ئیسماعیل خەیات:هیوای زۆرم بە هونەری شێوەكاریی كورد هەیە.

ئیسماعیل خەیات:هیوای زۆرم بە هونەری شێوەكاریی كورد هەیە.
ئیسماعیل خەیات لەساڵی (1944) لە خانەقین لەدایك بووەو خانەی مامۆستایانی بەعقوبەی تەواو كردووە و ئەندامە لە كۆمەڵەی شێوەكارانی عێراق و كۆمەڵەی شێوەكارانی جیهان (I.A.A).بەشداری زیاتر لە شەست پێشانگای هاوبەشی لە (شارەكانی كوردستان، بەغدا، سووریا، ئەردەن، رووسیا، ئەوروپای رۆژهەڵات، كۆریای باشوور، ژاپۆن، فەرەنسا، سوید، نەمسا، سویسرا، دانیمارك، ئەمریكا و ئەڵمانیا).
خۆشەویستیی ئیسماعیل خەیات بۆ هونەرەكەی بێ سنوورە و لەو بارەیەوە دەڵێ: هەڵبەتە ئەوەی من كاری لە سەر دەكەم، بەفڵچە و رەنگ و قەڵەمەكانیش هەمووی كەرەستەیەكی زۆر پیرۆزن، بەشێكن لەژیانی من، رۆژ بە رۆژیش بیرۆكەی تازەم بۆ دێت، هەمیشە هونەرمەندی باش دەتوانێ بابەتی باش بدۆزێتەوە، لەبەر ئەوە من وا هەستدەكەم لە دنیای وێنەكێشان، هەموو هونەرمەندە باشەكان هیوا و ئاواتیان لە بن نایە، لەبەر ئەوە منیش وەكو هونەرمەندێكی كورد ئاواتم زۆرە، بە هیوام هونەرمەندانی كوردیش هەروا بن و لە رووی تەكنیكەوە بەرەو پێش بچن ببن بە مایەی شانازی بۆ گەلی كورد.
سەبارەت بەم پرسە ئاستی هونەری شێوەكاری كوردی لە نێو هونەری وڵاتان دەڵێت:هونەری شێوەكاری كوردی رۆڵێكی هەیە، هەندێكیان لە ئاستێكی باشدان و هەندێ جاریش تێكەڵكردنێك دروست دەبێت لەلایەن ئەو هونەرمەندە باشانەوە، بەڵام بزاڤی رەخنەی شێوەكاری هەر بوونی نییە، بەڵام دەكرێت هیوامان بەوە بێت هونەری هونەرمەندە باشەكان هەر پێشكەوێت و كاریگەری باشیان هەبێ لەسەر نەوەی دوای خۆیان، مێژووی هونەری شێوەكاری زۆر كورتە، ئەگەر بەراوردێكی پێ بكەین لەگەڵ ئەو وڵاتە پێشكەوتووانە، بەڵام هیوام زۆر بەهونەری شێوەكاری كوردی هەیە وەكو ئێستا هەندێ هونەرمەند ئاستی هونەرییان زۆر باشە و هیوام وایە باشترین و جوانترین و بەرزترین گوزارشت لەخاكەكەیان بكەن.
Top