رۆڵی موزیك لە ژیانی رۆژانەمان

رۆڵی موزیك لە ژیانی رۆژانەمان
رزگار خۆشناو

هیچ هونەرێك نییە كە بەرامبەر موزیك بەراوردی پێ بكەن، كە رۆژانە بە شێوەیەكی زۆر ساكار ئادەمیزاد بەختەوەر دەكات، لە ماڵ، لە دەرەوە، بە تەنیا، لەگەڵ خەڵك، پیادە، یان بە ئۆتۆمۆبیل، لە كاتی خواردن دروستكردن، كاتی منداڵ نواندن، بێ گوێدان بۆ گۆرانی و موزیك، زوو بێزار دەبین لە سەفەركردنی دوور و درێژ، هەتا لە كاتی ئیشكردن هەست بە كات ناكەی كاتێ موزیك دەبێتە یاوەرت، هەتا باشترین فیلمی سینەمایی بە بێ موزیك رەونەق و جوانی و دڵەڕاوكێ لە دەست دەدا، زۆر لە دكتۆر و تێڕاپۆیت و كەسانی لە بواری پەروەردە كار دەكەن، هەتا دكتۆری دەروونی و زانیار و ئەوانەی پەیوەندییان بە زانست و لێكۆڵینەوە لە ژیان و عەقڵ و مێشكی مرۆڤ هەیە، تادێ لە رۆڵی موزیك لەسەر هەستی دەروونی و گۆڕانی بۆ باشتر، زیاتر تێدەگەن، چونكە موزیك كاردانەوەی هەیە نەك تەنیا لەسەر دەروون و مێشكی مرۆڤ، بەڵكو لەسەر لەشی مرۆڤیش، چونكە دەنگ لەرینەوەیەكی فیزیاوییەو كاردانەوەی لەسەر پێست و لێدانی دڵ و پوڵزو كاركردنی گەدەو ریخەڵۆك هەیە، هەتا هەناسەدانیش لەگەڵ موزیك دەگۆڕێ. ماوەیەكە زانستی ئیتاڵی تاقیكردنەوە لەسەر شێوەكانی موزیكك؛ دەنگی (بەرز و نزم) (خاو و خێرا) ( وردە ورد دەنگ زۆر و كەمكردن) و كاردانەوەی لە سەر دڵ و هاتوچۆی خوێن و فشاری خوێن دەكەن.
(موزیك تێڕاپی) یا بە كوردی چارەسەركردن بە موزیك، كە زیاتر بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتیەكان بەكاردێت، (بەندە 25 ساڵ لەو بوارە لە خەستەخانەیەكی نەمساوی بە رەسمی كارم كردووە.) بەشێكی زۆر گرنگ و كۆنە لە سوودوەرگرتن لە هێزو وزەی موزیك! یەكێك لە شێوەكانی هەرە كۆنی موزیكتێڕاپی كە لەو باوەڕەدام زۆربەمان لێرە یا لەوێ بەكارمان هێنابێ؛ فیتوولێدانە بە دەو كاتێ بە شەو بە تەنیا لە رێگا دەڕۆین! تۆ بە دەوروبەرت دەڵێی كە بە تاریكی نایانبینی. (من لێرەم و لە كەسیش ناترسم).
چۆنیەتی گۆڕانی دەنگەكان كارێكی زۆر سەختی دڵە لە شێكردنەوەو رێكخستنی و كردنی بە موزیك! بۆ ئەو مەبەستەش چەندەها بەشی (ئاریاڵ)ی مێشك پێكران كاردەكەن بۆ جیاوازكردنەوەی رستەو مۆتیڤی مێلۆدی و رزم و ئامێر و دینامیك و زۆر شتی تر، بەڕای من موزیك هەر لە تەمەنی دوو ساڵییەوە دەبێت رۆڵی خۆی ببینی و لە باخچەی منداڵان و قوتابخانەكان بەردەوام بێ، چونكە زانایانی دونیا دەمێكە ئەو راستییەیان لا ئاشكرا بووە كە موزیك لە قۆناخی سەرەتایی منداڵ و بە گوێرەی مێشك و لەشی رۆڵێكی گرنگ دەبینێ و زۆر پێویستە و هەندێ جار لە وانەكانی تری قوتابخانە ئەگەر گرنگتر نەبێ، ئەوە كەمتر نییە، چونكە موزیك مێشكی منداڵ رێكوپێك دەكات و هۆشمەندو زیرەكی دەكات. موزیك یاوەرێكی هەمیشەیی مرۆڤە لە منداڵی تاكو پیری! هەتا لە پیرییش رۆڵی موزیك هەر بەردەوامە، بەتایبەتی بۆ بەساڵاچووان و ئەوانەی تووشی نەخۆشیی شت لە بیرچوون (زەهایمەر) بوون، لێرە موزیك دیسان یارمەتییان دەدات بە بەكارهێنانی ئەو ستایلە موزیكەی كە كاتی خۆی نەخۆشەكە گوێی بۆ راگرتووە، لە كاتی شەڕو بەرخۆدانیش دیسان رۆڵی موزیك دیارە بە گوێگرتن لە گۆرانی و سروودو ماڕشی نەتەوەیی پێشمەرگە و شەڕڤان و گەریلا هەستی شەڕو بەرخۆدانیان زیاتر دەبێ، هەتا ئەو كەسانەی كە بە هۆی جۆرەها رووداوو، یا لەناكاو تووشی جەڵدەی مێشك، یان سەكتەی دڵ دەبن و دەكەونە نێو (كۆما) خەوی بێهۆشی قووڵ، موزیك یارمەتییان دەداو هەندێ جار دێنەوە باری سرووشتی و چاك دەبنەوە..
موزیك نابیندرێ و بۆنی نییە، تەنیا دەبیسترێ و مرۆڤ هەستی پێ دەكات، بەڵام وزەیەكی یەزدانیی هەیە و دەتوانێ دڵمان خۆش، یا ناخۆش بكات، هەتا باسی دەنگخۆشی و موزیك لە نێو قورئانی پیرۆزیش كراوە و قورئانیش بە بەكارهێنانی مەقامەكان دەگوترێ.
Top