دوای دە ساڵ مایا نەسری دەگەڕێتەوە

دوای دە ساڵ مایا نەسری دەگەڕێتەوە
خانمە گۆرانیبێژ و ئەكتەری لوبنانی مایا نەسری كە سەرەتا بە گۆرانیبێژێك ناسرا و خاوەن جەماوەرێكی زۆر بوو، دوای 10 ساڵ دووركەوتنەوه لە بواری گۆرانی و موزیك، بڕیاریدا دووبارە بگەڕێتەوە و دەست بە گۆرانی گوتن بكاتەوە.
هاوكات لەگەڵ رۆژی خۆشەویستی (ڤاڵانتاین) گۆرانییەكی نوێ بە ناوی (محدش حكالك) لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی یۆتیۆب بڵاوكردەوە كە یەكێكە لە گۆرانییەكانی ئەلبوومە چاوەڕوانكراوەكەی كە بە ناوی ( كمل لوحدك) و لە هەشت گۆرانی پێكدێت، بە شێوەزاری میسری و لوبنانی و بڕیار وایە لە ئاهەنگەكانی (شم النسیم) كە هاوكاتە لەگەڵ جەژنی نەورۆز بڵاوی بكاتەوە.
مایا نەسری لەم بارەوە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا رایگەیاند: دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا سەرقاڵی پەروەردە كردنی منداڵەكانی بوو بەتایبەتی دوای لە دایكبوونی سێیەمین كچی، لە مانگی نیسانی داهاتوودا دەگەڕێتەوە قاهیرە بۆ ئامادە بوون لە نمایشكردنی فیلمە نوێیەكەی كە لە دەرهێنانی ئیهاب لەمعیی و هانی رەمزیش تێیدا بەشدارە.
لەلایەكی دیكەوە مایا گشت دیمەنەكانی خۆی تەواو كردووە لە نوێـترین زنجیرە دراما كە بەشداری تێدا دەكات بە ناوی (السر) كە هەر یەكە لە حوسێن فەهمی و وەفا عامر و ریم بارودی تێیدا بەشدارن و لە 60 ئەڵقە پێكدێت، بەڵام دوای مانگی رەمەزان نمایش دەكرێت.
Top