هونەر ئاراییـەك لە زانكۆدا
هەر كە پێ دەخەیتە نێو زانكۆی جیهان لە شاری هەولێر، لە گەلێك گۆشە و كەناری زانكۆكەدا هونەر خۆی دەنوێنێ و بینەر بانگ دەكات. مرۆڤ مەزندەی ئەوە دەكات كۆلیژێكی هونەر لەم زانكۆیەدا هەبێت، قوتابی و مامۆستایانی ئەو كۆلیژەش، زانكۆكەیان كردووەتە هونەرستان. پاش ئەوەی ئەندازیار و پەیكەرتاش (بورهان سابیر)م بینی، ئەو، سەرچاوەی ئەو هونەرستانەی بۆ روون كردمەوە: «ماوەی یەك ساڵە لەم زانكۆیەدا (سەنتەری رۆشنبیریی زانكۆی جیهان - هەولێر)مان كردووەتەوە، كە سەرپەرشتی كردنەكەی بە من سپێردراوە.»
پاساوی سەردانەكەم بۆ ئەو زانكۆیە، بینینی پیشانگایەك بوو، كە سەنتەری رۆشنبیریی زانكۆی جیهان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشی شێوەكاری لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر، بە بۆنەی (8ی مارس)ـەوە رێكی خست بوو. لەو پیشانگایەدا چوار كارمەندی زانكۆی جیهان (سارا، مارینا، بێریڤان، لند) و هەشت قوتابیی پەیمانگاكە (دلڤین، زەهرە، هێلین، جینان، دونیا، ئیمان، زەینەب، ئیڤان) بەشدار بوون. تێكڕای بەرهەمەكانی ئەو پیشانگایە، كە لە ئاست و دید و تێڕوانینی جیاجیادا بوون، بە دەوری بابەتی ئافرەتدا دەخولانەوە، هەڵبەت بۆنەی رێك خستنی پیشانگاكەش رۆژی جیهانیی ئافرەتان بوو.
سەنتەری رۆشنبیریی زانكۆی جیهان لە چەند بەشێك پێك هاتووە، وەك پەیكەرتاش بورهان سابیر روونی دەكاتەوە، بەشی هونەری شێوەكاری هونەرمەند و راهێنەری پسپۆڕی لە وڵاتانی جۆربەجۆر تێدایە، قوتابیانی زانكۆكە و جگە لە ئەوانیش فێری نیگاری رۆن رەنگ، ئاو رەنگ، قەڵەمكێشی، گرافیك و پەیكەرتاشی دەكات. بەشی مووزیك، مامۆستایانی ئەم بەشەش پسپۆڕی بوارەكەن و قوتابی و ئارەزوومەندان فێری ژەنینی پیانۆ، گیتار، عوود، بزوق، شمشاڵ و نەی دەكەن.
هەر لەو سەنتەرەدا، كە بە یاوەریی سەرپەرشتیارەكەی بەشەكانیمان بەسەر كردەوە، خانەی جیهان بۆ چاپ و بڵاو كردنەوە هەیە، كە كتێب، پرۆشۆر، پۆستەر بۆ مامۆستا و قوتابیانی زانكۆكە دیزاین و چاپ دەكات. بەشی گەلەری، رێكخستنی پیشانگا و نمایشی هونەری بۆ قوتابیان، مامۆستایان و بەهرەمەندان دەگرێتە ئەستۆ. دیواری ئازاد، بەشێكی دیكەی سەنتەرەكەیە، بریتییە لە تەختە رەشێكی گەورە، قوتابیانی زانكۆی جیهان دەتوانن بە تەباشیری رەنگدار بیر و را، سەرنج، تێبینی و پێشنیاری خۆیان ئازادانە لە سەری بنووسن، یان بۆ لاپەڕە فەیسبووكی تایبەتی زانكۆكەی بنێرن.
سەنتەرەكە (ئەكادیمیای جیهان)یش دەگرێتە خۆ، كە خولی فێربوونی زمانی (كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی)، كۆمپیوتەر، دیزاین، فۆتۆشۆپ، ئەلیستولیتور، كۆرەل درۆ، ئۆتۆكاد، سێ رەهەند، مۆنتاژ و بەرنامەی ئەدۆبی برومیر، ئەدۆبی ئافتەر و ئیفێكت، مایكرۆسۆفت ئۆفیس، گەشە پێدانی مرۆیی، پێشخستنی مۆد، خولی بەهێز كردن بۆ خوێندكارانی قوناغی 12ی ئامادەیی، گەشتوگوزار، ژمێریاری و كارە كارگێڕی، كامیرا بە ڤیدیۆ و مۆنتاژەوە، وێنەگری، دەرهێنانی تەلەفزیۆنی و پێشكەشكاری دەكاتەوە.
تێكەڵبوونی زانكۆ لەگەڵ كۆمەڵ، ئەم جۆرە دەزگا ئەكادیمییە دەكاتە دامەزراوەیەكی كارا و كاریگەر، كە رۆڵی چالاكانەی خۆی لە گۆڕینی كۆمەڵ و بەرەو پێش بردنی بوارەكان و گەشە پێدانی توانای تاك بگێڕێ. لەم رووەوە بورهان سابیر گوتی: «ئێمە لە نێو سەنتەرەكەمان بەهرەداران تابلۆ دروست دەكەن، كەرەستەی دروستكردنەكەی لە لایەن ئێمەوه دابین دەكرێت، پاشان تابلۆكان بە دیاری پێشكەش بە دام و دەزگای فەرمی و نافەرمیی دەكەین.»
(سەنتەری رۆشنبیریی زانكۆی جیهان - هەولێر) بووەتە هەوێنی بەخشینی ژیان و زیندوویی بە زانكۆكە، مرۆڤ لە نێو ئەو زانكۆیەدا هەست بە جووڵە و بۆنی ژیان دەكات. وێنەی بیتهۆڤن و ئیبن سینا بە قەبارەی گەورە لە دوو شوێنی جیای زانكۆكەدا، سیما و جوانییەكیان بە نێو زانكۆكە داوە. بەشەكانی ئەو سەنتەرە زۆر چالاك و زیندوون، دەیان بەرهەمی دانسقەی دەستی بەهرەداران لە نێو رێڕەو و بەشەكانیدا دەبینین. نایشارمەوە، ئەوەندەی لە نێو گەلەری و هەردوو بەشی شێوەكاری و مووزیكی ئەم سەنتەرەدا، هەستم بە گەرم و گوڕیی هونەر و ئامادەبوونی كرد، لە نێو كۆلیژ و پەیمانگای هونەرە جوانەكاندا، ئەم هەستەم لە لا دروست نەبووە. هەتا بڵێی بەرهەمی زۆر، دیكۆری ئاوێتە و گونجاو بە شوێنەكە لە هەر گۆشەیەكی سەنتەرەكەدا بەدی دەكرێت. هەر لە رووی هونەر ئاراییەوە، نموونەی گوند و دیوەخانێكی كوردەواری بە خشتی قوڕ و گڵ دروست كراوە. پەلەوەر، جۆگا ئاو، ئارایشت و كەلوپەلی گوندیش، لە نێو ئەو نموونەی گوندەدا هەن. لە نێو دەزگایەكی باڵای ئەكادیمی لە نێو پایتەختدا، تۆی میوان دەبەنە نێو كەشی گوندی كوردەوارییەوە.