تارا محەمەد: زۆربەی تابلۆكانم تایبەتن بە ئێش و ئازار و مەینەتییەكانی ژنان
سەرەتا لە بارەی چۆنیەتی هاتنی بۆ نێو بواری هونەری شێوەكاری، تارا ئاماژە بەوە دەكات كە لە تەمەنێكی زوودا سەرقاڵی تابلۆكێشان بووە و دەڵێ: من زیاتر لە 12 ساڵە خەریكی دروستكردنی تابلۆم و هەر لە منداڵییەوە حەزم لە شێوەكاری بووە، بۆیە كە گەورە بووم خوێندنیشم هەر لەو بوارە بووە، تاكو توانیم بەكالۆریۆسم لە گرافیك و دیزاین بەدەست بهێنم. ئێستاش بەردەوام خەریكی كاری شێوەكاریم. تاوەكو ئێستا سێ پێشانگام كردووتەوە كە دوویان لە ئێران بوون، بە سەدان تابلۆم كێشاوە.
سەبارەت بە گرنگترین بابەتەكانی نێو تابلۆكانیشی دەڵێت: زۆربەی تابلۆكانم تایبەتن بە ئێش و ئازار و مەینەتییەكانی ژنان.
تارا پێیوایە هونەرمەندی شێوەكاری پێویستی بەوەیە لە رووی ئەكادیمییەوە زیاتر بخوێنێ، نەك پشت بە بەهرە و حەز ببەستێت و لەو بوارەوە دەڵێت: من پێموایە دەبێت بە ئەكادیمی دەست بەكاری هونەری بكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ كەس توانای هونەرییان تێدایە، بەڵام هەردووكی هەبێت باشترە.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا هیچ جیاوازییەك لە نێوان كاری شێوەكاری لە پارچەكانی كوردستان بەتایبەتی رۆژهەڵات و باشووری كوردستان هەیە. دەڵێت: من زیاتر لە پێنج ساڵە لە باشووری كوردستان دەژیم، لەبەر ئەوەی لە باشوور هیچ سانسۆرێك نییە، دەستمان ئاوەڵاترە بۆ كاركردن، دەتوانین كار لە سیاسەت و لە تابلۆی نیمچەڕووتدا بكەین، بەڵام لە رۆژهەڵاتی كوردستان ناتوانی ئەو تابلۆیانەی تۆ دەتەوێت بەو شێوەیە بكێشی و نمایشی بكەیت كە تۆ دەتەوێ. هەرچەندە جارجار لە باشووری كوردستانیش ئەم كێشانە دروست دەبن، بەڵام ئەوەی كەلار، چونكە كچە شێوەكارەكە خۆی حیجابی هەبوو، پێیان سەیر بووە وێنەی نیمچەڕووت نمایش دەكات، من پێوایە دەبێت هەموو كات هونەرمەندان ئازاد بن لەكاری خۆیان، من هەرچییەكم بوێت دروستی دەكەم، نابێت هیچ كەسێك تەداخولی ئیشی ئێمە بكات و بڵێت دەبێت ئەو وێنەیە بكێشی و ئەوە نەكێشی.
هەر كەسێك سەیری تابلۆكانی تارا بكات تێبینی ئەوە دەكات كە بەشێك لە تابلۆكانی نیمچە رووتن و ئەمەش زۆر جار رەنگە شێوەكار تووشی گرفت بكات، بەتایبەتی ئەگەر ئافرەت بێت، لەم بارەوە تارا دەڵێت: من لە ئێران چەند تابلۆیەكی سەماكارم بە نیمچەڕووتی دروستكرد، مامۆستاكانم لێم تووڕە بوون و گوتیان نابێت ئەم تابلۆیانە نمایش بكەی، تا هاتمە باشووری كوردستان لە سلێمانی دەستم بە دروستكردنی تابلۆی نیمچەڕووت كرد، لە سلێمانی زۆر خواست لەسەر تابلۆی لەم شێوەیە هەیە، بۆیە دەستم بەو كارانە كردەوە.
بەشێك لە تابلۆكانی تارا بە نرخی جیاواز دەفرۆشرێن، سەبارەت بە نرخی تابلۆكانی و ئەو كەسانەی دەیكڕن، تارا دەڵێ: تابلۆیەكانی من بەگشتی لە 200 دۆلارەوە فرۆشراوە تاوەكو گەیشتووەتە 2000 دۆلار، بەپێی قەبارە و جۆری ئیشەكە نرخەكە دیاری دەكرێت. كڕیارەكانیشم زیاتر كوردن، خەڵكی هەولێر و سلێمانی زۆر تابلۆی منیان كڕیوە.
تارا جگە لە كاری شێوەكاری، كاری تاتۆش ئەنجام دەدات، لەم بارەوە دەڵێت: نزیكەی چوار ساڵ دەبێت تاتۆ دەكەم. سەرەتا چەند هاوڕێیەكم لە تاران هەبوون كە تاتۆیان دەكرد، گوتیان بۆ نایەی خۆت فێری تاتۆ بكەی، چونكە ئەو كەسەی تاتۆ دەكات، دەبێت شێوەكارێكی باش بێت، گوتیان تۆش دەستی وێنەكێشانت باشە بۆ تۆ زۆر ئاسانە، سەرەتا رازی نەبووم، چونكە گوتم حەز بە خوێن و بەنج و كاری دەرزی لێدان ناكەم، دواتر بەشداریم لە خولێكی سێ مانگی فێربوونی تاتۆ لە تاران كرد، سەرەتاش لە خزم و كەسەكانی خۆمەوە دەستم بە تاتۆ كرد.
سەبارەت بەوەی زیاتر گرنگی بە تاتۆ دەدات نەك بە شێوەكاری، تارا محەمەد ئەمە رەت دەكاتەوە و راشكاوانە دەڵێ: هەردووكیان دەكەم، من پێشتر گرافیست بووم، كە لە سەر كار دەهاتمەوە تاتۆم دەكرد، پاشان تاوەكو بەیانی تابلۆم دروست دەكرد، ئێستاش هەموویان دەكەم، چونكە ئێستا داواكاری دروستكردنی تابلۆم گەلێك زۆرە.
سەبارەت بە دوایین كارە هونەرییەكانیشی دەڵێ: ئێستا ئامادەكاری دەكەم بۆ ئەوەی گەلەرییەكی تایبەت بەخۆم لەسلێمانی بكەمەوە كە لە دوو بەش پێكدێت، بەشێك تابلۆكانی بۆ فرۆشتن تێدا نمایش دەكەم، بەشەكەی دیكەش بۆ كاری تاتۆكردن تەرخان دەكەم.
تارا تیشك دەخاتە سەر جۆری ئەو تاتۆیانەی كە خەڵك زیاتر حەزیان لێدەكات و دەڵێت: ئێستا خەڵك زیاتر حەزیان لە دروستكردنی تاتۆی ئاڵای كوردستانە، دواتر تاتۆی گوڵ لەسەر جەستە، خواستی زۆر لەسەرە، پاشان تاتۆی برۆ زیاتر داوا دەكرێت، خەڵك شتی كەلتووری و هونەری داوا ناكەن.