هونەرمەندان: لە كاتی دەنگداندا شكاندنی لووتی دوژمنتان لە بیر بێت لە پردێ و سحێلا
هونەرمەندانی كوردستان بەم شێوەیە رای خۆیان سەبارەت بە گرنگیی هەڵبژاردنی و دەنگدان بە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان دەربڕی.
هونەرمەندی بە ئەزموونی كوردستان مامۆستا خەلیل یابە:
هیوادارم خەڵكی كوردستان بە ویژدانەوە دەنگ بدەن بەو لایەنەی كە داكۆكی لە مافەكانیان بكات
بەم شێوەیە باس لە گرنگی هەڵبژاردن دەكات: وەك ماف هەڵبژاردن و دیاریكردنی نوێنەران یەكێكە لە سەرەكیترین مافەكانی هەر تاكێك كە پێویستە گوزارشتی لێ بكات، لە هەمان كاتدا ئاماژە و سیمای دیموكراسییە لە هەر كۆمەڵگایەك، بۆ ئێمەی كوردیش گرنگی زیاترە بەتایبەتی لەو كاتە ناسكەدا پێویستە هەر تاكێك هەست بەو بەرپرسیارییەتیە بكات و مافی خۆی بەفیڕۆ نەدا.
سەبارەت بە دەنگدانی هاووڵاتیان بە لایەنەكان، هونەمرەند خەلیل یابە دەڵێ: هیوادارم خەڵكی كوردستان بە ویژدانەوە دەنگ بدەن بەو لایەنەی كە داكۆكی بكات لە مافەكانیان، ئەو لایەنەی كە دڵنیایە زامنی مافە دەستوورییەكانی دەكات.
هونەرمەندی سینەماكار شاخەوان مستەفا:
دەنگ بەو لایەنە بدەن كە بەر لە داستانی سحێلا و پردێ بە دەیان داستان و نەبەردیی دیكەیان تۆمار كردووە
هەڵبژاردن مافێكی دەستووری و یاسایی هەر تاكێكە، سەرەڕای ئەوەی ئێمەی كورد پێش چەند مانگێك لە پرۆسەیەكی دیموكراتی بەشداریمان كرد بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆمان لەگەڵ عێراق، پێشتر و ئێستاش هەمان هەڵوێستمان هەیە و نەگۆڕاوە سەبارەت بە چارەنووسمان لەگەڵ عێراق، بۆیە بۆ ئێمەی كورد هەڵبژاردن جگە لەو مافە یاساییە هۆكارێكیشە بۆ زامن كردنی مافە رەواكانمان، ئەو مافانەی كە لە دەستووردا هاتووە بۆ ئەوەی نەتوانن بەو رێگایەوە مافەكانمان پێشێل بكەن، سەبارەت بەو لایەنانەی كە دەتوانن ئەو مافانە زامن بكەن، بێگومان بۆ هەموو لایەك روون و ئاشكرایە كە لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان و كاندیدەكانی باشترین نوێنەر دەبن بۆ پاراستنی مافەكانمان، هەروەك چۆن لە مەیدانەكانی شەڕ بینیما چۆن بەرگرییان لە خاكی كوردستان كرد، شەڕی داعش و نەبەردییەكان لە بەرەكانی جەنگ و لوت شكاندنی میلیشیاكان لە پردێ و سحێلا كە هەوڵی داگیركردنی كوردستانیان دەدا باشترین نموونەنە، بۆیە پێویستە دەنگ بەو لایەنە بدەن كە بەر لە داستانی سحێلا و پردێ بە دەیان داستان و نەبەردیی دیكەیان تۆمار كردووە و بە خوێنی هەزاران شەهید ئەم ئەزموونەیان پاراستووە و دڵنیاین لە داهاتووشدا هەر پارتییە كە زامنی پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەبێت، بۆیە شایەنی ئەوەن كە دەنگی خۆمان بە لیستی پارتی ژمارە 184 بدەین.
عەلی کەریم : پێویستە پابەندی دەرەنجامەکانی ریفراندۆم بین
پڕۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان ناجۆر نییە لەگەڵ چوونە سەر سندوقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرا، چونکە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە ئەنجامی بێ متمانەیی و پێشێلکردنی دەستوور بووە، دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران سەنگەر قایمکردنە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشێلکارییەکانی ئێستای دەسەڵاتی عێراقە، سیستمی ئێستای عێراق ئەوەندەی تایفەگەرییە، ئەوەندە سیستمێکی دیموکراسی نییە،بەپێی دەستوور کورد و عەرەب و هەموو تایفەکانی دیکە بەشدارن لە حوکمڕانی، بەڵام لە راستیدا پێچەوانەیە، ئەگەر کورد هەستی بە شەراکەتی حەقیقی بکردبا بۆ پەنای دەبرد بۆ ریفراندۆم، ئەگەرچی مافێکی تایفە، گەلان و نەتەوەکانی دنیایە، هەر لەبەر ئەمە پێویستە پابەندی دەرەنجامەکانی ریفراندۆم بین کە زۆرینەی خەڵکی باشوور دەنگیان بۆ داوە. لە هەمان کاتیشدا لەسەر ئاستی عێراق لە تەواوی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئاستی پێویستدا بین، چونکە ئەنجومەنی نوێنەران دەرگایەکی تەشریعی یاساییە، هەرچ پێشێلکردنێک لە دەستوور متمانە و شەراکەتی حەقیقی لە دەست دەدات.
بەهائەدین هەڵەبجەیی: پێویستە زۆرترین نوێنەرمان لە عێراق هەبێت
من پێموایە ئێمەی کورد هەرچەندە زۆرینەی رەهامان دەنگمان بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان داوە و ئامانجمان جیابوونەوە لە عێراق و درووستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان بوو، بەڵام لە ئێستادا و لەو بارودۆخەدا کە هێشتا ئەو ئامانجەمان نەهاتۆتە دی، بۆیە وای دەبینم کە باشترە بەشێوەیەکی بەرفراوان بەشداریی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا بکەین تا بتوانین زۆرترین نوێنەری کورد بنێرینە پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی داکۆکی و بەرگریی زیاتر لە مافە دەستوورییەکانی کورد و ئامانجەکانی ریفراندۆم بکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ رەوشێكی خراپ تەنگی بە هاووڵاتیانی کوردستان هەڵچنیوە و ژیانی زەحمەت کردوون، من دەڵێم دەڵێم ئێستا وا باشە بەپێی داخوازی رۆژگارە هەڵسوکەوت بکەین بە هیچ پاساوێک خۆمان لە پرۆسەکانی هەڵبژاردنی گشتی کوردستان نەدزینەوە.
مامۆستا جەمال ئەدیب سەرۆكی تیپی مۆسیقای دهۆك:
دەنگ بەو لایەنە بدەن كە زۆرترین قوربانیی داوە و دەیان داستان و نەبەردیی تۆمار كردووە
دیارە ئێمە بەرەو هەڵبژاردنێك هەنگاو دەنێین كە تێیدا مافە رەواكانی گەلەكەمان لە رێگای دەستوورەوە دەپارێزرێت ئەمەش دەبێتە ئەركی ئەو كەس و لایەنانەی كە متمانەی زۆرترین خەڵكی كوردستان بەدەست دەهێنن و لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتییە گەورەیە دەبن، بەتایبەتی لە دوای پرۆسەی ریفراندۆم كە زۆرینەی گەلی كوردستان دەنگیان بۆی دا، لە ئێستادا كوردستان لە جەنگێكی دیكەدایە ئەویش جەنگی چەسپاندنی مافە دەستوورییەكانمانە، باشترین هۆكاریش بۆ بەدەستهێنانی ئەم مافانە و چارەسەركردنی گرفتەكانمان یەكریزی و تەبایی نێوان هەموو لایەنە كوردستانیەكان و كار كردنی هاوبەشە لە پێناو كوردستان و دوور كەوتنەوە لە بەرژەوەندی تاكە كەسی یان حزبی و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ئەویتر،لە هەمان كاتدا پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكانیش سەنگ و قورسایی خۆیان بزانن و هەوڵ نەدەن ئارامی و سەقامگیری كوردستان تێك بدەن تەنیا لەبەر ئەوەی كە قەوارەكەی یان ژمارەی دەنگدەر و لایەنگرانی لە لایەنێكی دیكە كەمترە، چونكە میللەتەكەمان چیتر بەرگەی ئەو بارودۆخە ناگرێت.
من لێرەوە داوا لە خەڵك دەكەم ویژدانیان بكەنە حەكەم و دەنگ بەو كەس و لایەنانە بدەن كە چەندین ساڵە لە پێناو سەرخستنی گەلی كورد و گەیشتن بە ئاواتەكانی هەوڵ و خەباتی بێ وچانیان كردووە و لە مەیدانی خەباتی چەكداری و قوربانیدان بە سەدان شەهیدیان پێشكەش بەو خاكە پیرۆزە كردووە و بە دەیان داستان و نەبەردییان لە مێژووی گەلەكەماندا تۆمار كردووە، هەروەها دڵنیان دەتوانن گوزارشت لە مافەكانیان بكەن و پارێزەرێكی راستەقینەی مافەكانی گەلی كورد بە رێگای دیموكراسی.
هونەرمەند غازی شینە: دەنگمان بۆ ئەو لایەنەیە كە زۆرترین خەباتی كردووە و زامنی پاراستنی مافەكانمانە
من وەكو هونەرمەندێك وای دەبینم كە هونەرمەندان لە ناو كۆمەڵگادا پێویستە پشكی شێریان بەر كەوێت لە هەر كار و خزمەتێك كە ببێتە هۆی بەجێ گەیاندنی ئەركی نیشتمانی و لە پێناو خاكی كوردستان و ئەزموونی چەند ساڵەی رابردووش ئەوەی سەلماند كە هونەرمەندان لە ئاست ئەو بەرپرسیارییەتە بوون، بۆیە منیش وای بە باش دەبینم كە پێویستە خەڵكی كوردستان دەنگ بدەن بۆ ئەوەی دەنگی كورد لەو هەڵبژاردنەدا سەركەوێت، هەرچەندن میللەتی كورد بە هەزاران شەهیدی بەخشیوە بۆ بەدیهێنانی خەونی راستەقینەی سەدان ساڵمان كە ئەویش سەربەخۆیی كوردستانە، بەڵام دوژمنان و ئەوانەی ئەو مافەمان پێ رەوا نابینن كۆسپ و بەربەستی زۆرمان بۆ درووست دەكەن بۆ نەگەیشتن بەو خەونە. لە بەرامبەردا نابێ ئێمەش دەستەوەستان راوەستین، پێویستە هەمیشە هەوڵ بدەین و لە سڵ نەكەینەوە لە خەبات و تێكۆشان ئەوە ئاواتی ئێمە بووە، بەڵام لە ئێستادا لەمپەری بۆ درووستبوو و وەك دراوسێ ماوینەتەوە.
لە ئێستاشدا كە بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆن پێویستە هەوڵ بدەین مافە دەستوورییەكانمان بەدەست بهێنن و بەشداری بكەین لە هەڵبژاردن و دەنگ بەو هێز و لایەنە بدەین كە زۆرترین خەباتی كردووە لە پێناو كوردستان و زۆرترین قوربانیی لەو رێگایەوە بەخشیوە، چونكە دڵنیا بن هەر ئەو هێزەیە كە زامنی پاراستنی مافەكانی گەلی كورد بووە بە درێژایی مێژوو و لە ئێستا و داهاتووشدا بە هەمان شێوە دەبێت.