شایی عوسمان : لەبەر دڵی باوكم دەمگوت حەز دەكەم ببم بە دكتۆر

شایی عوسمان : لەبەر دڵی باوكم دەمگوت حەز دەكەم ببم بە دكتۆر
شایی عوسمان لەدایكبووی شاری سلێمانییە، لەبوارەكانی فۆتۆمۆدێل و فاشیۆن و رێكلام كاردەكات، وەك ئەكتەریش بەشداری له فیلمی (بازاڕی كۆنەفرۆشان)ی دەرهێنەر( لوقمان غەریب)ی كردووە. سەرەتا وەك كۆمبارس لە دراماكانی شەوانی رەمەزان دەركەوتووه، بە هۆی لێهاتوویی داوای لێكراوە لە كارێكی ئێرانیدا بەشداری بكات.
یەكێك لە ئاواتەكانی باوكی شایی ئەوە بووە رۆژێك لە رۆژان ببێت بە پزیشك و خۆیشی لەم بارەوە دەڵێ: كە منداڵ بووم باوكم لەتەنیشت خۆی دایدەنیشاندم و دەیوت: شایی رۆژێك دێت تۆ دەبی بە دكتۆر،حەزت لە دكتۆری هەیە؟ منیش بۆ ئەوەی دڵی نەشكێ، دەموت: بەڵێ باوكە حەزم لێیە، بەس هیچ كاتێك حەزم لە دكتۆری نەبووە، هەمیشە حەزم لێ بووە ببم بە پەرلەمانتار، لە ئێستاشا هیچیان بەدی نەهاتووە، دوور لە هەردووكیان كاری هونەریم هەڵبژارد، بەڵام دەتوانم لەئایندە یەكێكیان بەدەست بێنم. سەبارەت بە گۆرانی وتنیش شایی دەڵێ:ئیستاش زۆر حەزم لە گۆرانی وتنە، بەڵام هەركاتێ كە گۆرانیم وتووە، وتویانە ماشەڵا دەنگت زۆر ناخۆشە.
یەكەم فیلم كەبەشداریی تێدا كرد(بازاڕی كۆنەفرۆشان) بوو، کە رۆڵی كچێكی بینی بە ناوی رێزان، دەربارەی ئەم رۆڵە دەڵێ: سەرەتا كاك (لوقمان غەریب)ی دەرهێنەر، پەیوەندی پێوە كردم وتی: فیلمێكم هەیە و دەمەوێ بەشداربیت و رێزان كارەكتەری تۆیە، كاتێک خوێندمەوە، بینیم رێزان كارەكتەرێكی هاروهاجە، بە ناو و كارەكتەرەكە خۆشحاڵ بووم، چونكە خۆم زۆر سەرسامم بە (رێزان فەرەج)ی ئەكتەر، زۆر جوان ئەدا دەكات، كاتی كەوای پێ وتم زۆرم پێ خۆش بوو، چونكە وتم لە یەكەم دەركەوتنم ئەو رۆڵەم پێ بدرێ، زۆر باشه و ئەوەش رێك كەسایەتیی منە و بە خۆشحاڵییەوە حەز دەکەم بە رێزان بانگم بکەن و لەوانەیە ببێ بە نازناوی من.
Top