خەجێ نیشتمانە..(دەرزی ئاژەنێك بە نێو خەون و یادگەدا)
هەر كە تابلۆیەكی دەبینی، گورج دەزانی ئەمە بەرهەمی ئەو هونەرمەندەیە. دلێر محەمەد شەریف (1965- كەركووك) كە تەمەنی گەنجایەتیی خۆی لە خەباتی نێو چیادا بەسەر بردووە، ئەمڕۆ بە هونەر ئەزموونێكی (27) ساڵەی نێو شارێكی ئازادیشی بەسەر كردووەتەوە. بە رەچاوكردنی هەردوو ئەزموونەكەش، مرۆڤ چاوەڕوانی گوتارێكی دیدەییانەی متمانە بە خۆ لەم هونەرمەندەی شاخ و شار دەكات.
ئەگەر لە ناونیشانی پیشانگاكە (دوێنێ خەجێ، چیرۆكی نیشتمانێك بوو) ورد ببینەوە، هونەرمەند ئاشكرا بینەری گوتارە دیدەییەكەی بانگ دەكات، كە پێكەوە گەشتێك بۆ پەی بردن بە راز و نهێنییەكانی نێو كۆخەون و یادگەمان بكەین. مرۆڤ لە نێوان رۆژانی شاخ و شاری مەردانی شۆڕش و پیاوانی سەر تەخت و دەسەڵاتدا، رووبەری بۆشاییەكی بەرین دەبینێت، كە چەندین پرسیاری هەستیار دەخاتەڕوو. خۆ رەنگە ناخ و بیر كردنەوەی بێگەردانەی هونەرمەندێك، كە خەباتی سەختی شاخی دیوە، لە ئاستێكی بەرزی هەستەوەری و بەرپرسیاریدا بێت، ئیدی بۆیە پتر لە خەڵكی دی چاوی لە بەدی هاتنی دروشم و خەونەكانی شۆڕشە، كەچی تێك چڕژانی بەرژەوەندی و خواستی لە بن نەهاتووی مرۆڤی شاری، كە هەمیشە بە دوای خەونی شادی و خۆشگوزەرانییەوە وێڵە، واش پێ ناچێ كە بە ئاسانی پێی بگات، چەندین پرسیار لە ناخی هونەرمەند دەورووژێنن.
لە رووی پێكهاتەی تابلۆوە، دلێر زۆر وابەستەی مرۆڤە وەك فیگەر و بابەت، مرۆڤ بووەتە شا فیگەری بەرهەم و گرێژەنەی كار كردنی ئەم هونەرمەندە. ئەدی ئەوە نییە هەموو قوربانییەك تا رادەی بەخشینی رۆح و گیان، لە پێناو شادی و بەختەوەریی ئەودا دەدرێت. مرۆڤ لە هەموو تابلۆیەكی ئەم هونەرمەندەدا فیگەری سەرەكییە، پەیوەندیی نێوان جووت رەگەزی (نێر و مێ)یش، هەردەم سەرچاوەی گەورەترین داستانەكانی دنیای هونەر و وێژە بووە. ئەو پەیوەندییە ئەزەلی و نەبڕاوەیە، تا مرۆڤ ما بێت، رازی پەنهانی ئەڤین ناخی دەهەژێنێ، سەرسەختترین و دژواترین مرۆڤیش (ئەنكیدۆی نێو داستانەكەی گەلگامێش نموونەیەكە) دەستەمۆ دەكات، دەی هێنێتە سەر راستەڕێی ژیانەوە.
دلێر محەمەد شەریف لە رووی رەنگ و فۆرم و تێكڕای ئەتمۆسفیری تابلۆوە، دوای ساڵانێكی زۆری كار كردن، شێواز و ستایلی تایبەت بە خۆی گەڵاڵە كردووە. لەم رووەوە گوتارێكی روون و رەوانی دیدەیی دەخاتە روو، راستەوخۆ هەست و نەست و خەون و خولیای بینەر دەدوێنێ. لەوەدا سەركەوتووە كە كولتوور و كەلەپووری نەتەوەكەی كردووەتە پاشخانی گوتارەكەی، بە گوتارێكی جوان و روون، چاوی بینەرانی دەدوێنێ.
ئەو كاتەی هونەر وابەستە بە پاشخانی خۆماڵیانەی دەبێت، بە دڵنیاییەوە وەك مەڵۆیەكی نوێ دەچێتە سەر خەرمانی كولتووری ستاتیكای جیهانەوە. فەرەنجی (قاپووتی شوان، لە خوری دروست دەكرێت) بە رەنگەكەی هێمای خاك و بە كرداریش پۆشاكی شوانە، شوانیش لە كوردەواریدا بەرپرسیارییە «ئەگەر شوانیت بۆ ناكرێ، داری شوانی فڕێ دە». فەرەنجی بە رەنگی خاكی و جێی لە ژیانی گوندەواری كوردەواریدا، دەبێتە هێما و ئاماژەی ژیان. نیشتمان لە نێو كورددا ناوی كچە. واتە لە كۆبیر و كۆنەستی مرۆڤی كوردستانیدا، نیشتمان هەم وڵاتە، هەم خۆشەویست. خۆشەویستیی دووانەی (خەجێ: نیشتمان) لە ئاستێكی فرە باڵایە، مرۆڤی عاشق و سەوداسەری كورد، چ ئەمڕۆ و چ دوێنێ، سڵی لەوە نەكردووەتەوە، گیانی لە پێناو ئەو دووانەی خۆشەویستییەدا بەخت بكات.
هونەرمەند بۆ ئەوەی پتر بینەر بەرەو دنیای خەون و خەیاڵ، حەز و خواستەكان ببات، دەبینین رەنگی شین و تۆنەكانی ئاوێزانی نەخشەكارییەكی ورد دەكات، كە زۆر جار بەرەو چوارچێوەی تابلۆش درێژ دەبێتەوە، ئەم جۆرە رەنگ و نەخشە خەیاڵدانی مرۆڤ بە قووڵدا دەبەن، لە دنیای خەون و خەیاڵ، ویست و ئارەزووی نزیكی دەكەنەوە.
هەشتەمین پیشانگای دلێر (كانوونی یەكەم/ 2017 لە سلێمانی، شوبات/ 2018 لە هەولێردا كرایەوە)، چڕ كراوەی ئایدیای كوردانەیە لە بارەی داستانی عەشق و خۆشەویستی. نەم بیستووە هیچ نەتەوەیەك هێندەی كورد داستانی عەشق و ئەڤینی هەبێت. ئەڤین تیرۆژێكی سپی رەنگی بێگەردە، ئەڤینداران بە پلەی پیرۆزی دەگەیەنێت، بۆیە كۆتایی هاتنی بە تراژیدیای مەرگ بە لای عاشقانی كوردەوە ئاسایی بووە. خەجێ، شیرین، زین، ستی. هتد، نموونەی ئەشقی پاكی سیامەند، فەرهاد، مەم، فەرخ. هتد، بوون. ئیدی بۆیە پیرۆزیی نیشتمان، كە مرۆڤی ئاوێزانی مەرگ كردووە، خۆی بۆ كردووە بە پێشمەرگە، دووبارە بوونەوەی هەمان عەشقی قووڵ و ئەڤینی سەوداسەرانەیە.
ملی درێژی فیگەری نێو تابلۆكان جێی سەرنجە، ئەمەش وابەستە بە ئیدیۆم و ئایدیایەكە (مل درێژی مەكە)، واتە تەماحكار و چڵێس مەبە. كەچی تەماح لە نێو باخی فرە رەنگ و فرە بۆی ژیاندا، ملی مرۆڤەكان هێندەی ملی حوشتر درێژ دەكات. دۆخی سایكۆلۆژییانەی مەردانی خەباتی شاخیش لە شاردا جۆرێك نائارامی بە خۆوە دەبینێت، تا رادەی لە خشتە بردن و پشت كردنە دروشمەكانی دوێنێ. ئاخر هەندێ كەس خەجێی دوێنێ لە بیر دەكەن، شۆڕە كچانی نێو تەلار، ناز و بازی ژیانی شار تەفرەیان دەدات. نیشتمانێك كە ئەوان خۆیان بۆ بەخت دەكرد، ئەمڕۆ بووەتە مۆڵگەی چێژ و خۆشی. لەم جومگەیەوە دلێر محەمەد شەریف، گوتارە جوانەكەی ئاراستە كردووە.