غەزەل مستەفا: لە کۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەکان ئەگەر خانەوادە پشتگیری لە کچ نەکات بۆ کاری هونەری زەحمەتە بتوانێت سەرکەوێت
• ئافرەتانی رۆژهەڵات چۆن توانیویانە پەرە بە هونەری خۆیان بدەن لە كاتێكدا ئاستەنگ و گرفتیان بۆ درووست دەبێت لەلایەن كۆمەڵگای كوردی؟
- بە داخەوە لە کۆمەڵگای کوردی زۆ رئاستەنگ دێنە سەر رێگای هونەرمەند بەتایبەتی هونەرمەندی ئافرەت و زیاتریش هونەرمەندانی بواری گۆرانی وتن، بەڵام عەشق و هەستی تایبەت بە هونەر رێگەکە هەموار دەکات کە درێژە بە هونەرەکەی بدات، لەگەڵ ئەوەشدا دادپەروەر بوون لە بنەماڵەی هونەری و هونەردۆستی دەتوانێت زۆر یارمەتیدەر بێ بۆ درێژەدان بە کاری هونەری.
• جگە لە دابونەریتی كۆنی كۆمەڵگا چ گرفتێكی دیكەتان هەیە؟
-لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەپێی یا سا ودەستوری وڵات دەنگی ئافرەت بە شێوەی سۆڵۆ قەدەغەیە و ڕێگە پێدراو نییەوناتوانی کۆنسێرت بکەی و وەکو پێویست دەربکەوی وخوت بناسێنی.
• لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەیان گرووپی موسیقی هەن وەك كامكاران عەندەلیبەكان، لە شاری كرماشان گرووپ هەن، ئەمانە چ رۆڵێكیان هەبووە لە پێشخستنی هونەری كوردی؟
- ئەوەی بە ڕوونی دیارە ئەمانەی ئاماژەت پێکردن هەموویان ژەنیاری بەتوانا وگروپی مۆسیقای زور بەهێزن وبە پێشکەش کردنی پڕۆگرامی جۆراوجۆر لە ئیران و وڵاتانی دیکە هونەری کوردییان زیندوو ڕاگرتووە، لە ڕۆژهەڵات مۆسیقای کوردی زۆر پێشکەوتووە و بە هێزە و ژەنیاری بە توانای لێیە وبە هونەری خویان توانیویانە گەشە بە هونەری کوردی بدەن.
• رۆڵی ئافرەت لەو گرووپانەدا چییە؟
-ئافرەت لەو گروپانەدا توانای خۆیان پێشان داوە وکۆمێنت و پەیامیان ئەوە بووە کە ئافرەتیش دەتوانێت شان بە شانی پیاوان لە بواری هونەردا چالاک بێ ولە هەموو بوارەکانی هونەردا توانای خۆیان پێشان بدەن.
* ئافرەتی كورد لە چ پارچەیەك زیاتر توانیویەتی بوونی خۆی لە مەیدانی گۆرانی و مۆسیقادا بسەلمێنێت؟
-بە ڕای من ئافرەتی کورد لە باشور و لە دوای ئەویش لە باکور توانیویەتی بوونی خۆی بسەلمێنێت.
* باوکت چ ڕۆڵێکی هەبووە لە دەرکەوتنت لە بواری هونەری؟
- لە کۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەکان ئەگەر خانەوادە پشتگیری لە کچ نەکات بۆ کاری هونەری زەحمەتە بتوانێت سەرکەوێت، بەشێوەیەکی گشتی خانەوادەکەم زۆر یارمەتیدەرم بوون، بەڵام باوکم ڕۆڵی بەرچاوتر و پڕ ڕەنگتر بووە وهەردەم پشتیوانێکی زۆرباش بووە کە درێژە بە کاری هونەری بدەم ولە هەموو بوارێکدا پشتگیری کردووم هە روەها دایکی بەڕێزم و خوشکەکانیشم هەمیشە هاوکار و یارمەتیدەرم بوون کە پڕ بە دڵ سوپاسی هەموویان دەکەم.