بورهان خۆشناو عەفرینگرادی بڵاو کردەوە
بورهان خۆشناو کە ماوەی ٤٠ ساڵە لە بواری گۆرانی و میوزیکی کوردیدا کار دەکات و وەک خۆی دەڵێت، زیاتر لە ١٥٠ بەرهەمی تۆمارکراوی لە (گۆرانی، مەقام، سروودی نیشتمانی، لاوک، حەیران و بابەتی دیکە)ی هەیە.
لە بارەی دوایین بەرهەمی خۆی، بورهان خۆشناو ڕاگەیاند، ڕۆژی هەینی ١٦ی ئاداری ٢٠١٨، نوێترین بەرهەمی خۆی بەناوی (عەفرینگراد) بڵاو کردووەتەوە کە بەشێکە لە ئەلبوومی (نیشتمان).
ڕوونیشی کردەوە کە ئەلبوومی (نیشتمان) لە ٨ تراک پێک دێت و بەرهەمەکانی دیکەی ئەو ٨ تراکە، لە دوای جەژنی نەورۆز بڵاو دەبێتەوە.
بورهان خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد کە شیعری شاعیرانی کورد (هێمن موکریانی، عەبدوڵا پەشێو، غەریب پشدەری، ڕەنج سەنگاوی و بێبەش پیرۆتی) لە ئەلبوومە تازەکەیدا بەکار هێناوە و خۆی ئاوازی بۆ داناون و کۆمپانیای (میلۆدی) تۆماری کردوون. هەریەک لە هۆگر سەعید، هێمن حوسێن و کاروان ڕەمەزان کاری میوزیک و سکوینسەریان کردووە و لەلایەن رۆژگار لەشکرییەوە مۆنتاژ کراوە.
لە کۆتاییشدا ئاشکرای کرد کە هیچ دەزگا و کۆمپانیا و ناوەندێک سپۆنسەری ئەبلوومەکەی نەکردووە و حەزی کردووە لەسەر ئەرکی خۆی، ئەلبوومەکەی بڵاو بکاتەوە.