هونەرمەندان: باس لە بایەخی هەڵبژاردن و دەنگدان بە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن

هونەرمەندان: باس لە بایەخی هەڵبژاردن و دەنگدان بە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن
پارتی دیموكراتی كوردستان بە لیستی ژمارە (١٨٤) بەشدارە لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەیەك كەسایەتی ئەكادیمی و پسپۆڕ و دیاری كوردستان لەو لیستەدا پاڵێوراون بۆ ئەوەی ببنە نوێنەری خەڵكی كوردستان لە بەغدا و لە ئاست قورسایی و گەورەیی ناوی پارتی و رێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر بن و داكۆكیكارێكی سەرسەختی مافە نەتەوایەتییەكانی ئەو میللەتە بن بە سەربەخۆییشەوە. ژمارەیەك لە هونەرمەندانی كوردستانیش بەم شێوەیە رای خۆیان سەبارەت بە گرنگیی هەڵبژاردن و دەنگدان بە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان دەربڕی.


ئەكتەر و دەرهێنەری بواری شانۆ كەمال رەئوف هەنجیر:با بەرژەوەندییە حزبییەكان لەسەرووی بەرژەوەندییە گشتییەكانەوە نەبێت

پێویستە عێراق ببێتە دەوڵەتێكی فیدڕاڵی، دیموكراتی، هاوبەش و هەموو ماف وئازادییەكانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئیتنییەكانی تیادا پارێزراو بێت. ئێمەی كوردیش دووەم پێكهاتەی سەرەكیی ئەم وڵاتەین، لەسەر پەیڕەوكردنی سیستەمی دیموكراسی بەشێكی سەرەكین لە داڕشتن و نووسینەوەی ئەو دەستوورە نوێیە . دەستوور دەڵێت هەر چوار ساڵێك هەموو قەوارە سیاسییەكان بۆیان هەیە بەشداری پێشبڕكێی نوێنەرایەتی بۆ پەرلەمانی عێراق بكەن. بە گوێرەی ئەزموونی ئەو چەند خولەی پێشوو، دەسەڵاتی مەركەزی لە ڕێی فشاری جۆراو جۆرەوە، رێگری تەواوی لە جێبەجێكردنی ئەو ماددە دەستوورییانە كردووە كە بە یاسا مافی گەلەكەمانی تیادا پارێزراوە. بۆیە دەبوایە لەم خولەدا بە بەرنامەیەكی تۆكمە و بە بەشداریكردنی سەرتاسەری جەماوەر، روومان لە سندوقەكانی دەنگدان بكردایە. پێویست بوو قەوارە سیاسییە كوردییە بەشداربووەكان بە یەك هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەیی دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن بكردایە، ئەو دەمە سەنگی كورد لە بەغدا زۆر لە گۆڕاندا دەبوو، بەڵام بەداخەوە هەر لە سەرەتای بانگەشەكردنەوە شپرزەییەكی تەواو بە ناوماڵی سیاسیی كوردییەوە دیارە. زەرەرمەندی یەكەمیش چارەنووس ودواڕۆژی سیاسیی كوردە. هێشتا كات ماوە بۆ بەخۆداچوونەوە، هیوادارم چیتر بەرژەوەندییە حزبیەكان لەسەرووی بەرژەوەندییە گشتییەكانەوە نەبێت، بەتایبەتی لەسەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان.



هونەرمەند كامەران حاجی ئەلیاس: دەنگ بەو لیستە دەدەم كە خەونەكانی گەلەكەم دێنێتە دی

دەنگدان مافێكی سەرەتایی هەموو تاكێكی سەرووی تەمەن (18) ساڵانە و یەكێكە لە بنەماكانی دیموكراتی لە هەر وڵاتێكدا، لە دوای راپەڕینیش ئەو پرۆسەیە لە هەرێمی كوردستان تا راددەیەك سەركەوتوو بووە، بێگومان بێ كێشەو كەموكوڕییش نەبووە. ئەوەی گرنگە لەلای من دەنگدەرەكەیە، بەداخەوە تاوەكو ئێستاش هەر بە سۆزو عاتیفە دەنگ دەدن، بێ ئەوەی كارنامەی ئەو لیستە، یان ئەو كاندیدەی هەڵیدبژێرێت و دەنگی پێ دەدات، بخوێنێتەوە، بێگومان ئەمەش هەڵەیەكی گەورەیە، راستە پێویستە مێژووی حزب و رابردوو و خەباتی حزب لەبەرچاو بگیرێت، بەڵام گرنگە كارنامەی حزبەكەش بخوێنیتەوە، لەوانەیە تا رادەیەكیش نەبوونی متمانە لە جێبەجێ نەكردنی كارنامەی لیستەكان هۆكار بێت بۆ ئەوەی دەنگدەر بەرنامەی لیستەكە نەخوێنێتەوە. حەز دەكەم لێرەدا وەك نموونەیەك باس لە ئافرتێكی تەمەن (70) ساڵانی ئەمریكی بكەم لەسەردەمی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا لەسەردەمی بوشی كوڕدا، لە تیڤی ئەم ئافرەتەم بینی لە رێگادا بوو، دەچوو بۆ دەنگدان، پەیامنێری تیڤییەكە لێی پرسی: دەنگ بە چ حزبێك دەدەیت؟ لە وەڵامدا گوتی: من ئەندامی پارتی كۆماریم، بەڵام دەنگ بە پارتی دیموكراتی دەدەم! پەیامنێرەكە لێی پرسی بۆ؟ لە وەڵامدا گوتی: چونكە بەرنامەكەیانم خوێندەوە، زۆرم بەدڵ بوو، لە كارنامەی حزبەكەم باشتر بوو. هەرچەندە ئەو ئازادییە رەهایە لە وڵاتی ئێمەدا نییە، بە واتایەكی تر هیچ ئەندامێكی حزبێك نییە بە ئاشكرا بڵێت من ئەندامی ئەو حزبەم، بەڵام دەنگ بە حزبێكی تر دەدەم، لەبەر ئەوەی كارنامەكەیم بەدڵە. ئەو هەڵبژاردنەی 12/5/2018 بۆ پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێ، بەشداریكردنی هەموو كورد تێیدا لە دەرەوەو ناوەوە گرنگە، بۆ ئەوەی لەو بارودۆخە لە رێگەی یاساوە بتوانین مافەكانمان بەدەست بێنن..لەبیرمان نەچێت یەكێك لە ئازادییەكانی بنەماكانی دەنگدان نهێنیی دەنگدانە..گومان لەوەشدا نییە دەنگ بەو لیستە دەدەم كە خەونەكانی گەلەكەم دێنێتەدی.


هونەرمەند تەها دارا ئاغایی: پێویستە نوێنەرانمان داكۆكیكار و بەرگریكاری مافەكانی گەلی كوردستان بن

بە بڕوای من مادام كوردستان هێشتا بەشێكە لە عێراق و بەپێی یاسا و دەستوور گرێدراوی ئەو وڵاتەیە، پێم باشە هاووڵاتیان بە شێوەیەكی بەرفراوان بەشداریی دەنگدان بكەن و پرۆسەكە بە گەرموگوڕی بەڕێوەبچێت، چونكە دیارە تا ئێستا زۆر كاروباری هەرێمی كوردستان لە بەغداوە بڕیاری لەسەر دەدرێت، وەك بودجە و مووچەی فەرمانبەران، ئەمەش پێویستی بە كاركردنی زۆری نوێنەرانی كورد هەیە، بۆ ئەوەی داكۆكی و بەرگری لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن، تاكو لە رێگای ئەو داكۆكی و بەرگریكردنەی نوێنەرانمان هاووڵاتیانی كوردستانیش لە مەینەتی و بێ مووچەیی و قەیرانی ئابووری رزگاریان بێت و لە ژیانێكی سەربەرزانە و ئاسوودە بژین. من وەكو هونەرمەندێك هەمیشە ئاواتم ئەوەیە كە خەڵكی كوردستان لە خۆشگوزەرانی و كامەرانی و خۆشیدا بژین و دوور بن لە بەڵا مەینەتییەكانی شەڕ و ناكۆكی و ئاژاوە.


هونەرمەند ودەرهێنەری سینەمایی حەسەن عەلی: دەنگ بدەن بە ١٨٤ بۆ بەدیهێنانی خەونەکانمان

گەلی کوردستان لە دێرزەمانەوە خەباتی کردووە بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانی کە خۆی لە ژیانێکی ئاسوودە و خۆشگوزەرانی و کیانێکی سەربەخۆدا دەبینێتەوە ئەمەش لەو ریفراندۆمەدا بە روونی بە دەرکەوت کە زۆرینەی گەلی کوردستان دەنگی بۆ دا و بە شانازییەوە هیوا و ئاواتەکانی راستەوخۆ بە جیهان راگەیاند.
لە ئێستاشدا کە بارودۆخی جیهان لە بار نییە بۆ ئەوەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانمان هەبێت، پێویستە حزورێکی بەهێزمان هەبێت لە بەغدا بۆ ئەوەی لە رێگای دەستوورەوە مافەکانمان بستێنین، لەمەشدا دەبێ لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەر لە هەر شتێک یەکریز و تەبا بین، لە هەمان کاتدا پێویستە ئەو کەسانە هەڵبژێرین کە بە پراکتیک لە ئاست ئەم بەرپرسیاریەتییەدا بن و بتوانن بەرگریکارێکی بەهێزی مافەکانمان بن و شایەنی ئەو متمانەیە بن کە گەلی کوردستان پێیان دەبەخشێت، وەک سینەماکارێک پێموایە ئەگەر بە ویژدانەوە حوکم بدەین پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی ساڵانی رابردوودا ئەوەی سەلماندووە کە جێگای ئومێدی خەڵکی کوردستانە و ئەو بەڵێنانەی کە بە خەڵکی داوە بەجێیان دەگەیەنێت، سەرەڕای ئەوەی کە خەڵک رەنگە تێبینیشی هەبێت و کارەکان لە ئاستی پێویستدا نەبن، بێگومان ئەمەش هۆکاری خۆی هەبووە و ئاستەنگ و گرفتی زۆر لە بەردەم بەجێگەیاندنی کارەکان درووست کراوە و بەردەوامیش هەوڵ دەدەن کاروانی ئاوەدانی ئەگەر نەتوانن رایبگرن ئەوا بەلای کەمەوە ئاستەنگی بۆ درووست دەکەن، چونکە دوژمن و نەیاران دەزانن کە پارتی ئومێد و بەدیهێنەری خەونەکانی گەلی کوردە.
بۆیە دەڵێم دەنگ بدەن بە لیستی (184) ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەوەی ئاوات و خەونەکانمان بێنە دی و کوردستان ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت و کیانی هەرێمی کوردستان وەک خۆی بمینێتەوە و دوژمنان نەتوانن هەوڵی نەهێشتنی بدەن.
Top