ئەڤین بەرازی: سینەمای كوردی عاشقانی سینەما دروستیان كردووە
* چی وایكرد روو لە دەرهێنان بكەی؟
- لەوانەیە قەدەر رۆڵێكی سەرەكیی هەبێت لەوەی روو لە دەرهێنان بكەم، مەبەستم ئەو قەدەرەیە كە بە دەیان ساڵە زوڵمی لە ئێمەی كورد كردووە، لە بیرمە كە لە سووریا كاسێت هەبوو، خانەوادەكەم گرنگییەكی زۆریان بەوە دەدا كە لە ڤیدیۆ سەیری فیلمە كوردییەكان بكەین، زۆر فیلمی دەرهێنەری گەورەی كور یەڵماز گونای هەبووكە حەز دەكەم بە (گەورەی سینەماكاران) ناوی بەرم، من لەگەڵ فیلمەكانی دەژیام و دەمپرسی بۆچی فیلمی كوردیمان كەمە؟ ئەمە بووە پاڵنەرێك و هیوا بەخشێكی گەورە بۆ ئەوەی بێمە نێو بواری نواندن وتەواو كردنی كاروانی یەڵماز گونای.
* زیاتر لە سووریا و وڵاتە عەرەبییەكان كارت كردووە، ئایا زانیاریت دەربارەی سینەمای كوردی هەیە؟
- سینەمای كوردی پێویستی بە پاڵپشتیی زیاتر هەیە، بەداخەوە نابینین یارمەتی دەرهێنەرانی كورد بدرێت بۆ ئەوەی كارەكانیان پێشكەش بكەین، بۆیە سینەمای كوردی نەیتوانیوە هەنگاوی گەورە بهاوێت و زۆربەی ئەو فیلمانەی بەرهەمهێنراون لە ئەنجامی ئەركی تاكە كەسی دەرهێنەران بووە.
* كەواتە دەتوانین بڵێین سینەمای كوردیمان هەیە؟
- بە رای من سینەمای كوردی عاشقانی سینەما و دەرهێنەران خوڵقاندوویانە، ئەویش بە بەدەستهێنانی خەڵاتی جیهانی لە رێگای فیلمەكانیانەوە كە بەهایەكی زۆریان هەبووە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش پێویستمان بە سە ندیكایەكە كە دەرهێنەرە كوردەكان لە خۆ بگرێت و پاڵپشتی ماددی و لۆجستییان پێشكەش بكات، لەلایەكی دیكەوە لایەنی بەرپرسیش ئەركی ئەوەیان دەكەوێتە سەر شان كە پاڵپشتی سینەما بكەن جا لە باشوور یان رۆژئاوای كوردستان.
* لەم بارودۆخەی ئێستادا بینەری كورد پێویستی بە چی هەیە؟
- پێموایە پێویستی بە شۆڕشێكە بۆ هەستانەوە بە سینەمای كوردی و چارەسەر كردنی زۆر لەو گرفتانەی كە ئاستەنگن لەبەردەم سینەمای كوردی لە رێگای دامەزراندنی پەیمانگای سینەمایی، گۆڤاری سینەمایی، دامەزراندنی هۆڵی سینەمایی و كۆمپانیا و كەناڵی سینەمایی تایبەت بە دابەشكردنی فیلمە سینەماییەكان كە هانی بینەری كوردی بدات بۆ سەیركردنی فیلمە سینەماییەكان.
* بۆچی بینەری كورد وەك خویەك سەیری فیلم و زنجیرە بیانییەكان بەتایبەتی توركییەكان دەكات؟
- بە رای من هۆكارەكەی لە كەمیی ژمارەی فیلمە كوردییەكانە كە بەشێكی زۆریان پشت بە كۆششی تاكەكەسی دەبەستن، هەروەها نەبوونی پیشەسازیی سینەمای كوردی دەبێتە هۆی خوڵقاندنی زمانێكی سینەمایی هاوبەش.
* هەموو سینەماكارێك پەیامێكی تایبەتی خۆی هەیە، پەیامی تۆ چییە؟
- هیوادارم دەنگی كورد بگەیەنمە ئاستی جیهانی، چونكە مێژووی كورد پڕە لە پاڵەوانیەتی كە بە زێڕ لە مێژووی كورددا نووسراونەتەوە، من ئەمە بە ئەركی سەرشانی هەر كوردێكی دەزانم بەتایبەتی هونەرمەندو دەرهێنەرەكان.
* مێژووی كورد پڕە لە كارەسات كە دەكرێ ببێتە ماددەیەكی باش بۆ سینەما، ئایا توانیومانە سوود لەو مێژووە وەربگرین لە سینەمادا؟
- زۆربەی فیلمە كوردییەكان كە خەڵاتی جیهانییان بەدەستهێناوە پەیوەندییان بە واقعی كوردەوە هەیە لەرووی چیرۆك و رووداوەكان، زۆر لەو فیلمانە توانیویانە تیشك بخەنە سەر بەشێك لە ئازارەكانی كورد، بەڵام من پێموایە كە واقعی كورد زۆر لەوە تاڵترە كە لە فیلمێكدا بەرجەستە بكرێت.
* ئەو بابەتانە چین كە حەز دەكەی لە فیلمەكانتدا تیشكیان بخەیتە سەر؟
- هەمیشە هەوڵ دەدەم تیشك بخەمە سەر لایەنی مرۆیی، هەموو كوردێك چیرۆكێكی هەیە كە دەكرێ لە فیلمدا گوزارشتی لێ بكرێت، چونكە بە شێوەیەكی سەرەكی مرۆڤ ئامانجی من.
* ئایا كاریگەریی سینەمای عەرەبی ئێرانی ئەرێنی یان نەرێنییە لەسەر سینەمای كوردی؟
- زۆر لە دەرهێنەرە كوردەكان لە ئێران توانیویانە كە خەڵاتی جیهانیی بەدەستهێناوە، بوونی سینەمای كوردی لە ژینگەی عەرەبی یان ئێرانی یان توركی دەبێ كاریگەریی هەبێت، چونكە مرۆڤ كاریگەر دەبێت بەو كۆمەڵگایەی تێیدا دەژیت، بەڵام لەبەر ئەوەی بڕوام بەوە هەیە كە هونەر تاكە ناسنامەیەكی هەیە بۆیە من وای نابینم كە كاریگەری كۆمەڵگاكانی دیكە نەرێنی بێت، هەرچەندە من تەحەفوزم لەسەر ئەم فیلمانە هەیە لەرووی ناوەڕۆكەوە.
* دوایین كارە سینەماییەكانت چین؟
-خۆم ئامادە دەكەم بۆ فیلمێكی دیكیومێنتی لەسەر كارەساتی كۆبانێ و خۆراگریی لەبەردەم قێزەوەنترین تیرۆر كە جیهان بەخۆیەوە بینیوە ئەو قارەمانیەتی و داستانانەی كە خەڵكەكەی تۆماریان كردووە لە بەرگری كردن لە شارەكەیان، هەروەها دەربارەی ژیانی ئاوارەیی و ئەو سەختییە كە خەڵكەكەی بەخۆیەوە بینیوە.