دیبیكا هەرایەكی گەورەی ناوەتەوە.

دیبیكا هەرایەكی گەورەی ناوەتەوە.
وەك كاردانەوەیەك بۆ نمایشكردنی فیلمێك لە هۆڵەكانی سینەمای هیندستان بە ناوی (بادمافات) كە لە پاڵەوانیەتی دیبیكا بادكۆنە، ژمارەیەك لە هندۆسە توندڕەوەكان هێرشیان كردە سەر چەند ناوچەیەكی گشتی و كەلوپەلی تایبەت و هۆڵەكانی سینەما لە پێنج ویلایەتی هیندستان.
ئەم فیلمە باس لە چیرۆكێكی خۆشەویستیی نێوان شاژنێكی هندۆس و شازادەیەكی موسڵمان دەكات لە سەدەی چواردەیەم، ئەمەش بووە مایەی توڕەبوونی هندۆسەكانی سەر بە تیرەی راجبۆت و داوای قەدەغەكردنی نمایشكردنی فیلمەكەیان كرد و پێیانوایە هەستی كۆمەڵگهی هندۆسی بریندار دەكات و رێزیان لێ ناگرێت، بۆیە وەك كاردانەوەیەك بە چەقو و چەندین جۆرە چەكی دیكە هێرشیان كردە سەر ناوچەیەكی بازرگانی و ئاگریان لە شەقامەكاندا كردەوە و رێگا گشتییەكانیان داخست بەتایبەتی لە هەردوو ویلایەتی راجستان و بیهار.
بۆ رێگەگرتن لە كاری توندوتیژی زیاتر هێزە ئەمنییەكان چەند رێوشوێنێكی ئەمنی توندیان گرتەبەر لە ژمارەیەك لەو ویلایەتانەی كە حزبی بهاراتیا جاناتای توندڕەو تێیدا باڵادەستە لەوانەش ویلایەتەكانی هاریانا و جوجارات و بیهار و راجستان، دوای ئەوەی ژمارەیەك لە ئەندامانی رێكخراوی كارنی سینا كە رێكخراوێكی تیرەی راجبۆتە، هەرەشەی ئەنجامدانی كاری توندوتیژی زیاتریان كرد
هەر سەبارەت بەم كێشەوە خاوەنی ژمارەیەك لە خانەكانی نمایشی سینەمایی رایانگەیاند كە فیلمەكە نمایش ناكەن لە ترسی ئەو توندوتیژیانەی بە هۆیەوە روویاندا، بەڵام سەرەڕای ئەو هەرەشانەش نزیكەی (5000) خانەی سینەما لە چەندین ناوچەی جیاجیا هیندستان بەردەوامن لە نمایش كردنی فیلمەكە.
Top