بازی بێریان..تابلۆیەک لە ژیان و کولتووری کوردەواری
لەم رۆژانەدا خاتوو شنۆ شواری، کە خەریکی خوێندن و ئامادەکردنی نامەی ماستەرە، رووی لێ نام کە لەسەر لایەنێکی کولتووری کوردەواری را و سەرنجی خۆمی پێ بڵێم، چونکە نامەکەی تایبەت کردووە بەم لایەنە جوانەی ژیانی کوردەواری، ئەویش بابەتی (بێرکردن) و بازی بێریانە لەناو کوردەواریدا. سەرەتا دەستخۆشی لەو خاتوونە بەڕێزە دەکەم بۆ گرنگیدانی بەم لایەنەی ژیان و کولتووری کوردەواری، کە هەڵبەتە لە رۆژگاری زووەوە تا ئێستاکەش بەشێکی بەرچاوی گوندنشینان و ئاژەڵداران لەسەر هەمان رێچکەی جاران پەیڕەوی ئەو کولتوورە دەکەن.
بێرکردن لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا، کە کۆمەڵگەیەکی شوانکارە و کشتوکاڵی بووە، بریتی بووە لە هێنانەوەی مێگەلی مەڕ و بزن بۆ نزیکترین شوێنی ماڵ و دۆشینی شیریان، بۆ دروستکردنی ماست و پەنیر و ژاژی و شیرێژ و کەشک و دۆ و رۆن، ئەویش بە شێوەیەک کە مێگەلەکە لەناو چەپەرێک دەکران و لە زارکی چەپەرەکە شوانکارێک لەسەر بەردێک و لە بەرامبەریدا بێریوان لەسەر بەردێک دادەنیشت، شوانکارەکە بە دەست و قۆڵی سەری بزن یان مەڕێکی دەگرت و لای گوانەکانیشی دەکەوتە بەردەم بێریوانی مەڕدۆش و ئەویش بە دەست و پەنجەکانی شیرەکەی لێ دەدۆشی و بڕێکیشی بۆ کار، یان بەرخەکەی دەهێشتەوە، ئەگەر هەیبا، دەنا هەمووی لێ دەدۆشی، ئینجا شیرەکەیان دەهێنایەوە ماڵێ و سەر ئاگریان دەنا و بڕێک هەوێنیان لەگەڵ دەکرد و دەیانکوڵاند و ئەوەی مەبەستیان بوایە لە ماست و پەنیر و شیرێژ و لۆر و ژاژی دروستیان دەکرد.
پێشتر کە کۆمەڵگەی ئێمە زیاتر لادێیی بوو، ئەوا لە دەشتی هەولێر و زوورگەکان، لە دەوروبەری شار و تا شارۆچکە و گوندە دوورە دەست و زۆزانەکان، زۆرینەی خەڵک خەریکی ئاژەڵداری و کشتوکاڵی بوون، هەڵبەتە ئەم کولتوورەی (بێر)کردنە و هەروەز و جۆماڵکردن و دروێنە و باقی کاروبارەکان هەبوون و زیاتریش بە زبارە و هەرەوەز ئەنجام دەدران، بەڵام لەگەڵ ئەوەی بارودۆخەکان گۆڕانیان بەسەردا هات و خەڵک بە چەندین هۆکارەوە، سیاسی و ئابووری و نائارامی و بێکاری و وێرانکردنی لادێ و گوندەکان لەلایەن رژێمەکانی عێراق، ناچار بوون روو بکەنە شارەکان، ئەوا لەو کار و پیشە و کولتوورانە دوور کەوتنەوە، تا گەیشتە رۆژگاری ئەمڕۆ کە دەبینین نەوەی ئێستا زیاتر کەوتۆتە ژێر کاریگەریی تەکنەلۆژیا و لە رەسەنایەتی دوور کەوتۆتەوە.
هەرچی سەبارەت بە بێرکردن و شێوازەکەی و بێریوان لەناو ئەدەبی کوردیدایە، ئەوا شوێنی تایبەتی هەیە و رەنگی تیادا داوەتەوە، ئەوەتا شاعیری گەورەی کورد مام هێمن شیعری (شەنگەبێری) وەک شاکارێک نووسیوە و هونەرمەند حەمە جەزا بە دەنگە خۆشەوەک گوتوویەتیەوە، وەک چۆن (وەفایی)ی گەورە شاعیر شیعرە بەناوبانگەکەی (شیرین تەشی دەڕێسێ)ی نووسیوە و چەندین گۆرانیبێژی وەک ماملێ و خالقی و . گوتوویانەتەوە، هەروەها عوبەیدوڵا ئەیووبییان شیعری (بازی بێریان)ی نووسیوە، کە دواتر کۆمەڵێک گۆرانیبێژی دەنگخۆش بە شێوەی جیاجیا گوتوویانەتەوە، لەوانە هونەرمەندان (حەسەن زیرەک و محەمەدی ماملێ و مەزهەری خالقی و خوسرەوی ماملێ و حاجی عەبدوڵا بلووریان و (رهام سبحانی و حوسێن سەفامەنش- بە دووقۆڵی) و چەندینی تر.
ئەمەش شیعرەکەی بازی بێریانە:
بازی بێریان چڕ و کێوە
بێری دێن گوارەیان پێوە
تەشی دەڕێسن بەڕێوە
ڕادەبرن، دڵ دەبەن، بە غەمزەی چاوان
بە برژانگ کون دەکەن، جەرگ و هەناوان
بازی بێریان لە گەڕاوە
لەنێو گیا مەندووکیان خاوە
قیبلەی ئاواتە بۆ دڵان
بازی بێریان، دوورە دەستە
بێری دێن، دەستە بە دەستە
هەرچی ڕادەبرێ، چاو مەستە
بازی بێریان، دوورە دێیە
بێری دێن، شیرمەشکیان پێیە
خۆم ڕاوەستاوم لە سەر ڕێیە
یار گۆڵی خۆی چاوی لێیە
هەرچی سەبارەت بە تابلۆی شێوەکارییە بۆ ئەم بەرهەمە کولتوورییە کوردەوارییە، ئەوا بێگومان هونەرمەندانی پێشتر لە تابلۆکانیان ئەو شێوازەی بێر و بێریوانیان بەرجەستە کردووە، زۆر جار وا بووە کە لە پێشانگاکان تابلۆی بێریمان بەرچاو کەوتبێ، بەڵام ئێستا وەک گوتم کە کۆمەڵگهیەکە زیاتر رووی لە تەکنەلۆژیا و پیشەسازییە، هەڵبەتە کاریگەریی بەسەر هونەریشەوە داناوە و ئەوانیش بەلای قوتابخانە هونەرییەکانی ئەوروپا و دنیای دەرەوەدا دەچن.
وەک ئاماژەم پێداوە، لە ئەدەب و نووسیندا و هەمیش لە بواری هونەردا کەم تا زۆر ئەو پیشەوەری و کارە فۆلکلۆری و کولتوورییە کوردەوارییە رەسهنانە وەک کەرەستەی بەرهەمی ئەدەبی، یان هونەری بەکار هاتوون، بۆ روونکردنەوەی زیاتری وەڵام، دەبێ بچین دیوانی شاعیران و چیرۆک و نووسینەکانی ئەدیبانی کورد لەو مەیدانەدا هەڵدەینەوە، کە ئەوە لێرە کاری ئەم بابەتە نییە و کار و ماوەی زۆری دەوێت، بەڵام گومانی تێدا نییە کە ئاماژەیان بۆ کراوە و بەکار هێنراون.
تا چەند ساڵێک بەر لە ئیمڕۆ، کە هێشتا عەولەمە و تەکنەلۆژیا سەری نەکردبوو بەناو ماڵەکانمان و کۆمەڵگهکەماندا، ئەوا بابەتە کولتووری و فۆلکلۆری و رەسەنەکان لە تەواوی ژانرە ئەدەبییەکاندا بەکار دەهاتن، لە ناویشیاندا هونەرەکان بە گشتی، بەڵام لەبەر ئەوەی گۆڕانکارییەکان خێرا روویاندا و تەوژمی عەولەمە و تەکنەلۆجیا لەپڕدا گەیشتە ناومان، زۆر لە داب و کولتوور و سیما رەسەنەکانیان کاڵ کردەوە و ئەگەر دامەزراوەی تایبەت بە فۆلکلۆر و کولتووری رەسەن فریای نەکەون و بارەکە راست نەکەنەوە، ئەوا نەوەی داهاتوو هیچ لە بارەی کولتوور و فۆلکلۆری باب و باپیرانی نازانێ و تەواو دەبێتە کۆیلەی تەکنەلۆژیا و دەرکەوتەکانی.
(بازی بێریان) و (شەنگەبێری) و (شیرین تەشی دەڕێسێ) و (کچان دەچنە مێرگۆڵان) و دەیان شاکاری دیکەی ئەدەبی کە شاعیرانی گەورە نووسیویانە و گۆرانیبێژە رەسەن و میللییەکان بە جوانترین شێوە گوتوویانەتەوە و بە نەمرییان هێشتوونەتەوە، بەشێکیش بوون لە دەوڵەمەندکردنی بەرهەمە ئەدەبییەکان. گومانم نییە کە لە ئەدەبی سەر زارەکی و بەند و پەند و بالۆرەشدا شوێنی ئەو بابەتە رەسەنانە هەیە، بۆ نموونە گوتوویانە (مەڕ دۆشتن و قەزوان کرۆشتن نەگۆترایە)، واتە ناکرێ کابان کارێ بکا، یان شەنگەبێری بە دەستێ مەڕ بدۆشێ و بە دەستەکەی دیکە قەزوان بخاتە ناو دەمی، یان خەریکی شتێکی دیکە بێ، بە مانای هەر کارە و لە کاتی خۆی. هەڵبەتە پەند و ئیدیۆمی دیکەیش هەن کە ئەم تابلۆی بازی بێریانەیان بەرجەستە کردووە، بەڵام کات و سەلیقەی دەوێ و دەبێ بگەڕێینەوە سەر نووسراو و بەرهەمەکانی پێشوو، بۆ ئەوەی نموونەی لێ وەربگرینەوە.