رانی هەست بە گەشانەوە و خۆشی دەكات

رانی هەست بە گەشانەوە و خۆشی دەكات
دوای ئەوەی خانمە ئەكتەری ناسراوی بۆڵیۆد رانی مۆخرجی ژیانی هاوسەری لەگەڵ ئەدیتیا شوبرای خاوەن گەورەترین كۆمپانیای بەرهەمهێنانی بۆڵیۆد (یاش راج فیلم)، پێكهێنا لەو كاتەوە لە میدیاكان دووركەوتۆتەوە و بەشی زۆری ژیانی لە ئیتاڵیا بەسەر دەبات بە جۆرێك كە بەشێكی زۆر لەو كەسانەی رەخنەی لێدەگرن، باس لەوە دەكەن كە ئەستەمە جارێكی دیكە بگەڕێتەوە بەردەم شاشە و بەشداری لە فیلمدا بكات.
رانی هەر زوو وەڵامی ئەم رەخنانەی دایەوە بە گەڕانەوەی بۆ سینەما، بەتایبەتی دوای نمایشكردنی فیلمی (ماردانی)، بەڵام دواتر دووبارە دووركەوتەوە بۆ ماوەیەكی زۆر دوای ئەوەی منداڵێكی بوو، دیسان بە فیلمی (Hichki) گەڕایەوە، لەم بارەیەوە رانی مۆخرجی كە تەمەنی بوو بە 40 ساڵ لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ رۆژنامەی (Indian Express) وتی: هەست دەكەم لەم رۆژانەدا دەموچاوم گەشاوەتر و جوانترە، ئەمەش هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەركەوتنی فیلمی (Hichki) و لە دایكبوونی كچەكەم.
رانی زیاتر وتی: خۆشحاڵم بەم دوو سەركەوتنە، ئەم سەركەوتنە بۆ من زۆر مانای هەیە، چونكە هاندانی سەرەكییە بۆ ئەو ئافرەتە ئەكتەرانەی كە ژیانی هاوسەرییان پێكهێناوە، پێشتر زۆر كەس ئێمەیان وەك كاڵایەكی كۆتاهاتوو سەیر دەكرد كە نەفرۆشرێین و كەس حەز نەكات بمانبینێت، بەڵام بوونی جەماوەری زۆر كە بە خۆشەویستییەكەیان هانمان دەدەن باشترین وەڵامە بۆ ئەو كەسانە.
هەر لە میانەی دیمانەكەدا رانی مۆخرجی وتی: زۆرم لە لا سەیرە كە باس لە ئابڕووچوونی ئەكتەرە ئافرەتەكان دەكرێ دوای ئەوەی ژیانی هاوسەرییان پێكهێناوە، چونكە من هاوسەر و منداڵم هەیە و هیچ شتێك لە ژیانمدا نەگۆڕاوە و هەمان ئەكتەری پێشووم و نازانم بۆچی خەڵك بەو شێوەیە سەیری ئەم ئەكتەرانە دەكەن، راستە ئەكتەرەكان بە پلەی یەك درەنگ دەچنە نێو ژیانی هاوسەرییەوە، چونكە بەشێكیان پێیانوایە بە گۆڕینی ژیانیان وەك پێشوو ناتوانن لە بواری هونەریدا كار بكەن، من خۆم پێموایە مەرج نییە هەموو كاتێك ئەم بیركردنەوەیە راست بێت.
Top