كیت وینسڵت:پێویستە ئەكتەر بەردەوام بێت لە پێشكەشكردنی كاری نوێ

كیت وینسڵت:پێویستە ئەكتەر بەردەوام بێت لە پێشكەشكردنی كاری نوێ
فیلمی تایتانیك بە یەكێك لە فیلمە هەرە گەورە و ناسراوەكانی سینەمای جیهان دادەنرێت، كە توانیی ژمارەیەكی پێوانەیی لە خەڵاتەكانی ئۆسكار بە دەست بهێنێت ئەمە سەرەڕای ئەوەی بووە هۆی گەڕانەوەی جمیس كامیرۆنی دەرهێنەر و زیاتر ناساندنی هەردوو پاڵەوانی فیلمەكە كیت وینسڵت و لیۆناردۆ دیكاپریۆ.
لە دوای تایتانیك كیت وینسڵت و لیۆناردۆ بەردەوام كاری جوان و سەرنجڕاكێش پێشكەش دەكەن و فیلمەكانیان هەمیشە بە سەركەوتووەكان دادەنرێن، لە بارەی كارەكانی دوای (تایتانیك) كیت وینسڵت دەڵێ: لە دوای تایتانیك زۆر بە باشی لەلایەن جەماوەرە ناسرام بۆیە بەردەوام بووم، هەرچەندە كارەكانم نەگەیشتنە ئاستی تایتانیك، بەڵام تایتانیك هاندەرێكی سەرەكی بوو بۆ من تاكو هەوڵ كاری جوان پێشكەش بكەم و لە چاوی جەماوەردا ئاستی هونەریم دانەبەزێت.
كیت هەروەها دەڵێ: لەو كاتەوە تا ئێستا بەشداریم لە چەندین فیلمدا كردووە كە چیرۆك و سیناریۆكانیان جۆراوجۆر بوون، راستە نەگەیشتوونەتە ئاستی تایتانیك، بەڵام لە رووی جەماوەرییەوە سەركەوتوو بوون، دیارە ئامانجی سەرەكی هەر ئەكتەرێكێش ئەوەیە كە جەماوەر بە تەواوی لە پەیامەكەی بگات و پێشوازیی لێ بكات.
هەر لەم بارەوە كیت دەڵێت: تایتانیك نەك تەنیا بۆ من و لیۆناردۆ و دەرهێنەری فیلمەكە كارێكی ناوازە بوو، بەڵكو بۆ جەماوەری سەرتاسەری جیهانیش بە هەمان شێوە بوو و ئێستاش وەك فیلمێكی زیندوو ماوەتەوە، بەڵام ناكرێ ئێمە هەر لە خەیاڵی سەركەوتنەكانیدا بژین، بە پێچەوانەوە پێویستە بەردەوام بین لە پێشكەشكردنی كاری نوێ و هەوڵ بدەین ئەگەر كارەكانمان لە ئاستی (تایتانیك)یش بەرزتر نەبێت، هیچ نەبێ بتوانین بگەینە ئاستی تایتانیك.
Top