میرهان حوسێن: زۆر لە پیاوان كۆت و بەند بۆ ئافرەت دروست دەكەن .
سەفا عەبدولڕەزاق - قاهیرە
• لە ستار ئەكادیمی دەستت پێكرد، بەڵام سەرەڕای دەنگە خۆشەكەت بۆچی رووت لە نواندن كرد؟
- من حەزم لە نواندن بوو و بینیم كە لە نواندن دەرفەتی زیاترم بۆ دەڕەخسێت، چونكە گۆرانیبێژ زۆرن، بۆیە نواندن زۆر سەرنجی راكێشام و لەگەڵ بیركردنەوە و كەسایەتیم گونجا زیاتر لە گۆرانی وتن، سەرەڕای ئەوەش چەند پرۆژەیەكی گۆرانی وتنم هەیە، هیوادارم بتوانم كارێك ئەنجام بدەم كە گۆرانی و نواندن بە یەكەوە كۆبكاتەوە.
• ئەزموونەكەت لەگەڵ تامر حوسنی لە (عومەر و سەلما2) چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
- یەكەم ئەزموونی من بوو لە بواری نواندن وەك ئەكتەرێكی پیشەگەر، ئەزموونێكی خۆش بوو، چونكە بەشی یەكەمی فیلمەكە سەركەوتنێكی بەرچاوی بەدەستهێنابوو، زۆریش سوودم لە تامر حوسنی و مەی عزەددین بینی.
* مەرجەكانی گۆرانیبێژی سەركەوتوو چین؟
- بەر لە هەموو شتێك پێویستە خاوەن دەنگێكی خۆش بێت، واتە بەهرەی هونەری هەبێت.
* رات چییە بەرامبەر ئەو دیاردەیهی که پێی دەڵێن گۆرانیبێژانی جەستە نەك خاوەن دەنگ و بەهرەی هونەری؟
- هیچ كەسێك ئەگەر دەنگی خۆش نەبێت، ناتوانێت گۆرانی بڵێت، ئەگەر گۆرانیش بڵێت و كلیپیش تۆمار بكات، جەماوەر جارێك سەیریان دەكات، دواتر پشتی تێدەكەن و بە ئاشكرا پێی دەڵێن واز لە گۆرانیگوتن بهێنێت زۆر باشترە.
* كلیپ تا چەند گرنگە بۆ هونەرمەند؟
- ئێستا دەتوانین كلیپ بە ئاوێنەیەك وەسف بكەین كە هونەرمەند خۆی تێدا دەبینێتەوە، لە هەمان كاتدا دەتوانێت لە رێگای كلیپەوە بزانێت تا چ رادەیەك لە دڵی جەماوەردا شوێنی خۆی كردۆتەوە، چونكە ئەو گۆرانییەی كلیپی بۆ دەكرێت، زیاتر بڵاو دەبێتەوە، بۆیە یەكێك لە كارە سەختەكانی هونەرمەند ئەوەیە لە بەرهەمەكەیدا چ گۆرانییەك بكات بە كلیپ.
* رات چییە بەرامبەر ئەو كلیپانەی ئێستا بڵاودەبنەوە؟
- بێگومان ئێستا كلیپ بەشێكی گرنگی بەرهەمی هونەرییە و هۆکاری ئاشنابوونی جەماوەرە بە گۆرانی، لە ئێستادا كلیپی زۆر جوان هەن، زۆر ئاساییە ئەگەر بینەران گلەییان لە هەندێك كلیپیش هەبێت و رەخنەی لێ بگرن.
* لە چ شتێك پەشیمانی؟
-پەشیمان نیم لە شتێكی دیاریكراو، چونكە هەنگاوەكانم دوای بیركردنەوەیەكی زۆر دەهاوێژم، بەڵام رەنگە هەندێك كارم كردبێت، لەجیاتی سوود، زیانیان پێگەیاندووم بەشێوەیەكی رێژەیی.
* لە ژیاندا چ سیفەتێكی مرۆڤت بە دڵە و رقت لە چ سیفەتێكە؟
- دووڕوویی و رێزنەگرتن له بەرامبەر، دوو سیفەتن كە زۆر پێیان دڵتەنگ دەبم، لە هەمان كاتدا حەزم لە راستگۆیی و پەیمان بەجێ گەیاندنە، واتە حەزناكەم كەسێك پەیمانم پێ بدات و بەجێی نەگەیەنێت، منیش هەروا.
* بۆچی بیرت لە پێكهێنانی ژیانی هاوسەری نەكردۆتەوە؟
- بەڕاستی من ئێستا ئەو بیرۆكەیە رەت دەكەمەوە، رەنگە ئەمە بۆ هەندێك كەس مایەی شۆك بێت، بەڵام هەست دەكەم كە پێویستم بە دەركردنی ئەم بڕیارە نییە و بیریشی لێ ناكەمەوە، ئەویش بە هۆی ئەو كۆت و بەندانەی كە پرۆسەكە بەسەر ئافرەتدا دەیسەپێنێت.
* ئەمە تاكە هۆكارە بۆ رەتكردنەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری؟
-لە راستیدا من حەزدەكەم بە ئازادی بژیم و نامەوێ هیچ كۆت و بەندێك لە ژیانی مندا هەبێت، لە هەمان كاتدا نامەوێ لە ژیانێكی ساختەدا بژیم و ناتوانم راستگۆ نەبم لەگەڵ لایەنی بەرامبەر، ئەمەش وات لێدەكات كەسێكی گونجاو بدۆزیتەوە بە هەموو پێوەرەكانەوە، كە لە راستیدا دۆزینەوەی ئەم جۆرە كەسە ئەستەمە، چونكە لە راستیدا زۆربەی پیاوان ئازادی بە ئافرەتان نابەخشن.
* هیوا و ئاواتەكانت چین؟
- هیوادارم هەمیشە بەردەوام بم لە سەركەوتن لە ژیانی هونەری و ژیانی ئاساییمدا و مرۆڤێكی بەهێز و بە توانا بم، بەڵام لە ژیانی هونەریدا هیوادارم بتوانم هەمیشە لە لوتكەدا بم و جەماوەر رازی بێت لەو كارانەی پێشكەشیان دەكەم.