ئۆمێد..گەلی کورد لە خۆمانەوە نزیک دەبینم و بەم زووانه گۆرانی كوردی دەڵێمەوه

ئۆمێد..گەلی کورد لە خۆمانەوە نزیک دەبینم و بەم زووانه گۆرانی كوردی دەڵێمەوه
هژار مەموزینی

لە ئێران تا تەمەنی 21ساڵی بژێوی
ژیانم لەسەر کاری خۆشنووسی و وێنەکێشان بوو

هونەرمەند ئومید سوڵتانی یەك له گۆرانیبێژه دەنگخۆش و ناودارهكانی ئێرانه، یەكەمین گۆرانی بەناوی(باران) بڵاوكردووەتەوه و هەربەو گۆرانییەش ناسرا. تا ئێستا خاوەن چەندین ئەلبومی گۆرانییە. هەروەها گۆرانییەكی كوردیشی هەیه و لەم دیدارەدا ئاماژه بۆ ئەوه دەكات که گەلی کورد لە هۆزی بەختیاری نزیک دەبینێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا گۆرانی دیكەی كوردی دەچڕێت.

* بۆچی گۆرانی(هەوای ئازادی)یتان كرده ناونیشانی دوایین بەرهەمی هونەریتان؟
- لەبەرئەوەی ئەم گۆرانییە زۆر بەلامەوە خۆش بوو، چونكه واتا و تێگەیشتنی سەرنجڕاكێشی هەبوو، گوێگرانیش ئەم ناوەیان لەمێشكدا دەمێنێتەوه، كه ئایا ئەو واتایه سیاسی یان كۆمەڵایەتییه. له راستیدا به گوێگرتن لەو گۆرانییه ئاگادار دەبن و دەزانن كه مانایەكی كۆمەڵایەتی هەیه.
* هەوادارانت له كۆنسێرتەکاندا زیاتر داوای چ گۆرانییەك دەكەن؟
- داوای گۆرانی (باران، حچرت عشق، سرتو بژار رو شونههام، قلندر، ایران. من، کردی، قرمز، تو محشری، امشب میخوام مست بشم، اگر مانده بودی، یاسمین، حیف که نمیشه از تو گفت، فریاد، پیروزی) دەكەن. زۆربەی گۆرانییەكانیش وزەبەخشن.
* لە رابردوودا گۆرانیەكی كوردیتان چڕی، ئایا بەنیاز نین گۆرانی دیكەی كوردی بڵێنەوه؟
- لەبەرئەوەی ڕەچەلەكی من له هۆزی بەختیارییه و لەگەل ئەو زمانه ئاشنام كه تا ئاستێكی زۆر له زمانی كوردییەوە نزیكه و ئێمه كورد لەخۆمان دەزانین و لەبەر ئەوه گۆرانی كوردیم گوت و بەم نزیكانه جارێكیتر گۆرانی كوردی دەڵێمەوه.
* كاری هونەری بۆته سەرچاوەی ژیانت؟
- بەڵێ، موسیقا تەواوی ژیانمه و بۆته سەرچاوەی بژێوی ژیانم.
* زیاتر بەكام گۆرانی ناسران؟
- یەكەم گۆرانی كه گوتم، گۆرانی»باران» بوو.
* نزیكی فەرهەنگی كوردی و ئێرانی چۆن دهبینن؟
- من هاوڕیێ زۆری كوردم هەیه كه لەگەڵ یەكتر هەست به نزیكبوون دەكەین، هەروەها من هەست دەكەم كوردانی ئێران له رووی كەلتوور و فەرهەنگەوه زۆر له ئێمەوە نزیكن.
* له چ پەشیمانن؟
- لەو قسانەی كه نەدەبوو بیانكەم.
* گۆرانییەکانت بە شێوەیەکی گشتی گوزارشت لە چی دەکەن؟
- من هەمیشه له گۆرانییەكانم حەز دەكەم باس له عەشق بكەم، چونكه عەشق تەنیا رێگای گەیشتنه و واتای خۆشەویستی دەگەیێنێت، بەداخەوه پەیوەندی خانەوادەكان له جیهان تادێت ساردو ساردتر دەبێت، بۆیه تەنیا رێگای دەربازبوونی مرۆڤەكان لەو پەیوەندییه ساردانەدا، بڕوابوون به عەشق و خۆشەویستییه.
* بۆچی لەدوا بەرهەمەكانتدا زیاتر بایەخت به كلیپ كردنی گۆرانیەكانت داوه؟
- لەبەر ئەوەی پێشووتر وەكو پێویست گۆرانییەكانی خۆم به دەنگ و رەنگ نەكردووه، بۆیه لەدوا بەرهەمەكانم زیاتر گرنگیم به كلیپكردنی گۆرانییەكان داوه و هەروەها کۆمەڵگەی ئەمڕۆ زیاتر حەزدەكەن گۆرانی بە وێنەوە ببینن.
* زیاتر حەز لە کام بەرهەمەکانت دەکەی؟
- دەبێت بڵێم هەموو كارەكانم كه ئێستا كردوومن، یەكه به یەكەیانم خۆش دەوێت، بەڵام ئەگەر بپرسی كامیانم زیاتر خۆش دەوێت، دەتوانم ناوی چەند گۆرانییەكت بۆ بڵێم، لەوانه (یاسەمین) كه بۆ كچەكەم گوتوومه و گۆرانی (ئیران) كه بۆ نیشتمانەكەم چڕیومه.
* تێكست، ئاواز و دەنگ، كامیان زیاتر به هۆكاری سەرکەوتنی هونەرمەند دەزانن؟
-دەتوانی بەبێ هیچ یەك لەوانه ناوداری بەدهستی بێنی، ئەمڕۆ بەهۆی بوونی سەتەلایت و تەلەفزیۆن، دەكرێت به یەك شەو ناوبانگ پەیدا بکەیت، بەڵام ئەگەر بتەوێت لەناو دڵی خەڵك جێگای خۆت بدوزیتەوه، چیرۆكەكانت دەبێت هەم دەنگ و سەلیقەی هەبێت بۆ هەڵبژاردنی هۆنراوە بۆ گۆرانی، هەمیش هێزی پێشكەشكردن رووبەڕووی جەماوەر گرنگه و ئەو جۆره پەیوەندییه دروست و پتەوەت دەبێت لەگەل گوێگرانت هەبێت.
* جگه له گۆرانیگوتن، توانای رۆڵ بینینتان له فیلم، یان درامادا هەیه؟
- بەڵێ، دەتوانم رۆڵ ببینم و دەرهێنەرێك پێشنیاری كرد بەشداری له درامایەكدا بكەم، بەڵام من پێشنیارەكەم رەتكردەوه، چونكه بابەتی دراماكه بەدڵم نەبوو، كەسانێكیش بڕیار بوو لەگەڵم رۆڵ ببینن، كه من حەزم نەدەکرد لەگەڵیان دەربکەوم لەو رۆڵەدا.
* ئەزموونێكتان لەكاری وێنەكێشی هەیه، ئەو بواره هونەرییه تا چەند تێکەڵی ژیانت بووه؟
- من له ئێران وێنەكیش و خۆشنووس بووم و تا تەمەنی 21 ساڵی.بەو كاره بژێوی ژیانم پەیدا دەكرد.
* پێتوایه هۆكار چییه ئومید سەرەڕای چوونه تەمەنەوه، بەڵام دەنگی وەك خۆی ماوەتەوه؟
- به بۆچوونی من تەمەن و ساڵ تەنیا ژمارەیەكن كه ئێمه بۆخۆمان دروستمان كردووه، گرنگ ئەوەیه كه خۆت چ هەستێكت هەیه، ئەگەر مرۆڤ هەوڵ بدات به درێژایی ژیان به دڵێكی پاک ژیان بكات، بێگومان جوانتر دەردەكەوێت، لەو تەمەنەی كه تیایدایه، هەروەها دەنگ كۆتا ئەندامی جەستەی مرۆڤه كه پیر دەبێت، بۆ راستیی قسەكانم گوێ لەدەنگی مامۆستا شەجەریان و شەهرام نازری بگره.
* ژیانی گۆرانیگوتن چی فێركردن؟
- فێری ئەوەی كردم و زانیم كه خوا منی چەند خۆش دەوێت.
* بۆ داهاتوو چ پڕۆژه و بەرنامەیەکت هەیه؟
- بەرنامەیەکی زۆر و کۆنسێرت و ئەڵبومی نوێ لە رێگەدان.
Top