نارین فەقێ کلیپێک بۆ پشتیوانیی عەفرین بڵاو کردەوە

نارین فەقێ کلیپێک بۆ پشتیوانیی عەفرین بڵاو کردەوە
نارین فەقێ، خانمە گۆرانیبێژی کورد، نوێترین گۆرانیی خۆی بۆ پشتیوانیی کوردانی شاری عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان بڵاو کردەوە.

گۆرانییەکە بە ناوی (وارێ زەیتوونێ)یە، محەمەد شینۆ تێکستی گۆرانییەکەی نووسیوە، عەلی شاکری هاوسەری ئاوازی گۆرانییەکەی داناوە، ھەروەھا (ئێج دی پڕۆدەکشن) کاری بەرھەمھێنانی بۆ ڤیدیۆ کلیپەکە کردووە کە لە دەرهێنانی هونەرمەند هەژار دهۆکییە، دەربارەی ئەم کلیپە خاتوو نارین فەقە دەڵێ: بەداخەوە کە ئێستا دەبینین هەموو جیهان چاوی پۆشیوە لەو پێشێلکاریانەی کە دەرهەق بە میللەتی کورد ئەنجام دەدرێن چ لە کەرکوک بێت یان لە عەفرین یان لە کرماشان، ئەم کلیپەم دیارییە بۆ گیانی گشت شەهیدانی عەفرین بەتایبەتی بارین کۆبانیو ئاڤێستا خابوور.

نارین فەقێ، خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و کچی هونەرمەندی ناسراوی کورد جودییە، ئێستا لە سوید دەژی، یەکێکە لەو خانمە گۆرانیبێژانەی چەندین کۆنسێرت و ئاھەنگی جەماوەری لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئەورووپا ساز کردووە، لە گشت بۆنە و یادە نیشتمانییەکاندا بوونی هەبووە و بەشداریی کردووە لە خۆشی و سەرکەوتنەکانی گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان لە رێگای هونەرەوە.

Top