەیەك. نابێ بە هیچ شێوەیەك ئەو دەقانە بكرێنە سروودی ئایینی كە بۆنی دووبەرەكی و لێكترازانیان لێ دێت، چونكە لە بنەڕەتدا مەبەست لە سرووتە ئایینییەكان بۆ ئاسوودەیی و لەیەكتر نزیكبوونەوەی خەڵك - خودا و خەڵك - خەڵكە، نەك بەپێچەوانەوە، هەروەها ئەو سروودە ئایینییانە كاریگەریی زۆریان بەسەر هەستەوەری مرۆڤەكانەوە هەیە، بۆیە سروودی ئەرێنی كاریگەریی ئەرێنی دەبێ و بەپێچەوانەشەوە كاریگەرییەكە بەسەر تاك و كۆمەڵگە بە نەرێنی دەشكێتەوە.