نەرمین كاوانی: من کچی شانۆم، هەر لەوێش چاوم بە دنیا نواندن هەڵێناوە
ئەم خانمە شانۆکارو ئەکتەرە بە رۆڵە سەركەوتووەكانی توانیویەتی بوونی خۆی وەك یەكێك لە خانمە ئەكتەرە هەرە سەركەوتووەكان بسەلمێنێت، هەرچەندە بە یەكێك لە عاشقانی شانۆ ناسراوە، بەڵام ماوەیەكە لە هیچ كارێكی هونەری نابینرێ، ئەمەش وەك خۆی باسی دەكات بۆ دۆخی ئێستای هونەری كوردی بە گشتی دەگەڕێتەوە و گەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە بێ هیوا بێت لە هونەری کوردی، لە میانەی بەشداری كردنی لە فیستیڤاڵی نا بۆ توندوتیژی دژی مێینە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ساز كرد و بەم شێوەیە بۆمان هاتە ئاخاوتن.
سەبارەت بە دۆخی ئێستای هونەری كوردی دەڵێ:
هەڵبەتە ئەم قەیرانە کاریگەرێکی زۆر لە سەر کارەکانی ئێمەی هونەرمەندان هەبووە، چونکە کاری هونەری وەکو دراما و سینەما کاری بە کۆمەڵە، کاری بەکۆمەڵیش پێویستی بە پارەو کۆمەکی زۆر هەیە، بۆیە مادی و مەعنەوەی کاریگەری خراپی لەسەر شانۆ، دراما و سینەما هەبووە، چووینەتە سووڕی متبوونەوە هیچ جموجۆڵێکمان بۆ ناکرێت ، بەداخەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ دەبێت هیچ کارێکمان بەرهەم نەهێناوە.
پێشتریش هەموو کارە هونەرییەکان لە ئاست داواکارییەکانی ئێمە و بینەران نەبووە، بەڵام بڵێم هەنگاوی باشمان ناوە، لە هەموو رووێکەوە کاری باشیشکراوە، بەتایبەتی ئافرەتی باش هاتنە نێو بواری هونەری دراما و فیلم، چاوەڕێ دەکەین بارودۆخەکە بەرە باشتر بڕوات.
ئەو روڵانەی نەرمین كاوانی بینیویەتی لە كارە هونەرییەكانیدا جۆرێك لە جورئەتی پێوە دیارە بێ ئەوەی سنوورەكان ببەزێنی و تێیدا سەركەوتوو بووە، لەم بارەوە دەڵێ: تا دوای بەشداری کردنم لە درامای ئارەزووە، بە رێچکەشکێن ناویان بردم، بەخۆشحاڵییەوە رێگای زۆرم بۆ کچانی دیکە کردەوە، بۆ ئەوەی ئەوانیش هەواڵ بدەن ئەو ئیشە جدییەی، کە پێویستە بیکەن ئەنجامی بدەن و سەرکەوتن تێیدا تۆمار بکەن، هیوادارم لە کارەکان خۆیان نەدزنەوە، من ئەمڕۆ نمایشی کچێکم بینی، کە ناوی کارینا هێمنە، پێموایە ئەویش رێچکەشکێن بووەو لە من ئازاترە، ئەو خەڵاتەی کە وەریگرت من وامزانی خۆم وەرمگرتووە.
لە بارەی ئەوەی كە ئایا زیاتر خۆی لە شانۆدا دەبینێتەوە یاخود لە دراما نەرمین دەڵێ: من کچی شانۆم، هەر لەوێش چاوم بە دونیا نواندن هەڵێناوە، خۆشەویستیم بۆ نواندن لەسەر شانۆ چەکەرەی کردووە، ئەو هاوارەی کە لەسەر تەختی شانۆ دەتوانم بیکەم، لەبەردەم کامیرا ناتوانم، ئەو ئازارەی کە لە شانۆیەدا دەتوانم بیگەیەنم زۆر راستتر و راستەقینەترە، لەسەر تەختی شانۆ بینەرەکەم گوێی لەهەناسەکەمە، ئەزانێت من چی پێدەڵێم و زیات هەست بە من دەکات، بەڵام لەبەر نەبوونی شانۆ و قەیرانەوە من رووم لە دراما و سینەما کرد، هەڵبەتە لەبواری دراماش توانیم جێ پەنجەی خۆم بکەمەوە.
سەبارەت بەو درامایانەی كە لە شاشە كوردییەكان پێشكەش دەكرێن نەرمین كاوانی دەڵێ:
بەراستی درامای کوردی زۆر باش هەیە بەڵام هیچ تیڤییەک یان کەرتی تایبەت نییە كە دەرگاكانی بۆ هونەرمەندان بکرێتەوە، رەنگە نەگاتە ئەو کوالیتییەی دراما بیانییەکان، چونکە ئەو دراما بیانیانە پشگیریی مادی ومەعنەوی زۆریان هەیە، ئێمە لە کاتێک لە درامایەکان بەشداری دەکەین نە مێکاپێکی باشمان هەیە، نە جل وبەرگێکی شیاو لەبەر دەکەین، ئەو جلانەی من لە دەوام لەبەری دەکەم دواتر لەنێو دراماکانیش لەبەرم کردووەو وێنەم پێ گرتووە، باشە من چۆن بتوانم وەکو ئەکتەرێکی تورک ئیش بکەم، بەمشێوەیە من ناتوانم ململانێ لەگەڵ دراما تورکییەکان و بیانییەکان بکەم.
بۆیە بە راشكاوی دەڵێم من لەگەڵ بایکۆتی دراما بیانییەکانم، چونکە ئەو پارەیەی لە دۆبلاژی دراما بیانیەکان خەرچ دەکرێت بدرێتە دەرهێنەرێکی کورد درامایەکی 15 ئەڵقەیی باش پێ دروست دەکات، ئەمەش دەبێتە هاندەرێکی باش بۆ دروستبوونی درامای کوردی،وەرن ئەمەش تاقی بکەنەوە، بزانین ئەو کاتی هونەرمەندان چی دەکەن، ئاخر ئەوانەی دۆبلاژیش دەکەن هەر ئەکتەری کوردن، من ئەوە سێ ساڵە دانیشتوومە لەماڵەوە خەریکی وام لیدێت بچم کاری دۆبلاژ بکەم، بۆ ئەوەی لە هونەرەکەم دانەبڕێم، هەرچەندە ئەوە بۆ ماوەی 7 ساڵە داوام لێ دەکرێت کاری دۆبلاژ بکەم. بێگومان کولتوورێکی بێگانەو دوور لە دابونەریتی کوردەواری هێناوە، خەریکە ئەم کولتوورە لە نێو خەڵکدا پەل وبپی بهاوێت، بەشێک لە خەڵک هەیە ئێستا دەیەوێت وەکو تورکیا بژیت، ئەوەی لە درامایەکان دەبینێت لاسایی دەکاتەوە، بەراستی زۆر زۆر دیاردەیەکی خراپ و مەترسیدارە.
سەبارەت بە چارەنووسی دراما كوردییەكان نەرمین كاوانی دەڵێ: ئێمە بە عەشقەوە كاری هونەری دەكەین، چونكە بێ هیوا دەبیت و سارد دەبیتەوە، بەڵام نەرمین کاوانی بەردەوام گیانی دەخوورێت بۆ کاری هونەری، دەمەوێت بچمەوە بەر کامیرا، دەمەویت بچمەوە سەر شانۆ ئەو پەیامەی هەمە بیگەیەنم، بەڵام ناتوانم، ئەوانەی لێمەوە نزیک هەست بەوە دەکەن، هونەرمەندی راستەقینە هونەر دەچێتە خوێنیەوە زۆر بە ئەستەم دەتوانیت لێ دوور بکەویتەوە، من بەردەوام هەست دەکەم شتێکم لێ وونبووە، ئەویش دابڕانە لە نواندن، کە ئەگەر درێژە بکێشێت بەراستی کارەساتە.