هۆما قورەیشی روو لە بیزنس دەكات
هۆما بە نیازە روو لە بواری جلوبەرگ و مۆدە بكات لە رێگای بەرهەمهێنانی ماركەیەكی جلوبەرگی تایبەت بە خۆی، بەپێی ماڵپەڕی Bollywood hungama كە لە سەرچاوەیەكی نزیك لە هۆما هەواڵەكەی گواستۆتەوە. ئەو خانمە ئەكتەرە هەوڵ دەدات مۆدە بكاتە بابەتێك كە بۆ هەموو چینەكانی كۆمەڵگا بەردەست بێت نەك تەنیا بۆ چینێكی دیاریكراو، ئەم پرۆژە تازەیەی هۆماش دەستپێشخەرییەكی نوێیە لەو بوارەوە و پێیوایە دەرفەت بە كچان دەدات بەتایبەتی بچووكەكان كە بە نرخێكی گونجاو ئەوەی حەزی لێدەكەن لە بواری مۆدە بە ئاسانی دەستیان كەوێت.
لە بارەی ئەم دەستپێشخەرییەوە هۆما دەڵێ: مۆدە و جلوبەرگی نوێ و جوان تەنیا بۆ چینێكی دیاریكراوی كۆمەڵگا نییە، چونكە زۆر لە كچان لە سەرتاسەری هیندستان ئارەزوو دەكەن جلوبەرگی نوێ و جوان بپۆشن، جلوبەرگیش بەشێوەیەكی گشتی بۆ هەر كەسێكە كە بیەوێ باش و جوان بێت،من دەمەوێ هێڵێك دەست پێبكەم بۆ ئەو كچانەی كە لە قوتابخانە و كۆلێژەكانن و ئەو كچانەی كار دەكەن و دەیانەوێ بڕوای زیاتریان بە خۆیان هەبێت.
شایەنی باسە بەشێك لە كەسایەتییە ناسراوەكان بۆڵیۆد روویان لەو بوارە كردووە لەوانە سۆنام كاپور و ریا كاپوری خوشكی و ئەنوشكا شارما لەگەڵ سانی لیۆن، هەروەها سیدهارت مالهۆترا.