كتێبێك لەسەر قەڵای شێروانە چاوه‌ڕێی چاپكردنه‌ .

كتێبێك لەسەر قەڵای شێروانە چاوه‌ڕێی چاپكردنه‌ .
نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس جیهاد مه‌ولوود ده‌لۆیی، به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌كێك له‌ كتێبخانه‌ گشتییه‌كانی سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیان‌، دوای 8 ساڵ، كۆتایی هێنا به‌ ئاماده‌كردنی كتێبێكی مێژوویی له‌سه‌ر قه‌ڵای شێروانه‌، جیهاد مه‌ولوود ده‌لۆیی راگه‌یاند: "ماوه‌ی 8 ساڵه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌یدانی ده‌گه‌ڕێم بۆ وه‌رگرتنی لێدوان له‌ كه‌سایه‌تییه‌ به‌ته‌مه‌‌نه‌كانی گه‌رمیان و كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ و سه‌رچاوه‌ی مێژوویم له‌سه‌ر قه‌ڵای شێروانه‌“.

گوتیشی: ”به‌پێی زۆربەی سه‌رچاوه‌کان قه‌ڵای شێروانه‌ له‌لایه‌ن محه‌مه‌د پاشای جافه‌وه‌ دروست كراوه، کە له‌ 1866 تا 1874ی زاینی بۆ ماوه‌ی 10ساڵ سه‌رقاڵی دروستكردنی قه‌ڵاكه‌ بووه‌“.

له‌باره‌ی گردی ژێر قه‌ڵاكه‌ش، ئاشكرای كرد: "گرده‌ شوێنه‌وارییه‌كه‌ش له‌ زه‌مه‌نی كیشییه‌كان دروست كراوه‌ و كیشییه‌كان پێش ساسانییه‌كان و ئه‌كه‌دییه‌كان به‌ سه‌دان ساڵ هاتوونه‌ته‌ گه‌رمیان و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تری كوردستان“.

له‌باره‌ی ناو و زمانی كتێبه‌كه‌ باسی له‌وه‌ كرد: "كتێبه‌كه‌ له‌ژێر ناونیشانی (ئه‌مه‌یه‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر قه‌ڵای شێروانه‌) به‌ زمانه‌كانی كوردی و عه‌ره‌بی نووسراوە و له‌ 423 لاپه‌ڕه‌ پێكهاتووه‌“.

ده‌لۆیی، هیوای خواست به‌رپرسانی ئیداره‌ی گه‌رمیان و ماڵباتی جاف و خه‌مخۆرانی بواری كولتوور و شوێنه‌وار و مێژوو هاوكاری بن له‌ به‌چاپگه‌یاندنی كتێبه‌کەی.

basnews
Top