كەمال محەمەد: لەمەودوا گۆرانی بۆ مرۆڤایەتی دەڵێم

كەمال محەمەد: لەمەودوا گۆرانی بۆ مرۆڤایەتی دەڵێم
هونەرمەندی بەئەزموون (كەمال محەمەد) ساڵانێكی زۆرە لە وڵاتی سوید ژیان بەسەر دەبات، بەڵام تا ئێستا هەر بە سەردان دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان، لە ئێستاشدا بە سەردانێك گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان، بەنیازیش بوو كۆنسێرتێكی جەماوەری لە سلێمانی ساز بكات، لەم دیدارەدا پرسی گەڕانەوەی بە یەكجاری بۆ كوردستان و هەروەها ئەو بەرهەمە هونەرییانەی بەنیازە بیخاتە بەردەستی گوێگرانی و چەند پرسێكی دیكە تایبەت بە خۆی و بەرهەمەكانی گفتوگۆی لەسەر كراوە.


لەدەستپێكی قسەكانیدا هونەرمەند كەمال محەمەد لەبارەی گەڕانەوەكەی ئەم جارەی بۆ كوردستان گوتی: هاتنەوەكەم لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری رابردو بوو، ئەویش بۆ مەبەستی ئەنجامدانی ئاهەنگێك بوو بە بۆنەی جەژنی نەورۆز لە سلێمانی، هەروەها گۆرانییەكم بۆ «عەفرین» ئامادە كردبوو، لە ژێر ناونیشانی (بەرخۆدان) ئەو گۆرانییەشم ڤیدیۆ كلیپم بۆ كردو بڵاومان كردەوە، هەروەها سەردانی چەند دۆست و خزمێك، كە ئەوەشیان پێویست و گرنگ بوون لەلام.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە بۆچی وازی لەبەرهەمهێنانی ئەلبومی گۆرانی هێناوە؟ گوتی: پێموایە ئەلبومی گۆرانی لە ئێستادا بۆ من و سەرجەم هونەرمەندانی كورد كارێكی ئەستەمە، چونكە بەڕاستی دروستكردنی سیدییەكی چەند گۆرانی، جگە لە ئەرك و ماندووبوون، پاشان كە بڵاوی دەكەیتەوە، نابیتەوە خاوەنی هیچ لەو پارەی بۆت خەرجت كردووە، بۆیە لە ساڵێكدا گۆرانییەك، یا دوو گۆرانی بە شێوەی تاك تۆمار بكەیت، پاشان ڤیدیۆ كلیپی بۆ بكەیت و بڵاوی بكەیتەوە باشترە و كێشەو سەرئێشەی كەمترە.
هونەرمەند كەمال محەمەد لەبارەی ئەنجامدانی ئەو كۆنسێرتەی كە بەنیاز بوو لەو ماوەیە ئەنجامی بدات، هۆكاری دواخستنەكەی ئاشكرا دەكات و دەڵێت: ئەو كۆنسێرتە لەسەر پێشنیاری بەڕێوەبەری گشتیی هونەر و رۆشنبیری سلێمانی بوو، كە پێی وابوو لە پاركی هەواری شار كۆنسێرتێكی جەماوەری ساز بكەم، بۆ ئەو مەبەستە خەریكی ئامادەكاری بووین، بەڵام بە هۆی ئەو بانگەشەی هەڵبژاردنە كۆنسێرتەكەم دواخست بۆ كاتێكی دیكە، چونكە بەڕاستی ئەو بارودۆخە خەڵك هەموو خەیاڵی لەلای بابەتە سیاسییەكان و ململانێی كاندید و لیستەكان بوو، بۆیە پێم باش بوو هەڵی بگرم بۆ كاتێكی دیكە، بەتایبەتی زۆر حەز دەكەم كۆنسێرتێكی جەماوەریش لە هەولێری پایتەخت بە ئەنجام بگەیەنم.
لەبارە شێوازی گۆرانییەكانی و گۆڕینی ستایلی گۆرانییەكانی هونەرمەند كەمال محەمەد) روونی كردەوە: لە راستیدا دەمێكە بیرم لەوە كردۆتەوە، كە لەمەودوا گۆرانی بۆ مرۆڤایەتی بڵێم و كەمتر گۆرانی بڵێم بۆ بابەتی عەشق و خۆشەویستی، ئەگەرچی ئەوەش پێویستە، بەڵام لەبەرنامەمدایە زیاتر بیر لەو ستایلە بكەمەوە.
دەربارەی ئەوەی كە بۆچی دوای زیاتر لە (25) ساڵ دووری لە كوردستان، بڕیار نادەی بەیەكجاری بگەڕیتەوە بۆ كوردستان و لە نزیكەوە لەگەڵ هەوادارنت خەریكی كارە هونەرییەكانت بیت؟ (كەمال محەمەد)ی هونەرمەند و خاوەن جەماوەر گوتی: دیارە بۆ هەموو كوردێك هەندەران وەك گەشتێك وایەو ئیتر دەچێت و پێویستە بگەڕێتەوە ئامێزی وڵاتەكە، بەڵام ئەو ژیانەی لە هەندەران هەمە، ئەگەر بەراوردی بكەم، رەنگە ئەوەی لەوێ بۆم دەگونجێت، لێرە ئەوە نەبێت، بەڵام لە بیری خۆمی نابەمەوەو هەر بەو ئومێدەوە دەژیم، كە رۆژێك لە رۆژان ئەو ژیانەم باڵانسێكی هەبێت و لە كوردستان ئەو تەمەنەی ماومە تەواوی بكەم.
Top