جوان حاجۆ بەم نزیكانە ئەلبوومێكی گۆرانی بڵاودەكاتەوە
جوان حاجۆ ماوەی ساڵێك خەریكی ئەلبوومی فەلەك بووە كە تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری بوو، ئەو ئاشكرای كرد كە یەكێك لە تراكەكانی ئەلبوومەكەی گۆرانییەكە بۆ شەهید شیفا گەردی كە لە 25/2/2017 لە مووسڵ بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی داعشەوە شەهید بوو, تێكستی ئەو گۆرانییە جانۆ شاكر نووسیویەتی. جوان دەڵێت بەنیازە بەم نزیكانە بگەڕێتەوە باشووری كوردستان و گۆرانییەكەی شەهید شیفا كلیپ بكات.
سەبارەت بە جیاوازیی ئەم ئەلبوومەی لەگەڵ ئەلبوومەكانی رابردوو جوان حاجۆ گوتی: "زۆر جیاوازە، هەموو كەسێك خۆی تێدا دەبینێتەوە، كلاسیك، مۆدێل، لە ریتمەكان ئەرەبێسك، رۆك، پۆپ، جاز، هەمووی تێدایە". هەروەها گوتی: "ئەلبوومەكە بەشێوەی دیجیتاڵی لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە بڵاودەكەینەوە، تەنیا 500 دانە سیدی لێ كۆپی دەكەم، ئەویش بۆ دیارییە".
لەبارەی هۆكاری بڵاوكردنەوەی ئەلبوومەكەی لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە دەڵێت: "شتێك نییە بەناوی بازاڕی میوزیكی كوردی، بزنسی میوزیكی كوردی یەكسانە بە سفر".
(جوان حاجۆ)ی، 61 ساڵ، لە شارۆچكەی تربەسپیی رۆژئاوای كوردستان لەدایك بووە، ساڵی 1979 زێدی خۆی جێهێشتووە و لە ئەڵمانیا نیشتەجێ بووە. تەمەنی 17 ساڵان بووە كە لە شوێنی گشتی گۆرانی گوتووە و تاوەكو ئێستا 15 ئەلبوومی بڵاوكردووەتەوە، لە دوو هەفتەی داهاتوودا، 16یەمین ئەلبوومی خۆی بڵاودەكاتەوە, یەكەم ئەلبوومی خۆی ساڵی 1970 بەناوی (ئەمینە ئەمینە) بڵاوكردووەتەوە .
rudaw