جاهان رەخنە لە هاوسەرەكەی دەگرێت
جاهان لە لێدوانەكەیدا بۆ (ABP News) ئەوەشی ئاشكرا كرد كە هەوڵێكی زۆری داوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەكەیان بە بنبەست و جیابوونەوە نەگات، بەڵام لە جیاتی ئەوە شامی و ئەندامانی خێزانی هەڕەشەیان لێكرد، ئەمەش وایكرد كە هیچ دەرفەتێكی لەبەردەمدا نەمێنێت، تەنیا ئەوە نەبێت كە بە ئاشكرا هەموو شتێك بۆ راگەیاندن و رای گشتی بدركێنێت، جاهان لەم بارەوە وتی: شامی لە رووی جەستەیی و دەروونییەوە زۆر ئەشكەنجەی دام و هەڕەشەی لێكردم كە ژیانی هاوسەری لەگەڵ ئافرەتێكی تر پێكدەهێنێت، بەڵام من بە ئاسانی جیانابمەوە و گشت كار و كردەوەكانی ئاشكرا دەكەم و لە بەرامبەر ئەو ئازاردانەی پەلكێشی دادگای دەكەم.
مۆدێلی پێشووی هیندستان هەروەها وتی: دوای یەك مانگ لە ژیانی هاوسەریمان من ئاگاداری هەموو كردەوەكانی بووم، دوای ئەوەی مۆبایلێكم لە نێو ئۆتۆمبیلەكەی دۆزییەوە چەندین وێنەی لەخۆ گرتبوو كە بەڵگەی ناپاكییەكانی بوون، بەڵام بێدەنگیم هەڵبژارد، من باش ئاگادار بووم كە پەیوەندیی نهێنیی لەگەڵ دەیان ئافرەت هەبوو كە باس ناكرێت، چونكە ئەوانەی من ئێستا باسیان دەكەم، بەشێكی زۆر كەمن لە راستییەكان و ئەگەر خەڵك ئاگاداری هەموو شتێك بن، ئەوا تووشی شۆك دەبن.