حەسنا لەعكوبی: دەرفەت بە گەنجەكان نادەن، بۆیە دراما توركییەكان كەناڵەكانیان داگیر كردووە
* چۆن بوو هاتیتە نێو بواری نواندن؟
- نواندن لای من هەر لە منداڵییەوە وەك بەهرەیەك بوو، هەروەها خۆشەویستیشم بۆ نواندن هەبوو، لەبەر ئەوە پەیوەندیم بە پەیمانگاوە كرد و بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە بواری شانۆی درامیم خوێند.
* ئەی سەبارەت بە نمایشكاری جلوبەرگ و مۆدێل، چۆن بوو رووت لەو بوارە كرد؟
- لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا لە بواری نمایشكاری جلوبەرگ كارم كرد و لەو بوارەوە بەردەوام بووم، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت بەردەوامم، هۆكاری ئەوەش بۆ باڵام دەگەڕێتەوە كە ئەو بوارەم زیاتر بۆ دەڕەخسێنێت و هەر ئەو بەهرە خواییەش بوو كە دەرگاكانی بواری نمایشكاری جلوبەرگی لە بەردەمم كردەوە.
* چی وایكردووە كــــــە تــــــۆ لە بــــواری نـــــواندن و نمایشكاریی جلوبەرگدا بەردەوام بی لە كاركردن و ئایا هیچ پەیوەندییەك لە نێوانیاندا هەیە؟
- ئەوەی كە دەرفەتی بۆ من رەخساندووە لە بواری نواندن و نمایشكاری جلوبەرگدا كار بكەم زیاتر روخسار و شێوەیە، چونكە روخسار بەشێكی سەرەكییە و پێویستی بە كەسێكە كە لەشی زیاد و كەم نەبێت، و اتە پڕ بێت، منیش باڵا و بەژنم یارمەتیم دەدەن كە لە بواری مۆدێل و ریكلامدا كار بكەم، ئەمەش كارێكی ئاساییە و یارمەتی ئەكتەر دەدات بۆ ئەوەی ناوبانگی زیاتر بێت و دەركەوێت.
* خۆت زیاتر حەزت لە كام بوارە، نواندن، یان مۆدێل و نمایشكاری جلوبەرگ؟
- ئەوەی راستی بێت، زیاتر حەز لە بواری نواندن و شانۆ دەكەم، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا لە وڵاتانی عەرەبی ئەو دەرفەتەم بۆ نەڕەخساوە كە من شایەنیم، واتە مافی خۆم پێ نەدراوە، تا ئێستا ئەو دەرفەتەی خەونی پێوە دەبینم، بۆم نەهاتۆتەدی، سەرەڕای ئەمەش حەز دەكەم لە ریكلامەكاندا نواندن بكەم، بۆ ئەوەی زیاتر بناسرێم و هەوڵ بدەم تواناكانم پێش بخەم و بگەمە ئەو ئاستەی كە خۆم دەمەوێ پێی بگەم.
* پەیامت چییە بۆ ئەو گەنجانەی كە دەیانەوێ لە بواری نواندن و مۆدێل كار بكەن؟
- پەیامی من بۆ گەنجانەی كە خەون و ئاواتیان هەیە، ئەوەیە كە پێویستە دەست بە خەونەكانیانەوە بگرن، بۆ ئەوەی پێی بگەن و هەوڵ بدەن و ئارام بن بۆ گەیشتن بە خەونەكانیان سەرەڕای سەختی بارودۆخی ژیان.
* جەماوەر ئێستا پێویستی بە چییە؟
- جەماوەری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی حەز لە كار و هونەرمەندی گەنج دەكەن، بەڵام گرفتەكەیان ئەوەیە كە دەرفەتی زۆر بە ئەكتەرە گەنجەكان نادەن، بۆیە دەبینین كە دراما توركییەكان گشت كەناڵەكانیان داگیركردووە بەتایبەتی كەناڵە عەرەبییەكان، چونكە جەماوەری وڵاتانی عەرەبی حەز دەكەن، دەموچاوی نوێ ببینن كە چاویان پێیان نەكەوتبێت، بۆیە پێویستە كەناڵە عەرەبییەكان دەرفەت بە گەنجان بدەن لە هەمان كاتدا وەك دراما توركییەكان دیمەنی جوانی شوێنەكانیش زیاتر نمایش بكەن.
* ئەو ئەكتەرانە كێن كە تۆ حەز دەكەی لەگەڵیان كار بكەی؟
- بێگومان زیاتر ئەو ئەكتەرانەی كە خەز دەكەم كاریان لەگەڵدا بكەم، میسرین، بەتایبەتی ئەوانەی كە خاوەن جەماوەری زۆرن، وەك هونەرمەندی گەورە عادل ئیمام، محەمەد رەمەزان، محەمەد هێندی كە هونەرمەندی زۆر گەورەن لە بواری كۆمیدیا.
* دوایین كاری هونەریت چییە؟
- ئێستا پاڵێوراوم بۆ بەشداریكردن لە كارێكی سینەمایی لە میسر كە دوای مانگی رەمەزان دەست پێدەكات، بەڵام تا ئێستا دیار نییە كێن ئەوانەی لەگەڵمدا بەشداری دەكەن، لەلایەكی دیكەوە خۆم ئامادە دەكەم بۆ بەرنامەی (عراب ستایل) لەگەڵ كۆمپانیایەكی دابەشكردنی بەرهەمی هونەری و بڕیار وایە ئەم بەرنامەیە لە چەند كەناڵێك نمایش بكرێت، چونكە تایبەتە بە جلوبەرگی رەسەنی گەلان و لە (10) وڵاتیش نمایش دەكرێت، هەروەها بەرنامەیەكی دیكەشم تۆمار كردووە سەبارەت بەو كەسانەی لە تاراوگە دەژین، هیوادارم ئەم بەرنامەیە بە دڵی جەماوەر بێت و ببێتە هۆكارێك بۆ زیاتر دەركەوتنم و سەركەوتنم لە بواری پێشكەش كردنی بەرنامەی هونەری لە كەناڵە تەلەفزیۆكان، هەروەها پڕۆژەیەكی هونەریی گرنگم لەبەر دەستە لە بەرهەمهێنانی موفید مەرعی و دەرهێنەری ناسراوی لوبنانی سەعید ماروق.
* بۆچی زۆربەی كاتت لە میسر بەسەر دەبەی؟
- من بەشێوەیەكی كاتی لە میسر نیشتەجێم، چونكە دەمەوێ وەك ئەكتەر لە میسرەوە دەربكەوم، بۆیە پێویستم بەوەیە شێوەزاری میسری باش فێر بم و زیاتر ناوەندەكانی هونەری لەو وڵاتە بناسم، هەروەها دەرفەتی كاركردنی هونەری و راگەیاندنیش لەو وڵاتە زۆرە، جگە لەمانە لە بواری كاری گەشتیاری و ریكلامیش لە میسر دەرفەتی زیاتر هەیە.
* بڕیار وابوو سەردانی كوردستان بكەی، بۆچی ئەو سەردانەت ئەنجام نەدا؟
- ئەم سەردانە لە چوارچێوەی تۆمار كردنی بەرنامەیەك و ڤیدیۆ كلیپێك بوو لەگەڵ كەناڵی (الحنین) و دەرهێنەر سۆران شەریف، بەڵام بە هۆی چەند بارودۆخێكی تایبەتەوە نەمتوانی بێم، چونكە ئەو كاتە لە میسر بووم.
* جوانی لە سەركەوتنی ئەكتەری ئافرەت چ رۆڵێكی هەیە؟
- من پشتم بە توانا و بەهرەی خۆم بەستووە، چونكە پێویستە بەهرەی هونەریت هەبێت، تا بتوانیت بوونی خۆت بسەلمێنی، من تا ئێستا دەرفەتی زۆرم بۆ نەڕەخساوە، تاكو بتوانم هەموو توانا و بەهرەكانی خۆمی تێدا دەربخەم، یان فیلمێكم پێشكەش كرابێت كە بە تەواوی لێی رازی بم، هیوادارم لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەو دەرفەتەم بۆ بڕەخسێ و مەرج نییە تەنیا لە مەغریب بێت.
* واتە پشتت بە جوانیت نەبەستووە؟
- لە نواندندا دەموچاو و جوانیی دەرەوە رۆڵی سەرەكییان هەیە، پێویستە هونەرمەند دەموچاوێكی گونجاوی هەبێت بۆ ئەوەی دەربكەوێت، بەڵام من حەز ناكەم تەنیا پشت بە جوانی ببەستم و بەو جۆرە رۆڵانە بناسرێم كە جورئەت و ورووژاندنیان زیاتر تێدایە، بەڵكو رۆڵی جیاوازم دەوێ دوور لەوەی كە پشت بە جوانی و بەژن و باڵای خۆم ببەستم.