ڤیرجی سروودی نیشتمانیی ئەمریكی نازانێت.

ڤیرجی سروودی نیشتمانیی ئەمریكی نازانێت.
دوای ئەوەی پێش چەند رۆژێك لە میانەی ئاهەنگێك كە چوارچێوەی یارییەكی تۆپی سەبەتەی خولی یاریزانە پیشەگەرەكانی ئەمریكا ساز كرابوو، بە هۆی گوتنەوەی سروودی نیشتمانیی ئەمریكی بە شێوەیەكی سەیر و گۆڕینی بەشێكی سروودەكە، خانمە گۆرانیبێژی ئەمریكی ڤیرجی لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رووبەڕووی هێرشێكی گەورە بووەوە.
ڤیرجیی تەمەن 42 ساڵ بەشێوەیەكی زۆر سەیر سروودی نیشتمانیی ئەمریكی گوتەوە و چەند گۆڕانكارییەكی گەورەی لە ئاوازەكەیدا كرد كە بۆ ئامادەبووان نامۆ بوون و تووشی شۆك و سەرسوڕمانی كردن، بۆیە هێرشێكی توندیان كردە سەری. بەشێك لە ئامادەبووان كەسانی دیاری نێو كۆمەڵگە و میدیاكاری ناسراوی ئەمریكا بوون لەوانە جیمی كیمیل كە یەكێكە لەو میدیاكارانەی بە هێرش كردنە سەر كەسایەتییە ناسراوەكانی ئەمریكا و جیهان و بە شێوەیەكی ئاشكرا رەخنەیان لێدەگرێت.
كیمیل هەر لە ناو ئاهەنگەكەدا كە گوێی لە ڤیرجی بوو، خۆی بۆ نەگیرا و دەستی كرد بە پێكەنین و بە پێكەنینەكەیشی زیاتر سەرنجی ئامادەبووانی راكێشا و بە ئاشكرا رەخنەیان لە ڤیرجی گرت.
ئەوەی زیاتر هەڵوێستی ڤیرجیی ناخۆش كرد، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوون كە دوای ئاهەنگەكە هێرشێكی زۆر توندیان كردە سەری، تەنانەت گەیشتە ئەو راددەیەی بەوە تۆمەتباریان كرد كە لە كاتی ئاهەنگەكەدا سەرخۆش بووە، بەڵام سەرەڕای ئەو هێرشەی توند و بەرفراوانەی كرایە سەری ڤیرجی هیچ كاردانەوەیەكی نەبووە و بێدەنگی هەڵبژارد.
لە بەرامبەردا ئەستێرەی ناسراوی ئەمریكا ماریا كاری پشتیوانی خۆی بۆ ڤیرجی راگەیاند و لە تویتێكدا نووسیبووی: گوێ لەو كەسانە مەگرە كە رقیان لێتە.
Top