رەنگی پێستی بریانكا لە چی بێبەشی كردووە؟

رەنگی پێستی بریانكا لە چی بێبەشی كردووە؟
خانمە ئەكتەر و گۆرانیبێژی هیندی بریانكا شۆپرا رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی بە جوانی ناسراوە، بەڵام رەنگی پێستی لە زۆر شت بێبەشی كردووە، بەتایبەتی بەشداریكردنی لە چەند فیلمێك كە زۆر حەزی دەكرد رۆڵی تێدا ببینێ.
شوپرا لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری InStyle وتی: زۆر جار تووشی ئەم هەڵوێستانە بوومەتەوە كە دوایینیان لە ساڵی رابردوو بوو، كە من پاڵێوراو بووم بۆ بینینی رۆڵی سەرەكی لە فیلمێكدا، پێشتریش ئەمەیان پێم راگەیاندبوو و لەبەر ئەوەی حەزم لەو رۆڵە بوو، خۆیشم ئامادە كردبوو، بەڵام لە دوایین ساتدا كەسێك لە ستۆدیۆ پەیوەندی بە بەڕێوەبەری كارەكانمەوە كرد و پێی وت بەداخەوە شوپرا كەسێكی گونجاو نییە بۆ ئەم رۆڵە.
بریانكای تەمەن 35 ساڵ لە بارەی كاردانەوەی دوای گوێبیستنی ئەم هەواڵە وتی: كە پێیان راگەیاندم، پرسیم هۆكاری ئەم دوورخستنەوەی من چی بووە و ئەمە مانای چییە؟ ئایا پێویستە كێشی لەشم دابەزێنم؟ لە وەڵامدا بەڕێوەبەری كارەكانم وتی: بەداخەوە دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری فیلمەكە ئەكتەرێكیان ناوێ كە پێستی ئەسمەر بێت، ئەمەش تا راددەیەك نیگەرانی كردم.
ئەم خانمە ئەكتەرە ئەوەشی راگەیاند كە كرێی بەشداریكردنی بەپێی فیلمەكان دەگۆڕێت.
Top