ئامانجمان خزمەتكردنی مرۆڤایەتییە لە ڕێی هونەرەوە .
* بە رێكەوت لە رۆژنامەنووسییەوە رووت لە گۆرانیكردن کرد، یان ئارەزووی خۆت بووە ؟
- ئارەزووی خۆم بووە و هەر لە منداڵییەوە حەزم لەو بوارە كردووە و دایكیشم دەنگی زۆر خۆشە و ئەمەش كاریگەریی زۆری لەسەر من و خوشكم هەبوو. من و دایكم و خوشكم لە ئاهەنگەكانی خۆمان هەمیشە گۆرانیمان وتووە، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ئێران بووین، نەمتوانی بەشێوەی پڕوفیشناڵی بچمە نێو بواری هونەرەوە، كە هاتمە ئیسپانیا بەشێوەی ئینتەرناشناڵ و پیشەگەری دەستم بە گۆرانیوتن كرد و ئێستا لەگەڵ گرووپی نێودەوڵەتی (BCN- WORLD MUSIC PROJICT GROUP)م كە لە زۆر وڵاتان ئەندامی هەیە و تێیدا گرنگی دەدەین بەوەی لە رێگای مۆسیقاوە گشت سنوورەكان بشكێنن و ماوە ماوە کۆنسێرت ساز دەکەین. دوو پڕۆژەشم لەبەردەستە كە بەم زووانە بڵاویان دەكەمەوە، یەكەمیان بە زمانی كوردییە و ئەویتریان بە كوردی و ئیسپانییە، بواری رۆژنامەنووسیم هەڵبژارد بۆ ئەوەی زیاتر دەنگم بگەیەنم و دەمەوێ جیهانی لێ ئاگادار بكەمەوە و لەسەر كاری رۆژنامەنووسی و هونەریش ئازاری زۆرم كێشاوە و ناچار بووم بە تەنیا لە سەرەتاوە دەست پێبكەم.
* ئەو حەزەت بۆ زمانی كوردی لە چییەوە سەریهەڵدا ؟
- هەر لە تەمەنی منداڵییەوە عاشقی ئەو زمانە بووم و بۆ من تایبەتمەندییان هەیە، من مامۆستای زمانی ئینگلیزیم، بەڵام وەك كوردی حەزی لێناكەم، لەلایەكی دیكەوە لە نێو كورد هونەرمەند زۆرن و لە تاران زۆر كەسایەتی هونەری و ئەدەبی كوردم ناسی كە دەرهێنەری سینەمایی، یان شانۆكار، یان گۆرانیبێژ و موزیسیان و شێوەكار بوون، وەكو كامكاران، بەهمەنی قوبادی و قوتبەدینی سادقی، ئەمانە زۆر هاوكارییان كردم و پێیان خۆش بوو كە دەیانبینی كچێكی فارس گرنگی بە كەلتووری كوردی دەدات، هەروەها منیش خۆم زۆرم هەوڵدا، بۆیە كە هاتمە كوردستان لە ماوەی چەند مانگێكدا فێری زمانی كوردی بووم، ئەوە بوو بۆ یەكەم جار دیوانی (شێركۆ بێكەس)م وەگێڕا بۆ سەر زمانی ئیسپانی.
* ئەو ماوەیەی كە لە كوردستان بووی چ تیڕوانینێكت دەربارەی كورد لە لا دروست بووە ؟
-ئەگەر راشكاوانە قسە بكەم، كاری ئەرێنیی زۆرم لە كوردستان بینی، لە هەمان كاتدا كاری نەرێنیی زۆریشم بینی، بەتایبەتی لە بواری بیزنس لەلایەن كۆمپانیایەكی بازرگانی ناسراو زیانی زۆرمان بەركەوت لە زۆر رووەوە و ئەزموونێكی باش نەبوو بۆ من، بەڵام خەڵكانێكی زۆریش بەڕێز و هەست ناسك و مرۆڤدۆستم ناسی و كەسایەتی زۆر ناسراو بواری هونەر و ئەدەبیشم ناسی، لەوانە مامۆستا خەسرۆ جاف و مامۆستا مەزهەری خالقی، کەریم بەختیاری، ئەوەی بۆ من گرنگ بوو، لە نزیكەوە ناسینی كۆمەڵگهی كوردی بووە.
* زیاتر ئارەزووت لە گۆرانی كوردییە یان فارسی ؟
- ناتوانم بڵێم زیاتر ئارەزووم لە كامیانە، چونكە فارسی زمانی دایك و باوكی منە و كوردیش زمانێكی زۆر خۆش و شیرینە، هەروەها من پێنج زمان زۆر بە باشی دەزانم و ئێستا هەوڵدەدەم فێرە زمانی شەشەم بم، ئەمەش تا راددەیەك سەختە، بەڵام لەبەر ئەوەی من زۆر حەز دەكەم فێرە زمان و كەلتووری نەتەوەكانی دیكە بم بۆ من زۆر سەخت نییە، من عاشقی زمانی كوردی بووم و لەناو گۆرانییەكانیش جۆرێك هەستی تێدایە كە لە هەستەكانی منەوە نزیكە، هەست دەكەم جۆرێك خەمی تێدایە، لە ئیسپانیا تێبینی ئەوەم كرد كە ئاشنایەتیان بە زمان و ئەدەبی كوردی نییە بۆیە پێمخۆشە ئەو زمانە زیاتر بناسێت ئەگەر كەمیش بێت لە رێگای مۆسیقاوە، چونكە من سیمینارێكم لێرە ساز كرد، خەڵكەكە لێیان پرسیم كورد چییە؟ نەیانگوت كورد كێیە؟ بەڵام لە ئێستادا و دوای ساڵێك هەستم بەوە كردووە كە زانیارییان دەربارەی كورد هەیە.
* لە كەتەلۆنیا زیاتر وەك كوردێك ناسراوی، یان فارس ؟
- من فارسم، بۆیە وەك كچێكی فارس دەمناسن، چونكە زیاتر لە وڵاتەكەت دەپرسن كە بزانن تۆ خەڵكی كوێی، بەڵام مایەی سەرنجە بۆ ئەوانیش كە كچێكی فارس بەو شێوەیە حەز بە هونەر و كەلتووری كورد دەكات، ئهوان زیاتر گرنگی بەوە دەدەن كە تۆ چییان پێشكەش دەكەی، لە ماوەی رابردوو بە فارسی زۆر كاری هونەریم ئەنجامداوە، بەداخەوە لێرە موزیسیان نییە كە شارەزایی تهواوی لە مۆسیقا رۆژهەڵاتییەكان هەبێت، هەروەها بەدوای سپۆنسەریشدا دەگەڕێم، بە شێوەیەكی گشتی وەك فارسێك دەمناسن كە گرنگی بە هونەری كوردی دەدات و زۆربەی كارەكانی كوردین.
* لە كەتەلۆنیا هەوڵی پێشخستنی هونەری كوردی دەدەیت، كاردانەوەی ئێرانییەكان چی بووه ؟
- كەسانێك هەبوون كە پێیان گوتم تۆ فارسی بۆ بە كوردی گۆرانی دەڵێی؟ لە بەرامبەردا كەسانێكی دیكەی فارس هەبوون كە دەستخۆشییان لێكردووم كە وەك كچە فارسێك جگە لە زمانی خۆم بە چەندین زمانی دیكە گۆرانیم گوتووە، بەشێوەیەكی گشتی بۆچوونی ئەرێنی و نەرێنییان لەو رووەوە هەبووە.