قسەیەک سەبارەت بە پەیکەرەکانی شار

قسەیەک سەبارەت بە پەیکەرەکانی شار
فەرهەنگ غەفوور

یەکێک لە سیما شارستانییەکانی هەر شار و ناوچە و وڵاتێک، دانانی پەیکەری کەسایەتییەکانی خودی ناوچەکە، یان پەیکەرێک کە گوزارشت لە شۆڕش، یان گۆڕانکارییەکی گەورە بکات، وەک رەمزێک بۆ رۆڵ و پێگەی ئەو کەسایەتی، یان ئەو راپەڕین و گۆڕانکارییە کە تا هەتایە شوێندەستی لەسەر ناوچەکە و دانیشتووانەکانی بەجێ دەهێڵێ.
کاتێک مرۆڤ بە سەردان روو له وڵاتێک دهکا، ئەوەی زۆر سەرنجی رادەکێشێ و زووتر پێشوازی لێ دەکا، ئەو پەیکەرانەن کە بە دیدێکی هونەریی مەزنەوە دروست کراون و باسی چیرۆکی رابردوو و شارستانیەتی ئەو گەل و وڵاتەت بە گوێدا دەچرپێنن، گەشتیار لە رێی ئەو پەیکەرانەوە بە زۆر شتی نەبیستراوی ئەو وڵاتە ئاشنا دەبێ و تێڕوانینێکی باش لەسەر خەڵک و حکومەت و وڵاتەکەیشی دەست دەکەوێ. بۆ ئێمەی کوردیش کە خاوەنی زۆرترین شۆڕش و قوربانیدان و خۆڕاگری و قارەمان و رابەر و کەسایەتی شۆڕشگێڕ، یان کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و ئایینی، هونەرمەند و پیشەوەری دەستڕەنگین و عاشق و شەیدای زۆرمان هەیە، کە باس و خواس و تێکۆشانیان بووەتە داستان و نەوە دوای نەوە لەسەر زارانە، بۆیە بە زیندووکردنەوەی ئەو رووداوانە، یان کەسایەتییانە لە رێی پەیکەری شایستە و گونجاو، دەرخستنی شارستانیەت و مێژووی رابردووە، کە زۆر حەیفە ئەو مێژووە بە جوانترین شێوە و بە جوانترین و شایستەترین پەیکەری هونەری گوزارشتی لێ نەکرێ.
جێی دڵخۆشی و دەستخۆشییە بۆ شارەوانی و بۆ هونەرمەندانی دەستڕەنگینیش کە لە شارەکەماندا کۆمەڵێک پەیکەر هەن، بەشێکیان سەرباری ئەو ئیمکانیەتە سنووردارەی بەردەستیان، بەڵام کاری باش و گونجاون و شایانی ئەوەن کە شەقام و پارکەکانمانی رازاندۆتەوە و بوونەتە جێی تێڕوانینی خەڵکی خۆمان و گەشتیارانی بیانییش، بەڵام ناوە ناوەش دەبینین کە لێرە و لەوێ هەندێک پەیکەر دادەنرێن کە هیچ هونەرکاری و وەستاکارییەکیان تێدا نەکراوە و لە رووی سمبولییەوە گوزارشت لەو کەسە، یان دیاردەیە ناکەن کە بە ناویانەوە داندراوە، بۆیە لەکاتێکدا کە دەستخۆشی لە خەمخۆریی شارەوانیی شارەکەمان دەکەین، پێشی رادەگەیەنین کە دەبێ بیرۆکەی پەیکەرەکە و دروستکردنیان بۆ ئاگاداری و هاوئاهەنگیی نێوان وەزارەتی رۆشنبیری، یان سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، یان پەیمانگای هونەر جوانەکانەوە بێ و رێنمایی و دیدی ئەوان پێشتر وەرگیرابێ، چونکە ئەوانە لایەنی پەیوەندیدارن و رەنگە بە حوکمی ئیشەکەیان باشتر لە شارەوانی بزانن کە کام بیرۆکە بۆ کام پەیکەر و کام شێواز و کەرەستە لە دروستکردنی و کام پەیکەر بۆ کام شوێن گونجاوە.
بۆیە لە روانگەی دڵسۆزی و خەمخۆریمان بۆ شارەکەمان و بۆ پێگەی هونەر لە شارەکەمان، رووی داوا لە لایەنی جێبەجێکار و شارەوانی دەکەین، کە ئەو بوارە بۆ خەڵکی پەیوەنددار و ئەکادیمی جێبێڵن، بەر لە ئەنجامدان و دانانی پەیکەرەکان لانیکەم راوێژیان پێ بکەن و باری سەرنج و تێبینییەکانیان بەهەند وەربگرن، هەروەها رووی داوام لە وەزارەتی رۆشنبیری و سەندیکای هونەرمەندان و یەکیەتی نووسەرانی کورد کە هاوئاهەنگیی زیاتریان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی هەبێت و لە رێی نووسراو و سەردان و ئاڵوگۆڕکردنی را و سەرنج، کارێک بکەن کە ئەو هونەرکارییە ھەم لە رووی مێژوویی و ھەم لە رووی ھونەری خوانەخواستە خەوشی تێ نەکەوێ، بەڵکو بە جوانترین و شیاوترین شێواز و کەرەستە و بیرۆکە و کارسازی دروست بکرێ و لە رێگەی ئەو هونەرەوە بەرگێکی شایستە بە ناوبانگی مێژووی وڵاتەکەمان و کەسایەتییە دیار و ماندوونەناسەکانیدا بکرێتەوە.
Top