ئازەر قوبادی (یار) بڵاودەکاتەوە

ئازەر قوبادی (یار) بڵاودەکاتەوە
ئازەر قوبادی، لە بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە بانە تەواو کردووە، دواتر لەگەڵ خانەوادەکەی چووەتە تاران، خوێندنی ماستەری لەتاران تەواو کردووە، لە ساڵی 2001 لەگەڵ ماڵباتەکەی چوونەتە ئەمریکا هەر لەوێ ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە.
بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزەوە ئازەر قوبادی گۆرانییەكی نوێی پێشكەش بە جەماوەرەكەی كردووە، سەبارەت بەم گۆرانییە لە لێدوانێكدا بۆ گوڵان وتی: منیش وەك هەر كوردێك حەزم كرد بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی كوردی و جەژنی نەورۆزەوە بەشداری بكەم لەگەڵ خەڵكی كوردستان، بەم بۆنەشەوەی گۆرانییەكی نوێم پێشكەش بە هەموو عاشقانی هونەر و گۆرانی كوردی كردووە بە ناوی (یار) كە خزمەتێكی بچووكە پێشكەش بە هونەردۆستانی دەكەم و هیوادارم بە دڵی جەماوەرە بێت.
هەر لە بارەی گۆرانییەكەوە ئازەر دەڵێ: بەشی كوردیی تێكستی گۆرانیەكە كاك هێمن هەژار نووسیوویەتی و بەشی ئینگلیزی گریگۆری ستۆتزێرە، ئاواز و موزیكی من خۆم لەگەڵ گریگۆری ستۆتزێر دامانناوە، ئەرانج مینت كاك ئەریوانە و مێكس و ماسترینگی یۆهان بیجروهلیم دایناوە.
ئازەر قوبادی پێشتر بە زمانی کوردی و فارسی گۆرانی وتووە، بەڵام ماوەیەکە ژمارەیەک گۆرانی نوێی بە زمانی کوردی پێشکەش کردووە و هەوڵی داوه فەرهەنگ و کولتووری کوردی لە رێگەی گۆرانی و میوزیکەوە بە گەلانی دیکە بگەیەنێت، هاوکات لە نێو ڤیدیۆکلیپەکانی خۆیدا بە ژێرنووسی ئینگلیزی و فارسی گۆرانییەکانی بڵاودەکاتەوە.
Top