خۆشحاڵم بەوەی که توانیومه بە زیاتر لە 25 زمان گۆرانی بڵێم.
هونەرمەندانی كورد هەمیشە بە دەست گرفتە جۆراوجۆرەكانەوە دەناڵێنن، وەك نەبوونی موزیسیان و زۆریی خەرجییەكانی تۆماركردنی كلیپ و بەرهەم، بەڵام بەهار رایەكی پێچەوانەی زۆربەی هونەرمەندانی دیكەی هەیە و لەم رووهوه دەڵێ: منیش زۆر گوێم لەوە دەبێت كە هونەرمەندان گلەیی دەكەن لە هەبوونی گرفت بۆ هونەرمەندان له ئەوروپا، بەڵام وەک کچە هونەرمەندێك وای نابینم کە کاری هونەری لە ئەوروپا بەو شێوەیە سەخت بێت، هەرچەندە من ئێستا گرنگیی زیاتر بە خوێندن دەدەم، بەڵام وەک لە بواری هونەرییەوە دەرگای زۆر لەبەردەمم کراونەتەوە، میللەتانی ئەوروپاش زۆر حەزدەکەن گوێیان لە شتێکی نوێ بێت و ئاشنای هونەر و کەلتووری بیانی بن، گوتنی گۆرانی فۆلکلۆر و ژەنینی تەمبوور وایکرد زیاتر هانم بدەن بە جۆرێک لە ماوەیەکی کەمدا ئێستا لە نێو کورد و سویدی و تەنانەت عەبەرەکانیش ناوبانگم پەیدا کردووە.
سەبارەت بە گۆرانیوتن بە زمانی بیانی و لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی لەسەر هونەری كوردی بەگشتی و خودی هونەرمەندان بە شێوەیەكی تایبەتی بەهار دەڵێ: ئێستا هونەرمەندانی کورد لە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە و ئاساییە بکەونە ژێر کاریگەری هونەری وڵاتانی تر، بەڵام من زیاتر بە زمانی کوردی گۆرانیم وتووە، میللەتانی ئەوروپا حەز لە کەلتووری میللەتانی دیکە دەکەن، کاتێک بە تەمبووری کوردی و بە شێوازی کرمانجی گۆرانی سویدیم گوت پێشوازییەکی گەرمیان لێکرد و ناوبانگێکی باشم دەرکرد و لەگەڵ هونەرمەندە گەورەکانیان کاری هونەریم ئەنجامدا و کۆنسێرتم ساز کرد، و بە پێچەوانەوە ئەوان زیاتر بە من کاریگەر بوون.
دەربارەی گرنگی خوێندنی هونەر بەشێوەیەکی ئەکادیمی دەڵێت: من بۆ ماوەی شەش مانگ كۆرسی فۆلك ستران و موزیك لە زانكۆی شاهانەی سوید لە ستۆكهۆڵم خوێندووە كە یەكێكە لە زانكۆ ناسراوەكانی جیهان، هەروەها بەشداریم لە زۆر كۆراڵ كردووە بە چەندین زمان ئەمانەش كاریگەرییەكی زۆریان بەسەر منەوە هەبوو و كاتێك هاتمە شاری یۆتۆبوری لە سوید پەیوەندیم كرد بە لە كۆراڵی جیهانی خانەی ئۆپێرا، ئەمەش وایكرد كە جگە لە زمانی كوردی بە چەندین زمانی دیكەش گۆرانی بڵێم و لەوێ زۆر هاوكاری ئێمەیان دەكرد لە هەموو روویەكەوە، هەر لەوێ بە تەمبوورەكەم گۆرانیم پێشكەش دەكرد، ئەوە بووە جێی سەرنجی سویدییەكان، هەروەها خۆشحاڵم بەوەی که توانیومه بە زیاتر لە 25 زمان گۆرانی بڵێم.