پەیکەرێک بۆ ھونەرمەند عوسمان ھەورامی دروست کرا.

پەیکەرێک بۆ ھونەرمەند عوسمان ھەورامی دروست کرا.
بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ھونەرمەندانی کوردستان و خەڵکی شاری سنە، ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر پەیکەری ھونەرمەند عوسمان ھەورامی لە شاری سنە بەرێوە ‌چوو.

پەیکەرەکە ‌لەلایەن ھادی زیائەدین، پەیکەرسازی بەناوبانگی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دروست کراوە، ھەروەھا لە ڕێوڕەسمەکە فیلمێک لەسەر ژیان و بەرھەمەکانی عوسمان ھەورامی، کە لە لایەن پەرویز ڕۆستەمییەوە دروست کرابوو، نمایش کرا، پاشانیش بە خوێندنەوەی چەند پارچە شیعر و ژەنینی پارچە مۆسیقای ھەورامی ڕێوڕەسمەمە دەوڵەمەند کرا.

بەشێکی دیکە لە ڕێوڕەسمەکە تەرخان کرا بە بڵاوکردنەوەی بەشێک لە کلیپی ناوچەی ھەورامان و عوسمان ھەورامی، کە لەلایەن کەیوان مەجیدییەوە دروست کراوە.

ھونەرمەند عوسمان حەمەئەمین ناسراو بە (عوسمان ھەورامی)، لەساڵی 1936 لە ‌گوندی کێمنەی ناوچەی ھەورامان لەدایک بووە و لە ‌سەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا دەستی بە گۆرانیگوتن کردووە، لەگەڵ زۆرینەی ھونەر‌مەندان بەشێوەزاری ھەورامی ‌و سۆرانی،‌ گۆرانیی شاد ‌و سیاچەمانەی گوتووە.

basnews
Top