هیوایەك بۆ هونەری منداڵان .
هیوا عەبدوڵا جەواد، بەكالۆریۆسی لە هونەری شێوەكاری هەیە و لە قوتابخانەیەكی كەركووكدا مامۆستای هونەرە. ئەم هونەرمەندە ئەزموونێكی هونەریی لە نێو خانەوادەكەی خۆیدا پیادە كرد. ئەو (7) منداڵی كۆ كردەوە، دوو پارچە پلێتی خستە بەر دەستیان. دوای ئەوەی رێنمایی كردن، بۆیاغ و رەنگی خستە بەر دەستیان. رێی ئازادانە كاركردنی بۆ واڵا كردن.
(ناز، دیاری، لارە، پەنا، پەیلە، هۆمایۆن، بێتا)، ئەو حەوت منداڵە بوون كە بە خەیاڵ و ئەندێشەی منداڵانەی خۆیانەوە، بە هێڵ و رەنگ كەوتنە نەخشاندنی خەون و خولیاكانی خۆیان لە سەر ئەو جووتە پلێتە. هیوای باوك و مامۆستا، ختووكەی لایەنی گەش و جوانی خەونی ئەو منداڵانەی داوە، بۆیە زیاتر خەیاڵ و ئەندێشەی ئەوان بە لای گوڵ و مرۆڤدا چووە. واش پێدەچێ پێشەكی رووبەری هەردوو پلێتەكەی بە رەنگی سپی بۆ ئامادە كردوون، پاشان كەرەستە و ئازادیی كاركردنی بۆ منداڵەكان رەخساندووە. دوو رەنگی (رەش و زەرد)ی خستوونەتە بەر دەست، لەمەشدا هونەرمەند زرنگیی نواندووە، چونكە خەیاڵی بێگەردی منداڵ، لە رووی رەنگ و فۆرمەوە، شت و رواڵەتەكان بە سادەیی دەبینێ.
ئەو حەوت منداڵەی بەشدارییان لە سیمپۆزیۆمێكی نێوماڵی هونەرمەندێكدا كردووە، مانۆڕی خۆیان بە قەڵەم ماجیكی رەش و بۆیەی زەرد كردووە. مانۆڕێكی خۆڕسكی منداڵانە، بەڵام بەهادار لە رووی هونەرییەوە، واتادار لە رووی پەروەردە و دەروونییەوە. هاندان و رێنمایی بەردەوامیی مامۆستا هیوا، بڕست و ئازایەتیی ئەوەی پێ داون، درێژە بە مانۆڕ و نەخشاندنەكەیان بدەن. ئەو منداڵانەش ئیدی بە ماجیكی رەنگ رەش فۆرمیان دیاری كردووە و فیگەری سادەی گونجاویان بە هۆش و بیری خۆیان نەخشاندووە، پاشان بە بۆیەی رەنگ زەردیش فۆرمەكانیان پڕ كردوونەتەوە. بۆیە هیوای هونەرمەند دوو رەنگی بۆ دیاری كردوون، یەك تاریك و رەش، یەكیش رووناك و گەش، چونكە لەگەڵ هزر و خەیاڵدانی سادەی منداڵدا دەگونجێن. منداڵان بە ئەندیشەی سادە و بێگەرد و سەرەتایی خۆیان، وەك گوتمان، دنیا بە سادەیی دەبینن، بێگەردانە لە دەوروبەر دەڕوانن. ژیان و ژینگە بە لای ئەوانەوە، هێندە ئاڵۆز نین، وەك ئەوەی ئێمەی گەورە دەیبینین.
وا پێدەچێ هیوا ویستوویەتی لایەنانی گەش و پرشنگدار و رووناكی ژیان، لە نێو تۆڕی هەست و نەستی ئەو منداڵانە بجووڵێنێ و لە ژیانی جەنجاڵی ئەم سەردەمە، بۆ كەم ساتێ دووریان بخاتەوە، ئەو سەردەمەی كە تێیدا تەكنەلۆژیا و ئامرازی گەیاندن دڕی بە هەموو كەلەبەرێكی ژیانی مرۆڤ داوە. سەرباری ئەوەی ژیان لە نێو شارێكدا كە لە رەوشێكی نائاساییدایە، تەماوی و لێڵ دەبێت، ئیدی ئەمانە هەموو دەبنە مایەی پەشێوی و دروستكردنی نیگەرانی لە نێو دڵ و دەروونی مرۆڤدا، چ گەورە بێت، یان گچكە. لەم رووەوە هیوای هونەرمەند زیرەك و زرنگانە ئەو تیمەی «هونەرمەندانی وردیلە»ی بزواندووە، تا رووی گەشی ژیان بخوێننەوە، هیوایان لە نێو دڵدا ببووژێنێتەوە، هەر بەرهەمی ئەو رووە گەشەش دواتر و بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ، پیشانی دانیشتووانی گەڕەك بدرێت. هەردوو پلێتەكەی نەخشین بە بەرهەمی ئەو تیمە، لە دەرگای حەوشەی ماڵەكەیان قایم دەكرێن.
پێموایە هیوا بەم ئەزموونەی چەند ئامانجێكی هونەری و پەروەردەیی پێكاوە. زۆر گرنگە ئەو (7) منداڵە دواتر ببینن، كە بەرهەمی دەست و زادەی بیر و ئەندێشەی ئەوان، دەرگای حەوشەی ماڵەكەیان دەڕازێنێتەوە. ئەم كار و هەنگاوە، هۆش و هەستی منداڵەكان بەو ئاراستەیەدا دەبزوێنێ، كە بەڵێ شار و رواڵەتەكانی شارستانیەتی نێوی، زادەی رەنج و داهێنانی مرۆڤن. مرۆڤیش چ گەورە بێت، یان بچووك، دەتوانێ لە ئاستی بەرپرسایەتیدا بێت، كەسێكی سوودمەند و بەرهەمدار و ئەرێنی بێت.
خاڵێكی دیكەی گرنگ لەم پرۆژەیەدا، پیشانی دەدات كە هونەر بەشێكە لە ژیان، لە هەڵسوكەوت و وردەكاریی ژیانی رۆژانەی مرۆڤیشەوە نزیكە. بەرهەمی هونەری دەكرێ بە شایستەیی و رێزەوە، ماڵ، كۆڵان، شەقام، مەیدان، گەڕەك، رێ و بان، شار و گوند جوانتر بكات.