ئازەر قوبادی (یار) بڵاودەکاتەوە
بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزەوە ئازەر قوبادی گۆرانییەكی نوێی پێشكەش بە جەماوەرەكەی كردووە، سەبارەت بەم گۆرانییە لە لێدوانێكدا بۆ گوڵان وتی: منیش وەك هەر كوردێك حەزم كرد بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی كوردی و جەژنی نەورۆزەوە بەشداری بكەم لەگەڵ خەڵكی كوردستان، بەم بۆنەشەوەی گۆرانییەكی نوێم پێشكەش بە هەموو عاشقانی هونەر و گۆرانی كوردی كردووە بە ناوی (یار) كە خزمەتێكی بچووكە پێشكەش بە هونەردۆستانی دەكەم و هیوادارم بە دڵی جەماوەرە بێت.
هەر لە بارەی گۆرانییەكەوە ئازەر دەڵێ: بەشی كوردیی تێكستی گۆرانیەكە كاك هێمن هەژار نووسیوویەتی و بەشی ئینگلیزی گریگۆری ستۆتزێرە، ئاواز و موزیكی من خۆم لەگەڵ گریگۆری ستۆتزێر دامانناوە، ئەرانج مینت كاك ئەریوانە و مێكس و ماسترینگی یۆهان بیجروهلیم دایناوە.
ئازەر قوبادی پێشتر بە زمانی کوردی و فارسی گۆرانی وتووە، بەڵام ماوەیەکە ژمارەیەک گۆرانی نوێی بە زمانی کوردی پێشکەش کردووە و هەوڵی داوه فەرهەنگ و کولتووری کوردی لە رێگەی گۆرانی و میوزیکەوە بە گەلانی دیکە بگەیەنێت، هاوکات لە نێو ڤیدیۆکلیپەکانی خۆیدا بە ژێرنووسی ئینگلیزی و فارسی گۆرانییەکانی بڵاودەکاتەوە.