جەمال محەمەد:پێویسته بەر له ئەنجامدانی هەر كارێكی هونەری ئامانجێكی دیاریكراو هەبێت
به حوكمی كاری بەردەوامی و شارەزایی له ستایله هونەرییەكان و تایبەتمەندێتیی هەر هونەرمەندێك و گرنگی ستایل لەسەر رێڕەوی هونەرمەند، مامۆستا جەمال دەڵێ: گرنگە بەر له ئەنجامدانی كارێك ئامانجێكی دیاریكراو هەبێت و بۆ چ مەبەستێك ئەنجام دەدرێت، بێگومان كارێكی زۆر باشه ئەگەر هەر هونەرمەندێك ستایلێكی تایبەت به خۆی هەبێت كه ئەمەش دەبێته ناسنامەی هونەرمەندەكه و هەمیشه لەلای خەڵك پێی دەناسرێتەوه، بەڵام پێویسته له سەر هونەرمەند ماوه ماوه پێداچوونەوەیەكی كاره هونەرییەكانی خۆی بكات و خۆی لەگەڵ سەردەمەكه بگونجێنێت له رووی ئاواز و تێكست، به مەرجێك گۆڕینی ستایل كاریگەری لەسەر میلۆدی و ناسنامەی كوردی نەبێت، له هەمان كاتدا له نێو ستایل و ئاواز و تێكسته نوێیەكانیدا بتوانێت تام و هەستی كوردەواری بپارێزێت.
مامۆست جەمال لە بارەی ئاوازەوە دەڵێ: له هەڵبژاردندا جا له ریتم یان موزیك و ئاواز و دابەشكردنی بەشێوەیەك بەرفراوان بێت و هەوڵ بدات زۆر دەستكاری موزیكەكەی نەكات. مامۆستا جەمال ئاماژه بەوەش دەكات كه ئێستا له گۆڕەپانی هونەری كوردی زۆر شتی باش پێشكەش دەكرێت كه مایەی دەستخۆشییه، بەڵام كەموكوڕیش هەیه و زۆر گۆرانی هەیه كه به هیچ شێوەیەك پەیوەندی به ستایل و موزیك و گۆرانی كوردییەوه نییه و بەداخەوه بەردەوام له میدیاكان پەخش دەكرێن.