کەی خەمێک لە هونەرمەندە بێنازەکان دەخورێ؟
هونەرمەندان، نووسەران، رۆشنبیران و رۆژنامەنووسانی کورد، لە رۆژگارێکی زووەوە دەستیان داوەتە خزمەتی گەلەکەیان و بەو بەهرە و چالاکیی و زانیارییەی کە لەخۆیاندا شکیان بردووە، درێغییان لە هەوڵ و ماندووبوونی بەردەوام نەکردووە.
ئەو چین و توێژانەی کۆمەڵگەکەمان، کە ئەرکێکی پیرۆز و قورسیان خستۆتە سەر شان، لە هەر بارودۆخ و سەردەمێکدا و لەژێر هەر ئابڵوقە و سەختی و دژوارییەکدا دەستبەرداری مەهامی خۆیان نەبوون و ئەوەندەی لەتوانایاندا بووبێ، تێکۆشاون و بەرچاوی گەلەکەیان رووناک کردۆتەوە. رەنگە بێبەشترین چین و توێژیش بن لەناو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا، بەتایبەتەی لەناو کۆمەڵگەی کوردەواری کە نەیانتوانیوە بژێوی ژیانی خۆیان و خانەوادەکانیان لە دەسکەوت و بەرهەمەکانیان پەیدا بکەن، چونکە هێشتا لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دەستکەوتی ماددیی و بژێویی ژیان لەسەر بەرهەم و داهێنانەکانیان نەبووەتە کولتوور و یاسا و نەهاتووەتە دی و دەرفەتی سوودوەرگرتن لە بەرهەم و رەنجی خۆیان بۆیان، یان بۆ بەشی زۆرینەیان فەراهەم نەبووە. تا ئەو کاتەی کە هونەرمەندەکە، یان رۆشنبیر و نووسەرەکە بەهۆی بەتەمەنداچوون و باری ناجێگیری تەندروستی و نەداری، دەکەوێتە ماڵەوە و نەخۆش و پەککەوتە ئاهی سارد هەڵئەکێشێ، بێ ئەوەی بەرهەمی تەمەنێک لە ژیانی هونەریی خۆی چنیبێتەوە، یان دامەزراوەیەک هەبێ لا لە ژیانی بکاتەوە و خەمی ژیان و تەندروستی بۆ بخوا و ئەرکی چارەسەری و فەراهەمکردنی پێداویستییەکانی ژیان بۆ خۆی و خانەوادەکەی بخوازێ.
لە وڵاتی ئێمەدا، کە دامودەزگا و ئەکادیمیا و رێکخراو و دامەزراوەی جۆراوجۆر هەن و بەتایبەتی لە چەند ساڵی رابردوودا ئیمکانیەتێکی زۆر باشیان لەبەردەستدا بوو، نەیانتوانی بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەو داهات و ئیمکانیەتە زۆرە بخەنە خزمەت پرۆژەکان و لە بەرهەمی پرۆژەکانیش (تامین صحی) و ژیانێکی شەرافەتمەندانە بۆ ئەو رێبوارانەی رێی جوانکردنی ژیانی کۆمەڵگه دابین بکەن.
ئەمڕۆ سەر بەهەر گەڕەک و شارێکدا دەکەیت، دەیان هونەرمەند و نووسەر و رۆژنامەنووسی بە ئەزموون دەبینی کە لە کونجی ماڵەوە کەوتوون و دوا رۆژەکانی ژیانی خۆیان بە نەهامەتی و نەبوونی و دەردەسەری بەڕێ دەکەن، ئەوانە کە رۆژگارێکی درێژ بێ پسانەوە و بەو پەڕی وزە و تواناوە شانیان دابووە بەر خزمەت و پێگەیاندنی نەوەی نوێ، ئەمڕۆ بێکەس کەوتوون و نازانن هاوار ببەنە بەر کێ و کام دەزگا و دامەزراوە، کە خەمێکیان لێ بخوا و بە پیر داوا و داخوازیەکانیان بچێ، هەر نەبێ ئەوانەی نەخۆشن و کەوتوونەتە ناو جێگا، ئەرکی چارەسەری و داودەرمانیان بۆ بکێشرێ و مووچەیەکی خانەنشینی شایستەیان پێ بدرێ، بۆ ئەوەی لەو تەمەنی پیری و بێ هێزییەدا چاویان لە دەستی کەس نەبێ و دواڕۆژەکانی ژیانیان بە ئاسوودەیی و ئارامی بەڕێ بکەن و هەستیش بکەن کە ئەو ئەرک و ماندووبوونەی ساڵەهای ساڵە کێشاویانە، بێ هوودە نەبووە و رەنج بە خەسار نەبوون.